یەک لە ڕۆژنامە کوردییەکانە کە لەلایەن کوردانی ئەرمەنستانەوە بە زاری کرمانجی سەروو دەردەچێت، یەکەم ژمارەی لە ساڵی 1930 دەرچووە، هەتا ئێستاش بەردەوامە لە دەرچوون، سەرنووسەری ڕۆژنامەکە #تیتالێ کەرەم#ە، بەڕێوەبەری نووسینی #مرازێ جەمال#ە.
ئێستا هەر مانگێک دوو ژمارەی لێ بڵاو دەکرێتەوە. بەم پێیە ڕیا تازە بە تەمەنترین ڕۆژنامەی کوردییە کە بۆ ماوەی نزیک بە 90 ساڵە بڵاو دەبێتەوە.
دەرچوونی ئەم ڕۆژنامەیە بۆ ئەم ماوە درێژە ڕۆلێکی گەورەی گێڕاوە لە گەشەپێدانی زمانی کوردی و پێگەیاندنی نەوەیەکی کوردی خوێندەوار بە زمانی کوردی لە وڵاتی ئەرمەنستان و ناوچەی قەوقاز.
لە ئەرمەنستان 21 گوندی کورد هەیە، نزیک بە 45 هەزار کەس دەبن و زۆرینەیان کوردی ئێزیدین.
کوردەکانی ئەم هەرێمە بە کوردییەکی کرمانجیی باکووری زۆر ڕەوان و پەتی قسە دەکەن، سەرەڕای دووریان لە کوردستان بۆ ئەو ماوە درێژە کەچی کوردییەکەیان بە دەگمەن نەبێت وشەیەکی ئەرمەنی یان ڕووسی تێدا نییە.
لە گوندە کوردنشینەکان هەر هەفتەی دوو سەعات زمان و ئەدەبیاتی کوردی دەخوێنن. ئەم مافی خوێندنە بە زمانی کوردی لە ساڵی 1923 لە سەردەمی حوکمڕانی سۆڤیەت دەستی پێ کردووە و هەتا ئێستاش ئەو مافەیان هەیە و بە کوردی دەخوێنن. لە سەرەتادا واتە لە ساڵانی سییەکان چلەکانی سەدەی بیستەم هەتا قۆناغی حەوت هەموو دەرسەکان بە کوردی بووە و بە هەموو بابەتێکیش بووە، واتە فیزیا و کیمیا و هەندەسە و جەبر و جوگرافیا و مێژوو بە کوردی خوێندراوە، بەڵام دواتر کەم دەبێتەوە و ئێستا تەنیا دوو سەعاتە و دوو کتێب دەخوێندرێ کە ئەویش زمان و مێژووی ئەدەبیاتی کوردییە.