مێژوویەکی پڕئازار و میللەتێکی مەزڵوم و هەندێک بەناوسیاسی خۆپەرست و هەلپەرست، نەتەوە و نیشتمانێکی بێ ناز بەدەست فەریکە سیاسەتمەداری گەندەڵ و بازرگانی تاڵانچی.
ئەمڕۆ (04-03-2022) بیست و هەشت ساڵ بە سەر شەهید بوونی باوکم (محەمەد کوێخا قادر ئاوەکەڵە) دا تێدەپەڕێت، گەلی کوردستان هێندەی گیرۆدەی دەستی ناکۆکی نێوخۆی و عەقلیەتی لاوازی سیاسی و بیری تەسکی حیزبی و پەنابردن بۆ ناشیریترین ڕەوشتی مرۆڤانە بەرانبەر یەکترە هەر هێندەش گیرۆدەی دەستی دوژمن و داگیرکەرانە.
گەلی کوردستان ناوی شەڕی نێوخۆی نابوو شەڕی براکوژی بەڕاستی ئەو ناوە شایستەی ئەو قوناغە ناخۆشە بوو. باوکم لە کاتی بەرگری لە بارەگای مەکتەب عەسکەری لقی چوار بەبرینداری دەستگیر دەکرێت و دەبرێت بۆ مەڵبەندی یەکی سلێمانی یەکێتی شەوێک بەدیلی لەوێ مایەوە و ڕوژی دواتر بەبرینداری لە نزیک بەکرەجۆ بە ڕوشتێکی زۆر نامرۆڤانە شەهیدیان کرد.
ئەو کەسانەی هێرشیانە کرد سەر ئەو بارەگایەی باوکمی لێی بەرپرس بوو دەیان جار لە کاتی شۆڕشدا لەماڵمان خزمەت بە خۆیان و ماڵومنداڵیان کرابوو وە کاری وایان بۆ کرابوو کە حوکمی لە سێدارەی لەسەر بوو. چەندە ئەستمە تێگەیشتن و لێکدانەوە لەم بارودۆخە بۆ دەبێت ئەوەی خزمەتی کردویت و سوتەمەنی هەڵگیرسان و بەردەوامی شۆڕشی ڕزگاریخوازی بوە دەبێت بەو جۆرە بەسەر بێنن؟! چەند ساڵێک پاش ئەو ڕووداوە لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵی سەرکردەکانی حیزب باسم کرد پێمگوت بۆ واتان کرد؟ لە سەرکردەیەکی یەکێتیم پرسی کە لەوێ و لە مەڵبەندی یەکێتی بو بۆ هیچت بۆ باوکم نەکرد؟ سەرەتا بێ ئاگای خۆی پیشاندا، بەڵام کاتێک وردەکاریم پێم وت کەوتە قسە و زۆر شتی درکاند، کە لێکدانەوەی ئەستەمە بۆ مرۆڤی خاوەن ویژدان، کەسێک تەمەنی خۆی بۆ خزمەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و خەبات کردبێت و سوودی بۆ گشت لایەک هەبوبێت و لە کاتی پێویست و کاردا مرۆڤ و کورد بوون پێوەری بوبێت بۆ دەبێت لەبەر ناکۆکی سیاسی و ڕق و کینە و سەلماندنی خودی و دەستەڵات بە دڕاندانەترین ڕەفتار کەسێک کە زۆر لەوان زیاتر خزمەتی بە میللەت و نیشتمان کردووە و باوکی بیست منداڵ شەهید بکات!.
شەڕی نەگریس و بەدبەختی و پڕ نەهامەتی ناوخۆ ژیانێکی پڕ خەم و مەینەتی بۆ خێزان و منداڵی شەهیدان جێهێشت و تاکوو ئەم ساتە وەختە حکومەت و حیزبەکان نەیانتوانیوە ئاشتەوایی نیشتمانی بێنە ئارا بۆ ساڕێژ کردنی ئەو ئازارە بێ کۆتاییە. شەڕی ناوخۆ زیانێکی زۆری کۆمەڵایەتی، سیاسی و حکومڕانی و ئابووری لەپاش خۆی جێهێشت کە تاکوو ئێستاش میللەت و حکومەت بەدەستیەوە دەناڵێنێت. حکومەتی هەرێم و حیزبە سیاسییەکان پێویستە لە هەموو دانیشتن و دانووستانێکدا ئەو قۆناغەیان لەبیر بێت بەڵام بە داخەوە بەشێک لە بڕیار بەدەستدانی حیزبەکان ڕەوشتی خودپەرستی و دەستکەوتی تایبەت لەسەرووی هەموو پیرۆزیەکانی نیشتمانەوە دەبینن و قوربانی میللەتیان لا زۆر بێ بەهایە، بەڕاستی جێگای داخە.. میللەت و ئەو کەسانەی قوربانی ڕاستەوخۆی شەڕی نێۆخۆین نرخی ئاشتی و ئارامی دەزانن، ئەوانەی بێ نازی خۆشەویسترین مرۆڤی ژیانی منداڵی گەورەبوون دەزانن گەیشتن بە ئامانج بە قوربانی ئازیزان دێتە بەرهەم، میللەتیش دەزانێت یەکڕیزی و یەکدەنگی داگیرکەران دوردەخاتەوە و دەتواندرێت ئاساییش و باشترین خزمەت بە خاک و گەل بکات.
لەگەڵ هەموو ئەو بیرەوەرییە تاڵ و هەست بێ نازی و ساتە ناخۆشانەدا، هەرگیز هەستی تۆڵەسەندنەوەم لای درووست نەبووە، هۆکارەکەشی بۆ تێگەیشتم لە نرخی بێ نازی، نەبوونی ئارامی و ئاشتی دەگەڕێتەوە کە چەندە سەختە. لای من هیچ شتێک لە نیشتمان پیرۆزتر نییە. لە دڵسۆزانی میللەتم خۆشەویستر نییە. بۆئەوەی نیشتمانم وێران نەبێت، ئەوەی لەسەر خاکی نیشتمان دەژیت بە هەموو جیاوازییەکەوە هیوای خۆشبەختی و خۆشگوزەرانی بۆ دەخوازم بەوانەشەوە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لولەی تفەنگەکانمان بەرانبەری یەکدی گرتبوو. نەفرەت لە شەڕی براکوژی و دڵڕەق و خیانەتکاران و ناکۆکی ناوخۆی. هەزار سڵاو بۆ گیانی شەهیدانی ڕێگای سەربەستیی، ئازادی، پاراستنی ئاشتی و ئەم ئەزموونە.
Janghis Awakalay
جانگیز محەمەد کیخوا قادر ئاوەکەڵەیی هەمەوەندی
[1]