نووسینی: ئۆریانا ڤالاچی.
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: #عەزیز گەردی#
سەرەتای کتێب خوێندنەوەم، بە کۆمەڵیک کتێب دەستی پێکرد، کە هەرگیز لەیادەوەرییمدا ناسڕێنەوە. یەکێک لەو کتێبە دانسقانە، کتێبی (داغستانی من) نووسینی (ڕەسووڵ هەمزاتۆف) وەرگێڕانی بۆ زمانی کوردیی، مامۆستا (عەزیز گەردی) بوو. لەو سەردەمەدا ئەو کتێبە بەراییەکی جوان بوو. بۆ خوێنەرانی تازە پێگەیشتوو. چونکە زووربەی کتێبخانە کوردییەکان، لێوانلێو بوون لە (دیوانی شاعیرانی کلاسیک) وەلێ ئەم کتێبە گێڕانەوەی داستانێک بوو، کە گەنجێکی(لادێی) بەهۆی خوێندنەوە ڕوودەکاتە شارەکان و لەوێ دەکەوێتە ناو دونیاییەک، جودا لەو جوگرافیا بچووکەی کە لەلادێدا ژیاوە. ئێستاش گەلێک لە خوێنەران، ڕووداوەکانی ناو ئەو کتێبەیان، لە یادەو زۆرجار دێرەکانی وەک نموونە: بۆ سەری قسە دەهێننەوە. مامۆستا عەزیز گەردی یەکێکە لەو نووسەر و وەرگێڕانەی کە خوێنەرانی کوردیی زمان لە ئاستیدا قەرزاربارن! بەو مانەیەی کە سێبەرێکە بەسەر هوشیاری ئێمەوە. کتێبەکانی گەواهیدەری ئەم ڕاستییەن! مامۆستا عەزیز گەردی. یەکێکە لەو وەرگێڕە بە ئەزموونانەی کە خوێنەر سوود لە ڕێزمان و خاڵبەندی و شێوازی نووسین دەبینێت و لە ڕێگەی ئەم پیاوە بە سەلیقەوە فێری ڕستەسازیی و خاڵبەندی و ئیدیۆم دەبین. من وەک خۆم یەکێکم لەو خوێنەرانەی کە هەمیشە لە دووی کتێب و نوسینەکانی ئەوم. بەردەوام کتێبەکانی لە بەردەستمدان و وەک مامۆستایەک لێی دەڕوانم! سوودی زۆرم لەبەرهەمەکانی بینیوە. بە تایبەت بەو زمانە کوردییە پاکەی خزمەتێکی گەورەی بە دونیای نووسین کتێبخانەی کوردیی کردووە. ئەوەی من گەرەکمە قسانی لە بارەوە بکەم. ڕۆمانی(نامەیەک بۆ ئەو کۆرپە نێرینەیەی کە هەرگیز لە دایک نەبوو) نووسینی ئۆریانا ڤالاچی. وەرگێرانی لە فارسییەوە عەزیز گەردی. بەرلە هەرشتێک دەخوازم لێرەوە پرسیارێک بکەم، ئەویش ئەوەیە کە مامۆستا عەیزیز گەردی لە زمانی فارسییەوە ئەم ڕۆمانەی وەرگێراوە بۆ زمانی کوردیی، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجی منە ئەوەیە، کە ناونیشانی ڕۆمانەکە، بەزمانی فارسییەکەی بەم جۆرەیە(نامە بە کودکی کە هرگز زادە نشد) وەرگێڕانی بۆ فارسی (یغما گلرویی) واتە بەزمانە کوردییەکە دەبێت بە (نامەیەک بۆ ئەو منداڵەی هەرگیز لەدایک نەبوو) بە زمانە ئەڵمانییەکەی (Brief an ein nie geborenes Kind) 1977) بەم جۆرە بۆمان دەردەکەوێت کە (نێرینەی) زیادەو پێویستی نەدەکرد بنووسرێت! بەڵام وەکیدی وەرگێڕان و نووسینەکانی مامۆستا عەزیزی گەردی، شایستەی خوێندنەوەن و لەتەکیدا خوێنەر زۆر بەئاسانی فێری (زمان و خاڵبەندی) دەبێت. هەروەها چەند نووسەر و وەرگێڕێکی دیی هەن کە گرنگی بە زمان و بە خاڵبەی دەدەن وەک (مامۆستا حەمە کەریم عارف، مامۆستا حەمە سەعید حەسەن، مامۆستا حەمە فەریق حەسەن، مامۆستا عومەر مارف بەرزنجی، مامۆستا ڕەئووف حەسەن) هەریەکەیان لەناو نووسین و وەرگێڕانەکانیاندا، زۆر بە جوانی پابەندن بە زمان و خاڵبەندی و ڕستەسازیی. ئەمەش مانای وایە کە خوێندنەوەی بەرهەمی ئەم نووسەرانە، زمانی کوردیی لە (خراپ) بوون دەپارێزن. ڕۆمانی 'نامەیەک بۆ ئەو منداڵەی کە هەرگیز لە دایک نەبوو' ڕۆمانەێکە کار لەسەر سیکۆلۆژی مرۆڤ دەکات، هەرچەندە فرۆید یەکەمین کەسە کە ڕۆمانی لەناو ماناکانی (سایکۆلۆژیی)دا شیکردۆتەوە. ڕۆماننووس (دستۆیڤسکی) سەرترۆپکی ئەم جۆرە ڕۆمانەیە. وەلێ ئۆریانا ڤالاچی، ش بە هەمان جۆر لەتەک ئەو منداڵەی کە لەناو سکیدا هەلیگرتووە، هەمیشەو و بەردەوام لە (دیالۆگ)دایە. ڤالاچی لە ڕێگەی ئەم بوونی منداڵەوە کە هێشتا لە دایک نەبووە، دونیا بۆ خۆی بۆ مندالەکەی دەخوێنێتەوە. باسی جۆرەکانی مرۆڤ و ژیانی سەر زەوی دەکات. لێرەوە ئازارەکانی (ژن) بۆ منداڵبوون سەرهەڵدەدات و هەندێجاریش پەشیمان دەبێتەوە لە هەڵگرتن و ئازارچەشتنی. ئەم ڕۆمانە بە زمانێکی زۆر جوان مامۆستا عەزیز گەردی پاچڤەی کردووە بۆ سەر زمانی کوردیی. هیوادارم خوێنەران ئەم ڕۆمانە بخوێننەوە. بەتایبەت (ژنەکان) ئەم وەرگێڕانە تەنیا نووسین و وەرگێرانە نییە بەمانا سادەکەی، بەڵکو لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە خوێنەر لەزەت لە شێوازی نووسین و خاڵبەندی دەبینێت. بۆ نموونە ئەمڕۆ شتێکی خۆشم لێ قەوما! لەدەرگا دراو بە بۆڵەبۆڵ لەناو پێخەف هاتمە دەرەوە! پۆستەچی بوو، بەستەیەکی بەریدی هەوایی هێناو بوو.بەستەکە هی دایکم بوو نامەیەکی ئەو باوکمی تێدا بوو.پێش چەد ڕۆژێ خەبەرم دانێ و ئاگادارم کردنەوە کە تۆ هەیت! هەستم کرد ئەونیش حەقی خۆیانە بزانن! ل 46) [1]