چیای #نەمروود#، یان نەمروود داغ، لە شوێنەوارە گرنگ و سەرنجڕاکێشەکانی کوردە لە باکووری کوردستان. ئەم شوێنەوارە لەبەر چەند گرنگییەکی تایبەت، لە ساڵی 1987 لە ناو لیستی کەلەپووری جیهانی (یونسکۆ) تۆمارکراوە.
شوێنەواری چیای نەمروود، دەکەوێتە دووری 40 کیلۆمەتر لە شارۆچکەی کۆلیک لە پارێزگای #سەمسوور#ی باکووری کوردستان.. پەیکەرە شوێنەوارییەکانی چیای نەمروود، لە گەورەترین شوێنەوارەکانی سەردەمی (هیلنیستی) ن، کێشی هەندێ لەو پەیکەرانە دەگاتە نزیکەی نۆ تەن.
ئەم ناوچە شوێنەوارییە لە سەردەمی پاشا ئەنتیۆخوسی یەکەم (Antiochus) (دووەمین پاشای دەسەڵاتداری #کۆماژەن#/ کۆماگەل/ commagene) بنیادنراوە و وەک ئارامگای ئەم پادشایە دەناسرێت، هەرچەندە دوای چەند ساڵ لە کنەوپشکنینی شوێنەواریی لەم ناوچەیە، هێشتا گۆڕی ئەنتیۆخوسی یەکەم نەدۆزراوەتەوە، بەڵام بە گوتەی بەرپرسە شوێنەوارییەکان، بۆ دەستکەوتی زیاتری زانستی و شوێنەواریی، کنەوپشکنین لەم ناوچە مێژووییە بەردەوامە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن هۆکاری درووستکردنی ئەم پەیکەرانە لەلایەن پاشای کۆماژەن، وەک سوپاسگوزاری و نیشاندانی ڕێژەی ڕێز و خۆشەویستییەکەی بۆ خواوەندەکانی ئەو سەردەمە، هەروەها وەک ڕێزێکی تایبەتیی بەرانبەر بە ئەسپەکانی بووە.
شوێنی هەڵکەوتەی جوگرافیی ئەم پەیکەرە شوێنەوارییانە دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی چیاکە، لەوێ بەرزاییەک هەیە کە پڕە لە پەیکەری بەردین و گەورە، بەڵام هیچ کام لەم پەیکەرانە سەریان پێوە نییە و کامڵ نین.. بە گوتەی سەرچاوەکان هەر لە سەرەتای درووستکردنی ئەم پەیکەرانە، سەریان لێکراوەتەوە و بە جودا دانراون. لە دوای دۆزینەوە و ئەنجامدانی کاری هەڵکۆڵین بۆ ئەم ناوچە شوێنەوارییە، شوێنەوارناسان بە پێی قەبارەی پەیکەرەکان و جۆری بەردەکان توانیان سەری تایبەت بە هەر یەک لەو پەیکەرانە دیاری بکەن و لە تەنیشتیان دابنێن.
بە گوتەی شوێنەوارناسان، پەیکەرە شوێنەوارییەکانی چیای نەمروود دابەش دەبنە سەر سێ گرووپ، گرووپی یەکەم لە پەیکەری خواوەندەکانی ئەو سەردەمە پێکهاتووە، کە هەندێکیان لە شێوەی مرۆڤن و هەندێکیان سەری ئاژەڵیان بۆ درووستکراوە، وەک سەری شێر و باز. لە پەیکەری خواوەندە بەناوبانگەکانی ئەم ناوچەیە، دەتوانین ئاماژە بە پەیکەری خواوەندەکانی هرکول، ئاپۆلۆ، میترا، هیلیۆس و پەیکەری خواوەند #زیۆس# (خودای خودایان) بکەین، کە لە خواوەندە گرنگ و بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمە بوون.
دوو بەشی تری ئەم پەیکەرانە بریتین، لە پەیکەری بنەماڵە و کەسوکاری پاشا ئەنتیۆخوس:
بەشی باشووری ئەم کۆمەڵە پەیکەرە، لە پەیکەری باپیرەکانی (خزمەکانی باوکی) پاشا ئەنتیۆخوس پێکهاتووە.
