ناونیشانی بابەت: پەیوەندی و ڕووداوە سیاسییەکان لە سەردەمی کاشییەکان
نووسەر: #سارا سەردار#
بەﮪۆی کار و کاسبییەوە ژمارەی #کاشییەکان# لە وڵاتی بابل ڕووی لە زیادبوون بووە و زۆربوونی ژمارەیان لەو وڵاتە بووەتە ﮪۆی زیادبوونی کاریگەرییان لە ژیانی هاووڵاتییانی #بابل#دا، بە تایبەتی لە ڕووی ئابوورییەوە، ﮪاوکات کاشییەکان چەندان دیاردەی شارستانیان هێنایە بابل وەکوو بەکارهێنانی ئەسپ و گالیسکە.
بەپێی سەرچاوە شوێنەوارییەکان، کاشییەکان ڕۆڵیان هەبووە لە درووستبوون، یان گۆڕینی پێوەندییە سیاسییەکان لەو سەردەمە، لەو نووسراوانەی تایبەتە بە تەل(عەرمانە)و لە میسر دۆزراونەتەوە و زۆربەی دەقی بزمارین و باس لە پێوەندی دیپلۆماسی ئەو سەردەمەی میسر لەگەڵ دنیای دەرەوە دەکەن، لە چەند تابلێتێکدا باس لە پێوەندیان لەگەڵ کاشییەکان کردووە، بەتایبەت کە ئاماژە بەوە دەکرێ کاشییەکان پێوەندی دیپلۆماسی باشیان هەبووە لەگەڵ میسرییە کۆنەکان، ئەویش لە بەخشین و ناردنی خەڵات و دیاری بۆ میسرییەکان دەردەکەوێت کە مێژوو خستوونیەتە ڕوو، هەروەﮪا باسی شووکردنی خاتوونێکی کاشیی بە یەکێک لە فیرعەونەکانی میسر دەکەن.
$سەبارەت بە چۆنیەتی دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتدا لەلایەن کاشییەکانەوە$
لە سەرچاوە مێژووییەکاندا هاتووە: لە سەردەمی دوایین پاشای بنەماڵەی یەکەمی بابل کە ناوی (سەمسۆ - دیتانا 1625- 1595 پ. ز) بوو، بابل کەوتە بەر پەلامارێکی لە ناکاوی (هیتییەکان) و کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەو بنەماڵەیە ﮪات، بەڵام بەﮪۆی پیلانێکەوە کە لە دژی پاشای هیتی و لە پایتەختەکەی خۆی لێی هاتە گێڕان، ناچار بەزوویی لە بابل کشایەوە و وڵاتەکەی بێ خاوەن بەجێهێشت.
کاشییەکان کە دەمێک بوو لە وڵاتی بابل و ناوچەی ناوەڕاستی #فورات# (ناوچەی خانا و تێرقا)بە تاک و گرووپی گەورە دەژیان و دەستڕویشتوو بوون، توانیان بە یارمەتی هاوخوێنەکانی خۆیان لە زاگرۆس، دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرن و بنەماڵەیەکی بەهێز دابمەزرێنن کە نزیکەی چوار سەدە فەڕمانرەوایی هەموو ناوەڕاست و باشووری میزۆپۆتامیایان کرد.
زۆربەی سەرچاوەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە سەردەمی کاشییەکان سەردەمێکی ئارام و بێ کێشە بووە و شەڕ زۆر کەم بووە، دەکرێ هۆکارەکەشی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە ئەوان ڕێزیان لە ئایین و خواوەندەکانی بابلی و ئەکەدی، گرتووە.
ئەوان پاش گەڕانەوەی ئارامی و جێگیربوونی دۆخی ناوچەکە، دەستیان بە نۆژەنکردنەوە کرد و شارێکی نوێیان بە ناوی)دورکوریکالزو(بنیات نا کە بووە پایتەختیان، ناوی ئەم شارە لە ناوی پاشای کاشی(کوریکالزۆی دووەم)ەوە هاتووە.
کاشییەکان لەم شارە کۆشک و پەرستگایان درووست کردووە و بۆ ڕووپۆشکردنی زەوی شەقامەکان خشتیان بەکار هێناوە، لە گرنگترین شوێنەکانی ئەم شارە زەقورەی (عەقرقوف)ە کە تا ئێستاش هاووڵاتییە نیشتەجێبووەکانی ئەو سنوورە پێی دەڵێن (حاڕی کوردان).
سەرەڕای ئەمانە، فەرمانڕەوایی کاشییەکان دەستی بە درووستکردنی لەشکرێکی ڕێک و تۆکمە و بەهێز کردووە، جیا لە کورد، ئەکەدی و بابلیشی تێدا بووە، تا سەدەی نۆیەمی پێش زایین ﮪەر بەناوی لەشکری کاشییەکان ناو براوە.
وڵاتی میزۆپۆتامیا لە سەردەمی دەسەڵاتداری کاشییەکان (کاردۆنیاش)ی پێ گوتراوە، بە مانای (بەندەری دۆنیاش) دێت، (دۆنیاش ناوی یەکێک لە خواوەندەکانی کاشی بووە). لەبارەی واتای وشەی دۆنیاش، دکتۆر فەیاز حسێن مامۆستای بەشی شوێنەوار لە زانکۆی مەلەکی ئوردەن، دەڵێ: بۆچوونێک هەیە پێی وایە وشەی دۆنیاش، بە مانای هێز بێت، چونکە لەو سەردەمە پێوەندییەکی پتە و لەنێوان کاشییەکان و میسرییەکاندا هەبووە، بۆیە خواوەندێکیان هەبووە بە ناوی دۆنیاش کە خوای هێز و دەسەڵات بووە.
[1]