لە دێرزەمانەوە لە ناو گەلی کورد زۆرن ئەوانەی ناویان بە سوارچاک و قارەمان و لێهاتوو هاتووە، کە بە شیر و خەنجەر و مەتاڵ و چەک و دەمانچەی سەردەمی کۆن دژی ستەمی دەرەبەگەکان وەستاونەتەوە، لە دەڤەری #بەردەڕەش# و #عەشیرەتی گۆران#یش (#عەلی عەبدوڵڵا زەینەب#) بەر لە 122 ساڵ پێش ئێستا، یەکێک بووە لەو قارەمانانەی سنوورەکە کە دژی ستەمی دەرەبەگەکان و دەستەڵاتە نادادپەروەرەکانی ئەو سەردەمە وەستاوەتەوە. ئەم کەڵەپیاوە لە خانەوادەیەکی هەژار و بێ کەس گەورە بووە، بەڵام پڕ بووە لە قارەمانێتی و چاونەترسی و مرۆڤدۆستی، تاکو ئیستا نەوە لە دوای نەوە چیڕۆک و بەسەرهاتەکانی لەسەر زاری خەڵکەکە ماوەتەوە و بەشیک لە قارەمانی و نەبەردییەکانی کراونەتە گۆرانی.
لەبارەی ژیان و قارەمانێتی ئەم سوارچاکە (سەعید بارانی)ی لێکۆڵەر لە بوارەکانی کەلەپوور و مێژوو لە دەڤەری گۆرانەتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: عەلی عەبدوڵڵا زەینەب کەسایەتییەکی سادە و قارەمان و چاونەترس و هەژاردۆست و مرۆڤدۆست بووە، یەکێک بووە لەو قارەمانانەی سەردەمی حوکمی عوسمانییەکان، لە ناوچەکە لە دژی دەرەبەگەکان و دەسەڵاتدارانی سنوورەکە وەستاوەتەوە، هەمیشە لە کاتی تەنگانەدا لە پاڵ خەڵکی هەژاردا بووە. ئەو کاتەی ستەم و زوڵم لە هەژارەکان کراوە، بە هانایانەوە چووە و مافیانی وەرگرتووەتەوە.. گوتیشی هەمیشە خەڵکە بێ دەسەڵات و هەژار و ستەملێکراوەکان لە دەوروبەری ئەم قارەمانە کۆدەبوونەوە، ئەوان لە سایەی ئەم کەسایەتییە حەسابوونەوە، چونکە ناڕاستەوخۆ حکومی ئەم سنوورەی دەکرد، لە ترسی قارەمانێتی ئەم کەسایەتییە هیچ دەرەبەگ و خاوەن دەسەڵاتێک بوێریی ئەوەی نەبووە غەدر لە هەژارەکان بکات و بەردەوام بە چەکی ئەو سەردەمە بە شیر و مەتاڵ و خەنجەر ڕووبەڕوویان دەبوویەوە.
گوتیشی عەلی عەبدوڵڵا زەینەب لە سالی 1840 لە گوندی جوجەر لە سنووری شارۆچکەی بەردەڕەش، لە تیرەی باجەلان و عەشیرەتی گۆران لە خانەوادەیەکی هەژار و بی دەرامەت لە دایک بووە، تا تەمەنی 40 ساڵی هەر لەو گوندە ماوەتەوە، بۆ بژێوی ژیان و کاری کشتوکاڵی لە ساڵی 1880 ماڵی گواستۆتەوە گوندی هەزار جۆت، چونکە ئەو گوندە دەکەوێتە سەر ڕووباری خازر لە سنووری بەردەڕەش، لەبەر ئەوەی بە کەسێکی خاوەن میوان و ناسراوی وەک عەلی عەبدوڵڵا زەینەب ئەم شوێنە گونجاوتر بووە بۆ ژیان.
سەعید بارانی ئەوەشی گوت: ئەم پیاوە خاوەن چوار ژن بووە و هیچ کوڕێکی نەبووە، تەنها کچی هەبووە، یەکێک لە ژنەکانی ناوی دڵجیهان بووە، تاکو ئێستا چیڕۆک و بەسەرهاتەکانی لەسەر زاری خەڵکی ماوەتەوە، بەشێکیان کراونەتە گۆرانی. لە سەردەمی کۆن کاتی دروێنەی گەنم و جۆ بە هەرەوەزیی گۆرانی بەسەر ئەم سوارچاکە دەگوترایەوە، دەتوانین بڵێین قارەمانێتی و بەسەرهاتەکانی عەلی عەبدوڵڵا زەینەب بووەتە بەشیکی گرنگی ئەدەب و کولتووری دەڤەرەکە.
سەعید بارانی دەڵێ: لە ساڵی 1900ی زایینی، لە تەمەنی 60 ساڵیدا لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری لەگەڵ دەرەبەگەکان لە بەرزایی بانەمیران لە کلکەی چیای مەقلوب بە خیانەت و لە دواوە بە دەستی هاوڕێیەکی لە پاڵ تاشەبەردێکی گەورەدا کوژرا.. سەرەتا بریندار کرا، کە ئاوڕی دایەوە هاوڕێیەکەی دەستی لەگەڵ دوژمن تێکەڵ کردووە و تەقەی لێ کردووە، تەنها ئەو چەند وشەیەی لە سەرەمەرگدا بە هاوڕێکەی گوتووە و گیانی لەدەست دا: (خەفەتم ئەوە نییە کە من کوژرام، بەڵام خەفەتەکەم ئەوەیە لە دواوە و لەلایەن هاوڕێیەکی نزیکم بە خیانەت تەقەم لێ کراوە).
گوتیشی کوژرانی عەلی عەبدوڵڵا زەینەب دەنگداوەیەکی گەورەی هەبووە، خەڵکێکی زۆر چوون بۆ هێنانەوەی تەرمەکەی و بە دەوار و ئەسپ و ئامرازی ئەو سەردەمە، بە کەژاوەیەکی شایشتە و ڕێوڕەسم تەرمەکەیان بە لێواری ڕووباری خازردا هێناوە و لە گوندی هەزار جۆت بە خاک سپێردرا. گوتیشی ئێستاش کێلی سەر گۆڕەکەی ئی ئەو سەردەمەیە و مێژووی کوژرانی لەسەر نووسراوە، کە لە ساڵی 1322ی کۆچییە (1900ز)، کێلی سەر گۆڕەکەی بە دەمانچە و خەنجەر نەخشێنراوە.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]