شوکری فەزڵی کوڕی مەحموود ئاغای کوڕی ئەحمەد ئاغایە کە لە #سلێمانی# ژیاوە، بە ڕەچەڵەک خەڵکی شاری #سنە#یە. ساڵی 1882 لە گەڕەکی (فەزڵ) ی شاری بەغدا لەدایکێکی عەرەب لەدایک بووە، لە تەمەنی منداڵیدا سەید ساڵحی خاڵی کە کارمەندێکی گەورەی دەوڵەتی عوسمانی بووە هێناوێتییە سلێمانی و لەوێ خراوەتە بەر خوێندن. شوکری فەزڵی نزیکەی 30ساڵ لە سلێمانی ماوەتەوە و ئاشنایەتییەکی زۆری لەگەڵ شاعیران و ڕووناکبیرانی ئەو سەردەمەدا پەیدا کردووە. لە قۆناغی خوێندندا هاوپۆلی شێخ مەحمودی حەفید بووە. ساڵی 1922 بە فەرمانی بەڕێوەبەری گشتی مەعاریف، شوکری فەزڵی لەگەڵ تۆفیق وەهبی و دوو کەسی تردا ئەرکی تەرجەمە کردنی پەرتووکی قوتابخانەکانیان پێ سپێردراوە کە لە عەرەبییەوە بیکەن بە کوردی. لە ژیانی فەرمانبەریدا گەلێ پۆستی پێسپێردراوە. شوکری فەزڵی بە کوردی و تورکی و عەرەبی و فارسی هەڵبەستی نووسیوە. لەرۆژنامەو گۆڤارە عەرەبییەکاندا بەردەوام وتار و نووسینی بڵاوکردووەتەوە، لە ڕۆژنامەی (تێگەیشتنی ڕاستی) دا کە مێجەرسۆن لە بەغدا دەری کردووە، شوکری فەزڵی ڕۆڵێکی گەورەی بینیوە. ئەم شاعیرە گەورەیە بە یەکێک لە ڕووناکبیرە هەرە بوێر و چاونەترسەکانی سەردەمی خۆی دائەنرێ. باشترین بەڵگەش هەڵبەستە بەناوبانگەکەیەتی کە ساڵی 1923 پێشکەشی شێخ مەحمودی کردووە، شەڕە هەڵبەستەکانیشی لەگەڵ شێخ ڕەزای تاڵەبانیدا کەلێنێکی گەورەی پڕکردووەتەوە. لە 01-06-1926 دا لە بەغدا کۆچی دوایی کرد.
بەشێک لە هەڵبەستێکی بەناوبانگی شوکری فەزڵی:
ئیش کە ڕووی ئێستە لە هەورازە سەرەولێژی نەکەی
فکری وردیشی ئەوێ، هەر بە دووعا و نوێژی نەکەی
گێرەشێوێنێ کە کای کۆنی بە با دا لە کنت
چاکە هەر لێی خوڕی، سەیری دەم و کاوێژی نەکەی
سەرەتای ئیش هەموو یەک بوونە، ئەویش نابێ هەتا
هەر برینێ کە لە دڵدا هەیە ساڕێژی نەکەی
حەیفە چاوێ کە جەفا کۆڵەوەژی تێدەشکان
تۆ بە کلچێوکی وەفا عەینی گەلاوێژی نەکەی
قەومی بێ سەر نییە ئەمڕۆ لە هەموو عالەمدا
دەتەوێت تاجی سەری بی، بە هەوا گێژی نەکەی
شا، وەکوو شایەکی شەترەنجە لە عالەم ئەمڕۆ
گەورە قانوونە، قسەی کوورت ئەمەیە، درێژی نەکەی
[1]