کۆبانی یان کۆبانێ (بە عەرەبی دەوڵەتی: عین العرب (کانی عەرەبان) باژێرێکی کوردنشینە لە ڕۆژاوای کوردستان لە دیوی چەپی ئاوی فورات، لەسەر تخووبی نێوان سووریا-تورکیا، هاوسێی شار ودەشتی فرەوانی (سرووج) ی ئورفایە.
لە ڕووی ئیداریەوە شارەدێکە سەر بە پارێزگای حەلەبە و سەد و پەنجا کیلۆمەتر لێی دوورە. گوزەرانی زۆرینەی خەڵکی کۆبانێ لەسەر چاندن و کشتکاریە. دانیشتووانی کۆبانێ و گوندەکانی سەرجەمیان کوردن. کەمینەیەکی عەرەبیش هەن. پێشتر چەند ماڵە ئەرمەنی لێ بوو کە دواتر بەرەو حەلەب و ئەرمەنستان کۆچان. پێکهاتەی کوردان پێکهاتەیەکی عەشایەری وەرزێریە بریتییە لە دوو هۆزی گەورە: بەرازی و کێتکان کە بۆ چەندان هۆز و تیرەی بچووکتر دابەش دەبن.
ناوی کۆبانی بە بۆچوونی خەڵکەکەی لە وشەی کۆمپانی یەوە هاتووە چونکە لە ساڵانی 1910 تا 1920 ئۆفیسی کۆمپانیایەکی ئەڵمانیی لێبوو کە پڕۆژەی هێڵی ئاسنینی شەمەندەفەر (بەرلین- بەغدا) ی جێبەجێ دەکرد دەووبەری ئۆفیسەکە بە کرێکاری کۆمپانیاکە و خێزانەکانیان ئاوەدان بوویەوە کە زۆرینەیان کوردی هەرێمەکە بوون، دواتر ناوەکە بە شێوەی کۆبانی مایەوە.
دەوڵەتی عەرەبی سووریا ناوەکەی دواتر گۆڕی بۆ (عین العرب) بە واتای کانیی عەرەبان وەک زۆربەی ناوی گوندە کوردنشینەکان وەک سیاسەتێکی شۆفینیانەی پەیڕەوکراو بۆ داپڵۆسینی بوونی کورد و پێدانی پاشخانێکی عەرەبی بە جوگرافیای سووریا.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2014/76979/0004.JPG=KTML_Photo_Alt=کۆبانێ - کۆبانی=KTML_Style=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2014/76979/0004.JPG=KTML_Photo_End=
ڕووبەری کۆبانێ (3000٬23) کیلۆمەتر دووجایە و دانیشتووانەکەی بە گوێرەی سەرژمێری ساڵی 2000 نزیکەی 204 هەزار کەس بوون.
لە ڕووی خاکەوە خاکی کۆبانی بەشێکە سەر بە دەشتی سرووجی ڕەها (ئورفا) 30 کیلۆمەتر لە ڕۆژاوای ئاوی فوراتە و 100 کیلۆمەتر لە ئورفاوە و 150 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای حەلەبەوە دوورە. لە باکوور: سنووری تورکیایەو لە یاشوور: سنووری پارێزگای (الرقە) یە لە ڕۆهەڵات: هاوسنوورە لەگەڵ گرێسپی (تەل ئەبیەد) لە ڕۆئاوا: هاوتخووبە لەگەڵ جەرابلس (کەناری فورات) و مەنبەج. زۆرینەی خاکەکەی دەشتاییەکی ڕاستە. زوورگی کەمە بەرزاییەکانی بریتین لە: چیای مشتەنوور (600مەتر) و چیای قەرەبەکر و خان مەحموود و چیای ڕەش. خاکەکەی کشتوکاڵیەو بە پیتە بەروبوومی زۆری هەیە و هەندێکی ڕەوانەی دەرەوەی سووریا دەکرێت. کۆبانێ لە چوار شارەدێ پێکهاتووە: ناوەند (دانیشتووان:81٬424کەس) ، شێخلەر (شیوخ تەحتانی 43٬861 کەس) ، سەڕین (69٬931کەس) و جەلەبێ. (1) گرنگترین گوندەکانی بریتین لە: هەلینج، تەلعەجیب، تەلخەزال، بۆزیک، خانمەمەد، سخور، قلحەدید، قنێ، قوملیخ، گرک، شەران و شێرانێ.
