ناونیشانی بابەت: نامە مێژووییەکەی #ڤلادیمێر مینۆڕسکی# بۆ #حسێن حوزنی موکریانی#
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
$نووسەر و مێژوونووسی ڕووسی، ڤلادیمێر مینۆڕسکی، سەرسام بووە بە تونا و لێهاتوویی حسێن حوزنی موکریانی$
مینۆڕسکی، لە نامەکەیدا ستایشی حوزنی موکریانی دەکات و دەڵێت بەڕاستی تۆ ڕۆحی میللەتەکەتەیت ئەو برینانەی تۆ هەرگیز لەبیر ناکرێن نیشتمانپەروەرانی وەک تۆ سەرچاوەی پێشکەوتنی میللەتن.
(ڤلادیمێر مینۆڕسکی) نووسەر و مێژونووسی ڕووسی و شالیاری ڕووسیا لە ورمێ، لەسەرەتاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە نامەیەکەیدا بە زمانی فارسی ئاڕاستەی نووسەر و مێژوونووس و ڕووناکبیر حسێن حوزنی موکریانیی کردووە تیادا نووسیویەتی: هەمیشە دەمەوێت گەرەنتیی سەلامەتیی ئێوە و پێشکەوتنی کاری ئەدەبی بکەم، هاوڕێی ئازیز و موحتەرەم، لەم ڕۆژانەدا کە پەڕتووکەکەی هامیڵتۆنم دەخوێندەوە هەمیشە ئەو هاوڕێیەم بەبیر دەهاتەوە بەڕاستی تۆ ڕۆحی میللەتەکەتەیت ئەو برینانەی تۆ هەرگیز لەبیر ناکرێن، نیشتمانپەروەرانی وەک تۆ سەرچاوەی پێشکەوتنی میللەتن ئەو کەسەی لەسەر بەردێک لەسەرووی #ڕواندز# دانیشتووە و سەیری شاخەکان دەکات.
ئەو نامە مێژووییە دەرخەری ئەوەیە کە (ڤلادیمێر مینۆڕسکی) ی نووسەر و مێژوونووسی ڕووسی لەوکاتدا سەرسام بووە بە تونا و لێهاتوویی حسێن حوزنی موکریانیی ڕووناکبیر و نووسەر و مێژوونووسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەربۆیەش ئەم چەند پەیامەی ئاڕاستە کردووە.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان (ڤلادیمیر مینۆرسکی) لەدایکبووی 1877، ڕۆژهەڵاتناسێکی ڕووسی بووە لێکۆڵینەوەکانی زیاتر لەسەر کورد و فارس بووە، بەتایبەت دەربارەی مێژوو و جوگرافیا و چەند بابەتێکی دیکەی پەیوەست بەم دوو نەتەوەیە، هەروەها لە ئەنستۆتی (لازارۆف) خەریکی فێربوونی زمانە خۆرهەڵاتییەکان بووە.
مینۆرسکی لە ساڵی 1903 لە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕووسیا دامەزراوە، لە ساڵی 1904 تا 1908 لە ئێران و شاری #تەورێز# بۆ ماوەیەک دەستبەکار بووە، لەسەردەمی ڕاپەڕینی ساڵی 1917 ڕووسیای بەجێ هێشتووە، دوای فێربوونی زمانی فارسی و تورکی و زمانەکانی دیکە، لە خوێندنگەی زمانە خۆرهەڵاتییەکان لە لەندەن، خەریکی گوتنەوەی زمان و ئەدەبیات و مێژووی ئێران بووە.
مینۆرسکی لە ساڵی 1937 بووە بە پڕۆفیسۆری زمانی فارسی لە زانکۆی لەندەن، لە ساڵی 1944 خانەنشین کرا و دوای ئەوە هەر لە کامبێردج ژیاوە و چەند توێژینەوەیەکی لەسەر مێژوو و کەسایەتییەکانی کورد کردووە.
حسێن حوزنی موکریانی، لە ساڵی 1890 لە شاری #مەهاباد# لە گەڕەکی حاجی حەسەنیان هاتووەتە دنیاوە سەرەتا لای باوکی و خاڵەکانی خوێندوویەتی و لە تەمەنی 21 ساڵیدا ئاوارە بووە و چەندین وڵاتی دەرەوەی بینیوە وەک (ڕووسیا، ئەفغانستان، سووریا، لوبنان، میسر، حیجاز و فەڕەنسا) و چەند وڵاتێکی دیکە، بۆ ماوەی پازدە ساڵ بە هەموو توانایەکییەوە هەوڵی داوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی مێژوویی سەبارەت بە مێژووی گەلی کورد، کە لەو کاتەدا لە زمانەکانی عەرەبی و هیندی و تورکی و فارسی و فەڕەنسی و ڕووسیدا هەبوون، لەبەرئەوەی خۆی شارەزاییەکی باشی لەم زمانانەدا هەبووە، هەر لەم زمانانەشەوە گەلێک نووسراوی بەپێزی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
حوزنی موکریانی ساڵی 1925 هاتووەتە ڕواندز و چاپخانەی زاری کرمانجی دامەزراندووە، ساڵی 1943 لە ڕواندز دوورخراوەتەوە و تا کۆچی دوایی کردووە لە بەغدا ژیاوە. [1]