لە بەشی باکووری ئەم چیایە، پەیکەری بنەماڵە و خزمەکانی دایکی پاشا ئەنتیۆخوس دانراوە.
پاشایەتی کۆماژەن (109 پێش زایین) لە باشووری ڕۆژهەڵاتی #ئانادۆل#، وەک دەسەڵاتدارییەکی سەربەخۆ دامەزرا و لە کۆمەڵگە و ئایین و کولتووری جیاواز پێکهاتبوو. پاشاکانی ئەم دەسەڵاتدارییە، بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر لەگەڵ خواوەندە جیاوازەکان و ڕێکخستنی ژیانێکی ئارام و خۆش بۆ خەڵکەکەیان، لە شوێنە جیاوازەکانی ناوچە دەسەڵاتدارییەکەیان پەرستگا و زیارەتگای زۆر و جیاوازیان درووستکردووە، پەرستگای چیای نەمروودیش یەکێکە بووە لەو پەرستگا گەورانەی کە پاشاکانی کۆماژەن درووستیان کردووە.
ناوی ئەم دەسەڵاتدارییە کوردییە لەلایەن سەرچاوەکانەوە بەم شێوەیە شیکراوەتەوە:
کۆما بە واتای کۆمبوون، یان خڕبوونەوە دێت، گەل/ دۆڵ، شوێنێکی جوگرافیی کە دەکەوێتە نێوان دوو بەرزایی، بە شێوەیەکی گشتی ناوی کۆماگەل بە واتای: خەڵکی کۆبووەوە لە دۆڵ دێت.
مێژووی دەسەڵاتداریی ئەم ناوچەیە، بۆ سەردەمی ڕۆمییەکان دەگەڕێتەوە. لە کاتی شەڕی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆم و پارس، ناوچەی نەمروود، خاڵی سنووری ئەم دوو هێزە بووە، هەرچەندە ئەم ناوچەیە بە فەرمی سەر بە ئیمپراتۆریای ڕۆما بووە، بەڵام پاش ئەم شەڕە، دەسەڵاتدارەکانی ناوچەکە، بە ناوی میتراداتسی یەکەم سەربەخۆییان ڕاگەیاند.
پاش کۆچی دوایی میتراداتسی یەکەم، کوڕەکەی بە ناوی ئەنتیۆخوسی یەکەم دەسەڵاتی گرتە دەست، ئەنتیۆخوسی یەکەم هەر لە سەرەتای دەسەڵاتدارییەکەی هەوڵی دا لەژێر دەسەڵاتی ڕۆمییەکان و ئێرانییەکان نەمێنێت و زیاتر سەربەخۆ بێت، بەڵام لە ساڵی 38ی پێش زایین لەلایەن ڕۆمییەکانەوە لەناوبرا.
سەبارەت بە سەردەم و ماوەی دەسەڵاتداریی ئەم پاشایەتییە، بیروبۆچوونی زۆر و جیاواز هەن، بەڵام بابەتی گرنگ ئەوەیە، دەسەڵاتداری کۆماژەن، دەسەڵاتدارییەکی کوردی بووە لە ناوچەکانی باکووری کوردستان، کە لە ئێستادا شوێنەواری گرنگ و گەورەیان لێ بەجێماوە.. بە گوتەی چەند سەرچاوەیەک، ڕەگوڕیشەی دەسەڵاتداریی کۆماژەن بۆ #هورییەکان# و #لولوبییەکان# (کە دوو لە هۆزە دەسەڵاتدارەکانی کورد و باپیرەگەورەی کورد بوون) دەگەڕێتەوە.
چیڕۆکی دۆزینەوەی شوێنەوارەکانی چیای نەمروود، بۆ ساڵی 1935 دەگەڕێتەوە، کاتێک شوانێکی کورد مەڕ و ماڵاتەکەی بۆ سەر چیای نەمروود دەبات و ئەم پەیکەرانە دەبینێت. ئیتر لەو کاتەوە ئەم شوێنەوارە دەبێتە جێی بایەخ و سەرنجی شوێنەوارناسان، تا ئەو ڕادەیەی لە لیستی کەلەپووری جیهانیی تۆمار دەکرێت.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]