پاش دیاری کردنی بۆ ڕیزی هەڵبژاردەی لاوانی ئێراق، #بڕیار عەدنان# یاریزانی تیمی لاوانی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# بە مەبەستی ئەنجام دانی کەمپێکی مەشقی ئامادەکاری بۆ بەشداری لە پاڵەوانێتییەکانی داهاتوودا، هاوشاند لەگەڵ هەڵبژاردەی لاوانی ئێراق لە شاری ئەنتاڵیای وڵاتی تورکیا بەشدارە لەو کەمپە ئامادەکارییەی هەڵبژاردەکە ڕێکی خستووە.
کەمپی هەڵبژاردەکەی ئێراق ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی #21-01-2024# و لەسەر یاریگەی کۆمەڵگەی وەرزشی (میرهان) لە شاری ئەنتاڵیا دەستی پێ کردوو تێیدا 27 یاریزان لەنێو ئەو کەمپە بەشدارن، سەبارەت بە بەشداری یاریزانەکەی یانەی پێشمەرگە لە کەمپی ئامادەکاری هەڵبژاردەی لاوانی ئێراقدا و بانگێشت کردنی بۆ ڕیزی هەڵبژاردەی ناوبراو، #وسام محەمەد بازگ# سەرپەرشتیاری گشتی تیمەکانی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە بۆ پێشمەرگە سپۆرت ڕونکردنەوەی زیاتری دا و وتی، تیمەکەمان لە خولی لاوانی پلە یەکی یانەکانی ئێراق ئاستێکی ناوازەی هەبوو بەو پێگەیەکی کە لە خولەکەدا توانیمان 16 یاری زۆر بەهێز و پڕ ڕکابەری ئەنجام بدەین و خۆشبەختانەش بە ئاستی بەرزی یاریزانەکانی خۆمان و سەرکەوتنە بەردەوامەکانمان گەیشتینە خولی پیشەگەران و بە پلەی دووەمی ئێراق و جامی دووەمی توانیمان ئەنجامێکی دڵخۆشکەر و کاریگەر بەدەست بهێنین.
وسام ئاماژەی بەوەشکرد کە لە یاری کۆتاییاندا، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی ئێراق ئامادە بووە و بەهۆی ئاست بەرزی یاریزانەکانیان، سێ یاریزانی بۆ ڕیزی هەڵبژاردەی لاوانی ئێراق ڕاستەوخۆ بانگێشت کردووە بەڵام بەهۆی پێکان و باری تەندرووستیان دوو لەو یاریزانانەیان کە بریتی بوون لە (ئەیهاب ئیبراهیم و ڕابەر جەمال) نەیان توانی بەردەوام بن و هەر بۆیە داوای وەرگرتنی پشوویان لە ڕاهێنەرانی هەڵبژاردەکە کرد، وسام وتیشی یاریزان (بڕیار عەدنان) لە تیمەکەمان بەردەوامی دا بەیەکە مەشقییەکان و خۆشبەختانەش لە ئێستادا 2024 لە ڕیزی هەڵبژاردەی ئێراق دایە و بەردەوامە لە مەشق و ئامادەکاری و هەروەک هاوشاندی هەڵبژاردەکەشە لە وڵاتی تورکیا بۆ بەشداری لە کەمپە ئامادەکارییەکان.
دواجار وسام وتی هیوای زۆرم هەڵچنیوە لەسەر یاریزانانی لاوان و تازەپێگەیشتووانی یانەکەمان و پێکهاتەی تیمەکانمان چاوەڕوانی دواڕۆژی گەشیان لێدەکرێت. ئێمەش وەک یانە پاڵپشتیان دەکەین بۆ گەیشتنیان بە ڕیزی هەڵبژاردەکانی تازەپێگەیشتووان و لاوانی ئێراق .
جێگەی باسە بڕیارە لە درێژەی ئەو کەمپەی دا هەڵبژاردەی لاوانی ئێراق سێ یاری دۆستانە ئەنجام بدات لە بەرانبەر هەریەک لە هەڵبژاردەی لاوانی ئوردون لە ڕێکەوتی 24-01-2024 و وە یاری دووەمی ڕووبەڕووبوونەوەی دەبێت لە بەرانبەر یانەی شاختار دونستکی ئۆکرانی لە ڕێکەوتی 27-01-2024 و هەڵبژاردەی قرغیستان -یش دوا یاری و کۆتا ئامادەکاری هەڵبژاردەکە دەبێت لە ڕێکەوتی #01-02-2024# و بە ئەنجام دانی ئەو یاریانەش کۆتایی بە کەمپە ئامادەکارییەکەی هەڵبژاردەی ئێراق لە وڵاتی تورکیا دێت.
[1]