- پرۆسەی دەنگدان لە سەرتاسەری عیراق بەڕێوە چوو، سەرەڕای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە هەرێمی کوردستانیش هەڵبژاردنی پارێزگاکان بەڕێوەچوو.
- بەهۆی دروستبوونی ئاڵۆزی و پشێوی و تەقەوە، پرۆسەی دەنگدان لە بنکەیەکی ناحیەی عەربەت بۆ ماوەیەک ڕاگیرا.
- لە ناحیەی حاجیاوای سەربە قەزای ڕانیە لە یەکێک لە ناوەندەکانی دەنگدان بەناوی خوێندنگەی (سەردەم)، بەهۆی تەقەکردن و شەڕ و ئاژاوە کەسێک بریندار دەکرێت.
- لە میانەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دەنگدان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران لە پارێزگای نەینەوا، لە دوو ڕووداودا کەسێک کوژرا و دوو کەسی دیکە برینداربوون.
- لە شاری کەلار، لە ناوەندی قوتابخانەی شەهید بورهانی حەمەی مینا لە گەڕەکی کەلاری کۆن بەهۆی کێشەیەکەوە لە نێوان کارمەندانی کۆمسیۆن و کارمەندانی پۆلیس، بۆ ماوەی زیاتر لە 10 دەقیقە بنکەکە داخرا.
- لەناو شاری کەرکووکدا پڕۆسەی دەنگدان لە دۆخێکی ئەمنی توندوتۆڵدا بەڕێوە دەچێت و لە دەرەوەی شاری کەرکووکیش زیاتر لە 20 بۆمب تەقینەوە و بەهۆیەوە سێ کەس گیانی لە دەستداوه و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
- لە بنکەیەکی دەنگدانی ناحیەی خەلەکان، شەڕو دەمەقاڵە لە نێوان پۆلیسی پاسەوانی بنکەیەکی دەنگدان و چەند لایەنێکی سیاسی دروستبوو.
- لە نێوان لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبەردەم ئامادەیی فیدرالی کچان لەناوەندی قەزای چۆمان شەڕ دروست دەبێت.
- هەریەک لەپارتی و یەکێتی بازگەکانی هەولێر و کۆیە بەروی یەکدا دادەخەن و ڕێگە بەهاوڵاتیانی ئه و ناوچانە نادەن بەمەبەستی دەنگدان بپەڕنەوە.
- بەهۆی ئاشکرابوونی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن، لە قەزای ڕانیەی سەر بە شاری سلێمانی تەقەیەکی زۆر دەکرێت و قایمقامی قەزاکەش داواکارە تەقە نەکرێت.
- لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی دیاریکراودا 22 تەقینەوەی یەک لە دوای یەک لە شارۆچکەی دووزخورماتوودا ڕوویان دا و بەڕێوەبەری ئاسایشی شارۆچکەکەش ڕای دەگەیەنێت، دوای دەستگیرکردنی پاسەوانەکانی وەزیرێکی عێراقی تەقینەوەکان کۆتاییان هات.