مامۆستا جەمال عەبدول محەمەد ئەمین
بەرەبەیانی 18/10/1940، لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری #سلێمانی# لەدایکبووە، تاقانەی شەش خۆشکە.
لە تەمەنی پێنج ساڵیدا، لە حوجرەی شێخ محێدینی قازانقایە و دوو ساڵی دواتر لە قوتابخانەی ئەییوبییە دەستی بە خوێندن کردووە.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2009/2695/0003.JPG=KTML_Photo_Alt=جەمال عەبدول=KTML_Style=width:30%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2009/2695/0003.JPG=KTML_Photo_End=
ساڵی 1957 ئامادەیی و ساڵی خوێندنی 1962- 1963، بەشی کیمیای کۆلێژی پەروەردەی زانستگای بەغدای تەواوکردووە،
ڕۆژی 12/1/1964، بە مامۆستای ناوەندی شۆڕشی سلێمانی دامەزراوە، .
ساڵی 1967، بە یاریدەدەری بەڕێوەبەری ناوەندیی ناوبراو دانراوە.
لە ژیانی وەزیفەکەیدا، چەند پلەیەکی هەبووە، وەک:
یاریدەدەری بەڕێوەبەری ئامادەیی سلێمانی کوڕان، ساڵی 1969.
یاریدەدەری بەڕێوەبەری ناوەندیی کاوە، ساڵی 1970.
سەرپەرشتی پەروەردەیی، ساڵی 1971.
جێگری موتەسەڕیفی سلێمانی (سیروان جاف)،
ساڵی 1968، داوای لێکراوە، پۆستی یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی وەربگرێت، مامۆستای تری لە خۆی بە شیاوتر زانیوە و نەیکردووە، وتوویەتی (من چوار ساڵ خزمەتم هەیە، چۆن ئەبێت بیکەم؟ مامۆستای من هەیە، هێشتا مامۆستایە؟!)
بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی (سامی حسێن نازم)، ساڵی 1973، بە یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی، بۆ کاروباری نەخشەدانان دایناوە،
م.جەمال دەورەیەکی شەش مانگیشی دیوە، پاشان بە هۆی تێکچوونەوەی بارودۆخی سیاسی، جێبەجێ نەکراوە. ئیتر ئەویش لەگەڵ هەموو ئەو خەڵکەدا، کە شار و سایەی شوومی ڕژێمی فاشستیان بەجێهێشتووە، 11/3/1974، چووەتە پاڵ شۆڕش،
لە ئامادەیی #پێنجوێن#ی کوڕان، وانەی وتووەتەوە، چونکە پۆلی شەشەکەیان مامۆستای کیمیای نەبووە.
دوای دامەزراندنەوەی دامودەزگاکانی پەروەردەی ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان، بە یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی و #کەرکووک# دانراوە، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، ناچار لەگەڵ ئەو خەڵکەدا گەڕاوەتەوە شار،
لە ساڵی 1975ەوە، تا ڕاپەڕینی بەهاری 1991، لەسەر داوای خۆی، مامۆستای ئامادەیی ڕۆشنبیر بووە.
م.جەمال جگە لە پیشەی مامۆستایی، خەباتی سیاسیشی کردووە، سەرەتای ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابوردوو، پەیوەندیی بە ڕێکخستنی (پ.د.ک.)ەوە کردووە، دوای تەواوکردنی خوێندن، لێپرسراوی لقی سلێمانیی و لێژنەی شاری کوڕان، لێژنەی باڵای کچانی یەکێتیی قوتابییانی کوردستان و ئەندامی سکرتارییەتی یەکێتیی لاوانی کوردستانیش بووە، پاش بەشداریکردنی لە دووەم کۆنگرەی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە 10/2/1965دا، بۆ مەکتەبی سکرتارییەتی یەکێتیی ناوبراو هەڵبژێردراوە.
کادیرێکی کارای ڕێکخستنەکانی (پ.د.ک.) بووە، بەتایبەتی لە بواری چاپەمەنی و ڕاگەیاندندا. لەگەڵ ڕەوانشادان (#نەوشیروان مستەفا#، مەحموود مەلا عیزەت و ڕەفعەت مەلا عەبدولڕەحمان)دا، کارگێڕی لق بوون. دوای دامەزراندنی (ی.ن.ک.) پەیوەندیی لەگەڵ ڕێکخستنەکانیدا هەبووە و ڕژێمی بەعس، 14/5/1985 دەستگیری کردووە و دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر، 21/1/1986 ئازادکراوە.
لە کاتی دامەزراندنی یەکەم کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، داوای لێکراوە پۆستی وەزیری پەروەردە وەربگرێت، بە هۆی ئەوەی وەزارەتەکە بەر (پ.د.ک.) کەوتووە، پۆستەکەی بۆ نەسازاوە.
نزیکەی ساڵ و نیوێک، یەکەم پارێزگاری دوای ڕاپەڕینی شاری سلێمانی بووە (5/9/1992- 5/3/1994).
نزیکەی پێنج ساڵیش، وەزیری ڕۆشنبیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە (25/7/1994- 21/8/1999). هەر لەو کاتەشدا، سەرپەرشتی دووبارەکردنەوەی تاقیکردنەوەی گشتیی- بەکالۆری سێی ناوەندی و شەشی ئامادەیی پێ سپێردراوە.
م.جەمال، لە 6/1/2001ەوە، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێم و سکرتێری گشتیی (ی.ن.ک.) بووە، بۆ کاروباری پەروەردە، خوێندنی باڵا و ڕووناکبیریی.
لە 27/7/2007ەوە، ئەندامی کارای (ئەکادیمیای کوردی)یە لە شاری #هەولێر#، سەرۆکی لێژنەی زاراوە و ئەندامی لێژنەی فەرهەنگی ئەکادیمیای ناوبراوە.
لە چەندین کۆڕ و سیمیناردا بەشداریی کردووە، دەیان بابەتی زانستی، نووسین و ڕەخنەی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوکردووەتەوە، لە بواری هەردوو زانستی کیمیا و زاراوەسازیدا، هەوڵێکی بێوچانی داوە، بەپێی ئەو بیبلیۆگرافیایەی بۆی ئامادەکراوە، جگەلەوەی چەند کتێبێکی بۆ چاپ ئامادەن، لە نێوان ساڵانی 1979- 2018شدا، دەیان بەرهەمی چاپکراوە:
26 کتێبی بە تەنها نووسیوە.
یەک کتێبی بە هاوبەشی نووسیوە.
19 کتێبی بە تەنها وەرگێڕاوە.
19 کتێبی بە هاوبەشی وەرگێڕاوە.
بیبلیۆگرافیای ناوبراو، سەعات پێنجی ڕۆژی پێنجشەممە (4/7/2019) لە هۆڵی (تەوار)ی شاری سلێمانی، بڵاوکرایەوە و پێشکەشی ئامادەبوان کرا.
م.جەمال دانیشتووی شاری سلێمانییە و کەسێکی زۆر کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیرێکی ماندوویی نەناسە و پەیوەندیی فراوانی لەگەڵ زۆربەی چین و توێژەکاندا هەیە، ڕۆژانە سەردانی زۆربەی پرسەکانی شاری سلێمانی دەکات.
بوار نوورەدین [1]