دڵ لە سەر خۆ چوونی پەیدەرپەی دەلیلی یارە هات
ئەقڵ و هۆش ئەی دڵ بکە حازر، لە پێشە کارە هات
ون بووە لەو ڕۆژەوە لێوی حەیات ئەفزاتی دی
وا دەبێ شەرم و حەیا، ئەی ئافەرین، ئاوی حەیات
بۆ وەفاکردن بە وەعدەی هاتنی بمرە، وتی:
کەس نیە ئیختاری کا وا هاتووە وادەی وەفات
تۆ کە دەرکەوتی مەپرسە چی بە سەر دێ جان و دڵ
حاڵەتی شەونم تەماشا کە بە وەقتی ڕۆژهەڵات
گەر لە تۆ دنیا بەری بوو، قەوم و خوێشت لێ بەرین
گەر بەراتی بوو، هەموو عالەم بووە باب و برات
الحذر لەم چەرخی کەچ بازە، بە ڕوو چەرخاندنێک
چەندە سوڵتان و شەهی کردوو دەکا بێ دەست و مات
واعیزیم پرسی، یەکێ شۆخانە جوابی دامەوە:
وەعزی چی؟! سەر لنگە دەستاڕێ کڕەی دەستاڕی هات
شێخ و توڕڕەی مێزەر و نەقل و نوقوولی هیچ و پووچ
من بە تووڕەی یار ئەسیرم، ئەو بە کۆڵێ تۆڕڕەهات
عەنبەری سارا وتم زوڵفی، نەباتی میسری لێو
زوڵفی ئاڵۆزا، وتی لێوی کە ناوی من نەبات
ئەو نەهاتن، دەردە؛ داغی ئەو نەهاتن، دەردەها
کەس بە دەردی من نەچێ، وەک من نەبێ تووشی نەهات
جوان و شیرینە ئەگەر دنیا، لە ڕوودا میهرەبان،
وەردی خارە، شەهدی زەهری مارە، عەهدی بێ سەبات
گەر بتی ئێمەت نەدیوە، بۆ چی دوێنێ دەتپەرست؟
ئەی بوڕەهمەن، تۆ لە لات ئەمڕۆ کە چی وەک لاکە لات
چاویان، ئەم ئەهلی دنیایە، ئەوەندە برسییە
پادشاکانی بە دەم دا یەک سەری یەکتر دەبات
ئابڕوو یەکجاری چوونی غونچە یەکدەم خەندە بوو
گەر حەیات ئەی دڵ دەوێ، شیوەن کە ما دام الحیاة
بەر خودایە و بەس، لە شەیتانی شەقی، مەحوی پەناه
پەس لە غەدری شەیتەنەت پیشە مەبە بەر کەس شکات
#مەحوی#
#دیوانی مەحوی# [1][2]