#هێمن موکریانی# لە یادی #پێشەوا قازی محەمەد# دا
#28-03-2024#
وەختێکی باسی پێشەوام لێ دەپرسی وەختە گریانم بێ. ئەگەر قسەکانم باشیش نەبێ، دەبێ لێم ببوورن. من پێشەوام خۆشەدەویست، ئێستاش خۆشمدەوێ، ئەما دەکرێ نەختێک ڕەخنەشی لێ بگرم.
لە پێشەکیی #تاریک و ڕوون#دا نوقاتی زەعفی پێشەوام نووسیبوو، بەڵام داخەکەم ڕەقابەی بنکەی پێشەوا فڕەییان دا، بۆچیشیان فڕێ دا؟ لە بەر ئەوەی نا، پێیان وا بوو نەقدەکەم بەجێ نییە. ... با لەتیفتر باسی پێشەوا بکەین: من پێم وا بوو زۆر لەوە زیاتر بوو بۆ پێشەوای میللەتێکی دواکەوتووی وەک کوردی ئەو سەردەمە {ببێ}. هیندە فاسیلەی هەبوو لەگەڵ میللەتەکەی، هیندە پێشکەوتووتر بوو لە خەڵکەکە، بۆ پێشەوای ئەو میللەتە نەدەبوو. ئەو واقیعەن ئینسان بوو. ئینسانی خۆش دەویست. ... بەڵی زۆر ناسکتر بوو، زۆر شاعیرتر بوو، زۆر ئینسانتر بوو لە پێشەوای میللەتێک.
.... چاکم لە بیرە کەسێک بە ناوی غەفووری مەحموودی هەبوو، عوزوی حیزب بوو. هەتا مەسئوول بوو لە حیزبدا، نەک مەسئوولی ناوەندی ئەما لە کادرە سەرەکییەکانی حیزب بوو. دوایی، ئەوە ئاشکرا بوو کە جاسووسی ئێران و ئینگلیزیش بوو. پێشەوا تفی لێ کرد، ئەوە بوو مووچەی لێ بڕێ. بەڵام گەنجەکانی حیزب لە کۆڵی نەبوونەوە. تۆڵەیان لێ ئەستاندەوە و کوشتیان.
لە بیرمە من و هەژار چووینە لای خەبەرەکەمان پێ دا: فڵانکەس کوژرا. خودا دەیزانێ جنێوی دا. کوتی: مەلعوونینە ئێوە کوشتووتانە. ئاگای لێ نەبوو کە ئەو قەتڵە سیاسییە کراوە. کوتمان ئێمە شاعیرین. من و هەژار هەردووکمان پێ دەکەنیین. چونکە بە ڕاستی پێمان خۆش بوو کە خائینێک کوژراوە، ئەما ئەو ناڕەحەت بوو. زۆر چاکم لە بیرە دەیکوت: ئاخر نازانن ئەوە بابی هەیە، دایکی هەیە، منداڵی هەیە، دەکرا چاکی کەین، دەکرا تەربییەتی بدەین.
ئەو کابرایە برایەکی نوقستانی هەبوو، قاچی شەل بوو، بە گۆچان دەڕۆیشت. کاتێک پێشەوا ئیعدام کرا، چوو بەو گۆچانەی کە پێی دەڕۆیشت لە قاچی پێشەوای دا، دیارە نەیوێرا دوای ئەوە لە #مەهاباد# بژی، نازانم چیی لێهات. کە وا بوو ئەو کابرایە ڕقی لە پێشەوا هەڵگرتبوو، لەگەڵ وەی پێشەوا ئاگای لە کوشتنی برای وی نەبوو، ئەما ئەو لە لێقەوماندا ئەوەی کرد. ئەوە یەکێک بوو لەوانەی پێشەوا ڕابەرایەتیی دەکردن.
کاکە ڕۆژی دووی ڕێبەندان....من لە پەنای پێشەوا دانیشتبووم. ... من شاعیرێکی ڕووت بووم، ئەو لە پەنای خۆی داینام. ئەو دەیویست کە وەختێکی جەمهووری ئیعلان دەکرا هەر من و هەژاری لە پەنا خۆی دانابا. کاکە باوەڕ بکە ئەو ڕۆژە ئەوەندە گریاوم کە قەت لە عومری خۆمدا ئەوەندە نەگریاوم.... پێشەوا گاڵتەی پێ دەکردم... دەیگوت: بابە بۆ دەگری؟ دەنا ڕۆژ لەو ڕۆژەی خۆشتر دەبێ؟
بزانە پاش ئەو ڕۆژە خۆشە، من ڕووخانەکەم دیت. ... نازانم بۆ نەمردم. ئەگەر پێیان کوتم پێشەوا ئیعدام کراوە بۆ دڵم نەتۆقی؟ ئەگەر بیستم دوژمن هاتەوە وڵاتەکەیان داگیر کردینەوە، ئەوانە هەموو تەئسیری زۆر گەورەیان کردە سەر شاعیریی من...
هێمن
گفتوگۆ لەگەڵ #ڕەفیق سابیر# و #کەمال میراودەلی#.
1978/ #بەغدا#. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=