نووسینی: #ئاسۆ بیارەیی#
ڕوخساری نازەنینێ
لە کپی بەیانیانی پاییز دەلالتر
کوڵمەکانی لە ڕەنگی تێکەڵەی کازیوە و شەختە نازدارتر
ئیدی چیتر؟ کێ دەتوانێ بەرامبەر ئەو تابلۆیە دانەوەرێ!
دە ئیدی زەماوەندە، لەکوێ؟ لەو دەڤەری هەورامانە، کە تۆی بە نێگای ژێر برژانگی مێرخاسێکی هۆرامیی شکارکرد و وا بوویتە بوکی نەک تەنها وی، بەڵکو هی دنیایەک پڕ لە داهێنان و جوانی.
کەژاوەی تۆی بوکێ دەکەوێتە ڕێ، ئەو کەمە ڕێگەیەی شارەزوو کەمێ گەرمەسێرە، ئیدی هێندەی خۆشە تا لە شارۆچکەی خۆرمال دەردەچن، زەردەهاڵ، گوڵپ و دەری قووڵ دەردەکەوێ، بەهەشتێک لە ئامێزی کێوێکی شینبەرگ چاوەڕیی تۆیە، تۆیەکی قەرەداغی، کە بە خەویش بڕوات نەدەکرد، نەوەی میرێکی هەۆرامان، چوارشانەیەکی دەڤەری لهۆن، بێتە دوات هاوژینیت بێ.
وا باخی خواجای شارۆچکەی بیارەت لێدەرکەوت و شەمالێکی سازگار هێندەی دی شادت دەکا. ئیدی تێدەگەی کە بۆچی هۆرامییەکان هێندە بە کەیف و دڵبەرن و گیانی دەها کەنیلەی وەک تۆ بەرگەیان ناگرێ!
کە کەژاوەی جێبەکان بە شارۆچکەی بیارەدا تێپەڕ دەبن هێندەی دی، سەرت لە خەڵکی هەسارەی ئەو ناوچەیە پڕ پرسیار دەوێ، کە چۆن لە ئاسمانێکی وادا، بە هەشتێکی وایان خوڵقانوە، نا دیارە یەزدان لە خۆشی واند هەڵبەستەوە! ئاخۆ ئەو هۆرامیانە سەربە کام توخمی گیانلەبەر بن؟
دەمەو نێوەڕۆک کەژاوەی جێب و ئۆتۆمبیلەکان دەگاتە شارۆچکەی تەوێڵە. ئەوێش دیسان چین چین باخی هەمەجۆر تێکەڵی ئاسمان بووە، تا تیلەی چاوبڕکا سەوزی و شینایی وەک چاوشینێکی ئەو دەڤەرە ئاوێنەی یەکدی بوون. و لە سارای باخێکی سێبەری بن گوێزدا، چەند ڕیزێک ڕەشبەڵک ژن و پیاو، پیر و جوان دەستیان گرتووە و چەند مەنجەڵێک خواردن خراوەتە سەر ئاگر و پەیتا پەیتا خەڵک کۆ دەبێتەوە.
دوو گۆرانیبێژ وەک دوو کەوی قەتپاڵ، یەک لەیەک دەنگ نایاب تر، بۆ یەکتر وشە و ئاواز دەسێننەوە:
دیسان دووبارە شان مەدە لە شانم
کافری لامەزەب جەرگت سووتانم
هەی کەوی عومرم کەوی، کەوی وام نەدیوە
لای عاڵەم گەرمە سێرە و لامن بەفرە باریوە
هەموو کاتێ کە ژوانمت پڕدەکرد لە خەندە و پێکەنین، هەستێکم لادروست دەبوو کە دنیا تەنها هی من تۆیە. تۆ لەو کەنیشکانەی کە بە ئاسانی وێنەکەت لەبەر بیناییم ناسڕێتەوە. هەموو جارێ دەیوت:
من سەرم بەماڵی زۆرکەسدا کردوە، لە هەورامانەوە تاکو قەڵادزی و دەشتی هەولیر و کۆیە. بوومەتە میوان ناوەختی وەرز و ساتەکان، سەیرە نەمن کەوتمە داوی ئەڤینیانەوە نە ئەوان بۆ تیکشی نیگای من ئەسرینیان پژا.
(زاواکەی گوندی سۆڵە) ل 11[1]