ئابووری دەڤەرەکە زیاتر کشتوکاڵیەو گوندەکانی کە نزیکەی 320 گوندن هەر کای چاندن و جوتیاریی دەکەن. گرنگترین بەرهەمەکانیان بریتین لە: پەمۆ (قوتن) ، گەنم، نیسک، نۆک، باینجان، جۆ، گارس (هەرزن) ، کونجی، کەمون (بەهارات) و شووتی و گندۆر. هەروەها ل زۆر شوێن فستق و میوەی قەیسی و ترێ و هەنجیر و هەنار بەرهەم دەهێنرێت.
دانیشتووانی کۆبانێ و گوندەکانی زۆربەیان کوردن، بە کورمانجی دەئاخڤن، جلوبەرگی ژنانیان پێکهاتووە لە کراس و قەفتان و بەروانک و سوخمەو عەبا. سەریان بە هەوری و شار وکۆم و کۆفی دەپۆشن. پیاوەکانیش جلوبەرگی عەرەبان دەپۆشن بە حوکمی هاوسێیەتی و دژواری ناوچەکە: کە بریتییە لە کراس و کۆفیەو عەقاڵ. بەڵام شاڵ و شەپکی کوردەواریش لەبەر دەکرێت. کولتووری کۆبانی نزیکە لە کوردانی ئورفا (ڕەها) بە حوکمی ئەوەی لە یەک پێکهاتەی کولتووری و خێلەکین. نەریتی کوردەواری لەناو خەڵکەکەدا زاڵە چ موسڵمان بن و چ ئێزیدی. عەشیرەتی گەورەی بەرازی و عەشیرەتی کێتکان زۆرینەی دانیشتووان پێک دەهێنن. لە دەورانی دوامینی عوسمانی بۆزانبەگ سەرناسی ناوداری عەشیرەتی بەرازی بوو. لە هۆزی کێتکانیش ئەوسا بەسراوی ئاغا دەناسرا.
بۆزانبەگ نوێنەری ڕوها بوو لە مەجلیسی میللی مەزنی ئەنقەرە. کوڕە برایەکەی هرچۆ (شاهین شاهین) لە ساڵانی 1950 نوینەری پەڕڵەمانی سووریا بوو لە دیمەشق. هرچۆ لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی خۆییبوون بوو. ڕێبەری نەقشبەندی لە کۆبانێ ناوی شێخ ساڵح بوو کە لە بنەڕەتدا خەڵکی ئاموودا بوو. هونەرمەند و ڕۆشنبیرو دەنگبێژ و سازبەندی کۆبانێ زۆرن وەک: مشۆیێ بەکەبوورێ، باقی خدۆ، ڕەشید سۆفی، مچۆ کەندەش، ئەحمەد چەپ، کاردۆخ بەیرۆ، سیامەند ئۆسکوللی هەروەها پۆلات جان و جاندۆست لە ڕۆشنبیرانی ئەو دەڤەرەن. لە سیاسەتمەدارانی کۆبانیش #ساڵح موسلیم# سەرۆکی پارتی (پەیەدە) هەرە ناسراوەکانی کۆبانێیە.
دیارترین هۆز لە کۆبانی و هەرێمی باشووری ئورفا بەرازی یە کە لە مێژووی کوردان دا ڕۆڵی دیاریان هەبووە. لەناو بەرازی عەشیرەتی تر هەن کە کاتی خۆی سەر بە کۆنفدراسیۆنی خێلەکی بەرازی بوون، شاهین بەگ ناوێک لە بەرەبابی بەگزادەی میران (بەگلەر) سەرۆکایەتی دەکرد. هۆزەکانی تر بریتین لە:
میران (Mîran) ، کێتکان (Kêtikan) ، شێخان (Şêxan) ، ئۆخیان (Oxî) ، زروار (Zirwar) ، ئەلێدینان (İlêdînî) ، شەدادی، مەعاف، دنان، قەرەبەرکیران، پیژیان و بێسکان و زۆری تر.
ئامادەکردنی: کامەران جەمال