کەجەکە: 20 ساڵە دەوڵەتى تورکیا هیچ ڕێکارێکی بەرانبەر کاریگەرییەکانى بومەلەرزە نەگرتووەتە بەر
06.02.2023 سێشەممە
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەکی بەهێز ڕوویدا کە ناوەندەکەی پازارجخی مەرەشە و بەتایبەتی زۆر شاری باکوور، کاریگەریشی کردە سەر زۆر ناوچەی دیکە. سەرەتا سەرەخۆشی لە گەلانی باکووری کوردستان و تورکیا دەکەین، خودا لەو کەسانە خۆشبێت کە گیانیان لەدەستداوە و هیوای چابوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین. هاوبەشی ئازارەکانی گەلەکەمان و هەموو ئەوانەی دیکەین کە بەهۆی بومەلەرزەوە زیانیان بەرکەوتووە. بە گوێرەی زانیارییەکان بومەلەرزەکە کاریگەریشی کردووەتە سەر زۆر شاری ڕۆژاوا و سووریاش و چەندین کەس ژیانیان لەدەستداوە لەهەمان کاتدا هەستی خۆمان بۆ گەلەکەمان لە ڕۆژاوا و گەلانی سووریاش دەردەبڕین.
هۆکاری ئەوەی بومەلەرزەکە ئەو هەموو زیانەی لێکەوتووەتەوە دەوڵەت و دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەیە کە دەوڵەت بەڕێوەدەبەن. دەوڵەتی ئاکەپە-مەهەپە هەموو جارێک کە بوومەلەرزە ڕوودەدات هەندێک هەوڵی فریودەرانە ئەنجام دەدات و بەم جۆرە هەوڵ دەدات وانیشانی بدات کە هاوکاری گەل دەکات. ئەو هەوڵانە هەمووی بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیەتی. دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە لەبەرانبەر بومەلەرەدا هیچ ڕێوشوێنێک ناگرێتەبەر، سەرچاوەکانی وڵاتی خستووەتە خزمەت لایەنگرانی خۆیەوە و بۆ شەڕ دژی گەلی کورد بەکاریان دەهێنێت. ئەگەر لەبەرانبەر بومەلەرزە ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر، دەتوانرێت ڕێگریی لە زیانەکانی بومەلەرزە بکرێت، بەڵام ئاکەپە کە زیاتر لە 20 ساڵە لە دەسەڵاتدایە تائێستا هیج ڕێوشوێنێکی نەگرتووەتەبەر و هەموو بومەلەرزەیەک بووەتە هۆکاری زیانی گیانی و ماددی زۆر. لە جوگرافیای تورکیا و کوردستان کە هێڵی ڕۆچوونی تێدایە و بەهۆی ئەوەی ئاستی مەترسی بومەلەرزە لەو هەرێمەدا زۆر بەرزە، بینا و سیستمی بیناسازی دەبێت بە گوێرەی ئەوە بێت. بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە کە حکومەتی شەڕ و گەندەڵییەنەک هەر ڕێکار بەرانبەر بە بومەلەرزە ناگرێتەبەر، بەڵکوو ئەو بودجەیەش کە بۆ بومەلەرزە دادەنرێت دەیخوات و بۆ سیاسەتە شەڕانگێزیەکانی بەکاریان دەهێنێت. هەربۆیە ئۆباڵی زیانە گیانی و مادییەکان لە ئەستۆی ئاکەپە-مەهەپەیە کە بەرپرسە لە گرتنەبەری ڕێوشوێن، کەچی هیچ ڕێوشوێنێکی نەگرتووەتەبەر.
لەبارەی بوومەلەرزەکەوە ئەم بانگەوازە ڕادەگەیەنین؛ بەتایبەتی گەلی باکووری کوردستان دەبێت هەموو کەس بە گیانێکی بەرزی پستیوانییەوە بچوڵێنەوە و هەموو تواناکانی خۆیان بخەنەکار. گەلەکەمان بە بێ ئەوەی چاوەڕێی دەوڵەت بکات، لە هەموو شوێنێک دەبێت دەرفەت و تواناکانی خۆی بەکاربهێنێت و بۆ خۆی برینی خۆی ساڕێژ بکات. هاوکات لەگەڵ کارەکانی ڕزگارکردن، بەهۆی هەلومەرجی زستانەوە دەبێت ماڵ و تواناکانیان لەگەڵ ئەو کەسانەی ماڵەکانیان وێران بووە هاوبەشی پێبکەن. دەزگا و دامەزراوە دیموکراتیکەکانیش دەبێت پاڵپستی لەگەڵ بکەن، خۆیان بگەیەننە ئەو مرۆڤانەی پێویستیان بە هاوکاری هەیە و یارمەتیان بدەن. گەلی کوردستان لەدەرەوەی وڵاتیش دەبێت بەهۆی بومەلەرزەکەوە پشتیوانی ناوخۆی وڵات بکات. ئەو بومەلەرزەیەی زیانی گیانی و ماددی زۆری لێکەوتەوە، بە پشتیوانی گەل و دامەزراوە دیموکراتیکەکانی، بە هاوبەشی کردن بە تواناکان و پاڵپشتی کردن لە یەکتر دەتوانرێت تێپەڕێنرێت. ئێمە جاڕێکیتر بەهۆی زیانە گیانییەکان لە باکووری کوردستان، تورکیا، ڕۆژاوا، سووریا و ناوچەکانی دیکە سەرەخۆشی خۆمان ڕادەگەیەنین، هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین. ڕایدەگەیەنین کە پشتیوانی لە هەموو کەس دەکەین کە بوومەلەرزەکە کاریگەریی کردووەتەسەریان، هاوبەشی ئازار و هەستەکانیانین. لەو بڕوایەداین کە وەک گەل بە هاوبەشی کردن بە تواناکانمان و بە پستیوانی دەتوانین ئەم قۆناغە دژوار و بەئازارە تێپەڕێنین.
[1]
[2]