ساڵی 1907 لە گوندی خەراجیان لە دایکبووە. لە ساڵانی (1920-1925) لە سلێمانی وەک فەقییە خوێندوویەتی، پاش تەواکردنی خوێندنی مەلایەتی، گەڕاوەتەوە بۆ گوندەکەی، بووە بە نوێژخوێنی مزگەوتی خەراجیان، وەک مامۆستا لە مزگەوتەکە وانەی ئاینی وتووەتەوە. لەبەر دەستیدا چەندین کەسایەتی ناودار خوێندوویەتی لەوانە (مامۆستا مەلا عەبدولڕەحمان- مەلا سوورە). ساڵی 1930 خێزانی پێکهێناوە لەگەڵ خاتوو(پیرۆز قادر نادر) لە گوندی پوشێن، هەر لەو گوندە نیشتەجێ بووە. پاشان گەڕاوەتەوە بۆ خەراجیان خێزانی دووەمی پێکهێناوە لەگەڵ خاتوو (تەمین حەمە مام ڕەسوڵ)،خاوەنی (5) کوڕ و (8) کچە.. پێاوێکی خوێندەوار و زمانشیرین و کۆڕ و کۆمەڵ گەرم بووە. زۆربەی کات پەند و ئامۆژگارییەکانی بە هۆنراوە و چیرۆک دەربڕیوە و نووسیوە، چەندین چیرۆکی قورئانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و بە دەنگی خوی تۆماری کردووە.
شارەزاییەکی زۆری هەبووە لە زمانی فارسی و عەرەبیی دا، بەتایبەتی لە قەواعیدی عەرەبیدا. چەندین هۆنراوەی جوان و قەشەنگی بە زمانی کوردی ڕەوان نووسیوە لە شێوەی پەند و ئامۆژگاریدا، هۆنراوەی هەیە لە شێوەی مەتەڵدا و هزر و بیریان جوڵاندووە و توانیویەتی هونەرەکانی ڕەوانبێژی بە باشی بەکار بهێنێت. تا ئێستا نەتوانراوە هۆنراوەکانی بە تەواوەتی کۆبکرێتەوە. لە 19-05-2005 کۆچی دوایی کردووە، لە سەر ڕاسپاردەی خۆی لە گوندی خەراجیان بە خاک سپێردراوە.
- نموونەیەک لە هۆنراوەیەکی مەتەڵ ئامێزی:
(فەرەج)
چ ئیسمێکە کە ڕێی لێ لابەی، بەڕێ بێ
فەرەج وایە ئەگەر بۆت جێ بەجێ بێ
(سولحفا-ساڵح)
سولحفا کون و کلکی ببچڕێنە
دواجار کلکی لە گڕیی ملی وەربێنە
بە بیری تیژی بێ وێنە
چ ئیسمێکە دەری بێنە.
(پیری)
گەڵای زیندگانیم، زەرد هەڵگەڕاوە _ موویەکی ماوە کەوێتە لاوە
چاوم بڕیوەتە گۆڕی تەنیایی _ نووچێکم ماوە بکەومە ناوی
شەو تا بەیانی وام بەهاتەوە _ دڵسۆزێک نییە، ڕاستمکاتەوە
ئەلفێک و خێیە بخەینە سەر زار _ بۆ تەسەلای دڵ، پێی بکەین ئیقرار
واتە ئەڵێم ئاخ سەد بارەبێ ئاخ _ نزیکترینم نییەتی سۆراغ
تەماشای سەورزی سەر شانم مەکەن _ تەماشای سۆز و دەماخم مەکەن
وەک چوالە فەسڵی وا لێ تێکچووە _ هەر قەبارەیە، ئەگین مردووە
بەرداشی ئاشم، پاک لەناو چووە _ خەرابەیەکە ئەڵێن ئاش بووە
دێراوی ئاوی دەمم شکاوە _ ئاو سەر ڕێژ ئەکا لە سەراپاوە
پیری هەی پیری بۆ وات لێکردنم؟ _ لە حاڵ و لە ماڵ مەئیوست کردم!
هێزی لێ بڕیم پایە هەڵێنم _ سیلەی ڕەحمێکی پێ بەجێبێنم
شەو تا بەیانی بە ئازار و ئێش _ ڕۆژیش عەوداڵم بەوێنەی دەروێش
ناڵە ناڵی شەو، شانێکم پەلە _ ئازارم بەڕۆژ، قاچیشم شەلە
بڕەم نەماوە، سەرانسە کەلە - مەر هێزی عاسا دەست باتە پەلم.