بڕیارە لە سەرەتای مانگی 02- 2024 و لە شاری شاریقەی وڵاتی ئیمارات، یارییەکانی پاڵەوانێتی یارییە جۆراوجۆرەکانی یانەکانی وڵاتانی عەرەبی تایبەت بە کچان دەست پێبکات. دوای هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی تیمەکەیان لە پاش ئەوەی توانیان نازناوی پاڵەوانێتی کاراتێی کچانی یانەکانی ئێراق بەدەستبهێنن، یەکێتیی کاراتێی ئێراق تیمی کچانی کاراتێی یانەی وەرزشی پێشمەرگەی بە نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی وڵات، دەست نیشانکرد بۆ بەشداریان لەو ڕکابەرییە بەهێزانەدا. هەروەک دوایی دەستپێکی ئامادەکارییە بەردەوامەکان لەنێو هۆڵی کاراتێی یانەی پێشمەرگە کە بەسەرپەرشتی هەردوو ڕاهێنەر (ئەرسەلان مورادی و بەختیار ئەحمەد) بەڕێوە دەچێت. (#لەیلا محەمەد ئەمین# ) سەرۆک شاندی هەڵبژاردەی یارییەکانی ئێراق بۆ ئەو پاڵەوانێتییە سەردانی مەشقە ئامادەکارییەکانی تیمەکەی کرد و لەلایەن م. #شێرزاد محەمەد حەسەن# سکرتێری یانەی پێشمەرگە، هاوکات سەرۆک شاندی تیمی کاراتێی یانەی پیێشمەرگە و م. ئیبراهیم قاسم سەرپەرشتیاری بەشی کاراتێی یانەی پێشمەرگە و دەستەی ڕاهێنەران پێشوازی کرا.
لە و سەردانەی دا لەیلا محەمەد، ئاماژەی بەوەدا کە ئامادەکارییەکان بە شێوەیەکی زۆر چڕ دەست پێدەکەن و دەیانەوێت، ناو و ناوبانگی یاریزانانی یانەکانی کوردستان بە تایبەت، یانەی وەرزشی پێشمەرگە کە هەمیشە لە لوتکەی سەرکەوتنەکان بوون و بەشداریان لە چەندان پاڵەوانێتی دەرەکی کردووە، لە پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبی درەوشاوەتر بکەن.
هەروەک وتیشی کەمپە ئامادەکارییەکان لە شاری #سلێمانی# و لە ڕێکەوتی #14-01-2024# بۆ ماوەی 15 ڕۆژ دەست پێدەکەین و ئامادەکاری پێویست دەکەین، تا لەنێو وڵاتان یاریزانانی کوردستان بە نوێنەرایەتی ئێراق سەرکەوتنەکان بەدەست بهێنن و جام و میدالیاکان لەسەر ئاستی تیم و تاک مسۆگەر بکرێن.
پاشان ئەرسەلان مورادی ڕاهێنەری گشتی تیمی کاراتێی یانەی پێشمەرگە باسێکی لە ئەنجام و دەستکەوتەکانی تیمی کچانی یانەکەیان کردوو، وتی: (تەنیا یانە کە لە پاڵەوانێتی کاراتێی وڵاتانی عەرەبی ئەنجامی بەدەست هێنابێت کوڕانی پێشمەرگەیە و بە هیواشین بتوانین ئەو نازناوە بۆ کچان دووبارە بکەینەوە) .
مورادی وتیشی: تیمەکەمان بە پێکهاتەیەکی بەهێز ئامادە کردووە و جگەلە کیژە یاریزانانی پێشمەرگە دوو یاریزانی#یانەی وەرزشی چەمچەماڵ# پێکهاتەکەمان توندوو تۆڵو بەهێزتر دەکەن.
لە کۆتایش لەیلا محەمەد ئەمین جەختی کردەوە کە ئامادەکارییەکان بەردەوام دەبێت سەرجەم پێداویستییەکان لەلایەن وەزارەتی وەرزش و لاوانی ئێراق و لیژنەی ئۆڵۆمپی دابینکراوە بۆ ئەنجام دان و بەڕێوەچوونی کەمپ و مەشقە ئامادەکارییەکان .
جێگەی باسە بڕیارە یارییەکانی ئەو پاڵەوانێتیانە لە ڕێکەوتی #02-02-2024# دەست پێبکات لە ڕێکەوتی 12-02 کۆتایی پێدێت.
[1]