ئامادەکردنی: بۆتان #گەرمیان#ی
#18-01-2022#
جەژنی قەوڵتاس بۆنەیەکی تایبەتە بە کاکەییەکان و یارسانەکان ساڵانە لە وەرزی زستاندا ئەو جەژنە ئەنجام دەدەن، کە لای زۆری خەڵک نەناسراوە.
ئەمڕۆ #18-01-2022# ڕۆژی جەژنی قەوڵتاسی کاکەییەکان بوو، کە لە دوای سێ ڕۆژ ڕۆژووگرتن دێت، لە چواردەیەمی چلەی گەورەی زستان تاوەکوو 17یەمی زستان، لە شەوی سێیەم دەبێتە جەژنیان و لە ڕۆژی جەژندا، کە ئەمڕۆ دەکات، یاران لە جەمخانەکان سەردانی یەکدی دەکەن و جەژنە پیرۆزە لە یەک دەکەن.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی ئایینی کاکەیی ناوی “قەوڵتاس” لە واتاکەیەوە وەرگیراوە کە پەیامی ئاسمانییە، یارانی قەوڵتاس 7کەس بوون، ئەو حەوتەوانەیەی کە (سوڵتان سەهاک) داڕێژەرەوەی ئایینی یارسان، بۆ کاروباری کۆمەڵایەتیی هەڵیبژاردبوون.
ئەو 7 کەسە دەکەونە ڕێ بۆ خزمەتی سوڵتان سەهاک لە هەورامانی دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی ماندوویەتیی ڕێگەوە لە نزیک کێوی شاهۆ لە شاری پاوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەشکەوتێکدا دەحەسێنەوە و تووشی لەخۆباییبوون دەبن و دەڵین “ئەگەر سوڵتان سەهاک حەقە با خۆی بێتە پێشوازیمان”.
ئەمەش دەبێتە هۆی توڕەبوونی سوڵتان سەهاک و “مستەفا داودان” دەنێرێتە پێشوازییان و بە فەرمانی سوڵتان هەورێک لە ئاسمان درووستدەکات و سێ شەو بەسەریاندا بەفر دەبارێنێت و دەبن بە ژێر بەفرەوە.
کاکەییەکان لە پێش ئەنجامدانی جەژنی قەوڵتاس سێ ڕۆژبەڕۆژوو دەبن، لە چواردەیەمی چلەی گەورەی زستان تاوەکوو حەڤدەیەمی زستان، لە شەوی سێیەم دەبێتە جەژنیان و ڕێوڕەسمی جەژن دەگێڕن.
ڕێوڕەسمەکانی جەژنی قەوڵتاس لە پێنج ڕۆژی یەک لە دوای یەک بەڕێوەدەچن.
لە ڕۆژی جەژن کە ڕۆژێک دوای سێ ڕۆژی بەڕۆژووبوونەکەیە، یاران لە جەمخانەکان سەردانی یەکدی دەکەن و جەژنە پیرۆزە لە یەک دەکەن.
یارسان یان کاکەیی، دینێکی تایبەتن کە ھەڵگری بیروباوەڕ و فەلسەفەیەکی دێرینی کوردەواریین، مەڵبەندی سەرەتای ئەم ئایینە لە #لوڕستان# و ناوچەی گۆران و هەورامانی لهۆن بووە، لە گەلێک شوێنی کوردستاندا بڵاون، بە تایبەت لە هەرێمی #کرماشان# و لوڕستان و ھەڵەبجە و گوندی ھاوار و گەرمیان و گەرمەسێر و #کەرکووک# و دەشتی نەینەوا.
بە بۆچوونی ھەندێک لە مێژووناسان، ناوی یارسان کوورتکراوەی «یارسوڵتان» ە و مەبەست لێی سوڵتان سەھاکە، یاخود یارسان بە واتای شوێنی یار یان موریدانی ئەھلی حەق یان یاری سان دێت، واتە شوێنکەوتە و یاوەری پاشا و خواوەند، بە کاکەییش ناو دەبرێن،
بوونی ئایینی یارسان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میترایییەکان (4000-5000ھەزار ساڵ لەمەوبەر) و تا ئێستاش2022 تایبەتمەندییە میتراییەکانی خۆی بە وەفادارییەوە پاراستووە.
یارسانەکان سێ جەژنیان هەیە، ئەوانیش: جەژنی سوڵتان سەهاک، جەژنی قەوڵتاس (قووتاس) و جەژنی نەورۆز. [1]