پڕۆفیسۆر شاکرۆ لە ساڵی 1930 لە ناوچەی ئەلەگەز لە ئەرمەنستان لەخێزانێکی کوردی ئێزیدی لە عەشیرەتی سپکی لەدایکبووە.
لە ساڵی 1952 لە زانکۆی یەریڤان لە بەشی مێژوو دەرچووە، وەپاشان دەبێت بە مامۆستای مێژوو. لە ساڵانی (1955 -1960) وەک جێگری سەرنووسەری ڕۆژنامەی ڕێیا تازە کاردەکات، کە ڕۆژنامەیەکی بەناوبانگی کوردییە و لە ساڵانی سییەکانەوە لە یەریڤان دەردەچێت. پاشان لە بەشی کوردی لە ئینستتیوتی ڕۆژهەڵاتناسی لە یەریڤان دەستی بەکار کردووە.
پڕۆفیسۆر شاکرۆ خاوەنی دوو بڕوانامەی دکتۆرا بوو کە هەردووکی لەسەرشۆڕشی گەلی کورد بووەلە باشووری کوردستان.
لە ساڵانی (1981-1994) لێپرسراوی بەشی کوردی بوو لە ئینستتیوتی ڕۆژهەڵاتناسی لە یەریڤان. لە ساڵی 1985 دا بوو بەپڕۆفیسۆر و لە ساڵی 1996 دا پلەی ئەکادیمی زانستی ئەرمەنی پێ بەخشرا کە بەرزترین پلەی زانستییە لە ئەرمەنستان.
لە ساڵی 1994 دا پڕۆفیسۆر شاکرۆ لەگەڵ کۆمەڵێک ڕۆشنبیری کورددا ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردییان لە مۆسکۆ دامەزراند، ەئەویان بەلێپرسراوی ناوەندەکە دەستنیشانکرد.
پڕۆفیسۆر شاکرۆ زیاتر لە 20 پەرتووک و نامیلکەی جۆراوجۆری بەچاپ گەیاندووە.
پڕۆفیسۆر شاکرۆ خەڵاتی زێڕینی پیرەمێردی ساڵی 2004ی لە ڕێوڕەسمێکدا لە شاری #سلێمانی# پێشکەش کرا.
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕێککەوتی 01-02- 2007 پڕۆفیسۆری گەورەی کورد شاکرۆ خدۆ محۆ لە نەخۆشخانەیەکی شاری مۆسکۆ کۆچی دواییکرد.[1]