ناونیشانی بابەت: درێژترین و بەناوبانگترین ڕووبارەکانی ئەوروپا
ئامادەکردن: #حسێن عەبدولکەریم ڕۆستەم#
1- ڕووباری ڤۆڵگا.
درێژی ڕووباری ڤۆڵگا 3690 کم ، چواردەهەمین درێژترین ڕووباری جیهانە،
درێژترین ڕووبارە لە ئەوروپا و دەڕژێتە ناو دەریای قەزوین، ڕووباری ڤۆڵگا دەکەوێتە بەشی ڕۆژاوا ئەوروپای ڕووسیا و ناوی ڤۆڵگا بەپێی ئەو ناوچەیەی تێیدا تێدەپەڕێت دەگۆڕێت ، هەروەها ڕووباری ڤۆڵگا ڕێڕەوێکی ئاوییە گرنگە بۆ کەشتیوانی لەناو ڕووسیادا.
ڕووباری ڤۆڵگا لە گردەکانی ڤاڵدای ڕۆژاوای مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا هەڵدەقوڵێت و بەرەو باشوور دەڕوات تا دەڕژێتە ناو دەریای قەزوین ، نزیکەی 200 لقی هەیە ، دوو لقی گرنگی هەیە بریتین لە کاما و ئۆکا ، و 14 شاری گەورە لەسەر ڕووبارەکە دامەزراوە ، گرنگترینیان مۆسکۆ و کازانن.
چەندین چالاکیی کشتوکاڵی لە ناوچەکەدا هەیە ، جگە لەوەش زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی ڕووسیا پشتی پێدەبەستن لەسەر گواستنەوە لەلایەن کەشتییەکانی ئەم ڕووبارە بۆ گواستنەوە لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر .
2- ڕووباری دانوب.
درێژی ڕووباری دانوب 2860 کم ، هەروەها یەکێکە لە درێژترین ڕووبارەکانی ناو یەکێتی ئەوروپا و دووەم درێژترین ڕووباری ئەوروپایە لە دوای ڕووباری ڤۆڵگا ، ڕووباری دانوب لە بەرزاییەکانی کێوی ڕەش لە ڕۆژاوای ئەڵمانیا هەڵدەقوڵێت و دەڕژێت ناو دەریای ڕەش ، ڕووباری دانوب بە زۆرێک لە پایتەختەکانی ئەوروپادا تێدەپەڕێت لە نەمسا و کۆماری چیک و هەنگاریا و سربیا ، تاوەکو دەڕژێت ناو دەریای ڕەش ، لە دەلتای ڕووباری دانوب کە هاوبەشە لەگەڵ ڕۆمانیا و مۆڵداڤیا و ئۆکرانیا .
ڕووبارەکە چەند ناوێکی ناوخۆیی لێنراوە، چونکە بە دە وڵاتدا تێدەپەڕێت ، لە ئەڵمانیا و نەمسا ناوی (دانۆ) ە ، لەکاتێکدا لە سلۆڤاکیا پێی دەوترێت (دوناگ) ، لە هەنگاریاش پێی دەوترێت (دونا) ، لەکاتێکدا لە سلۆڤینیا و کرواتیا و سربیا و بولگاریا پێی دەوترێت (دوناڤ) ، ناوەکەی لە ڕۆمانیا (دۆناریا) یە ، لە ڕووسیاش (دۆنای) ە ، دانوبیش بەشداری کردووە لە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە هەردوو دیوی ڕێڕەوەکەیدا چونکە ڕێڕەوەکەی بۆ بازرگانی و کەشتیوانی دەریایی گونجاوە ، هەروەها بەرهەمهێنانی کارەبا.
چەند شارێک دەکەوێتە سەر ڕێڕەوی ڕووباری دانوب ، ئەوانیش ڤیەنا پایتەختی نەمسا ، بوداپێست پایتەختی هەنگاریا ، لزوبلیانا پایتەختی سلۆڤینیا ، زاگرێب، پایتەختی کرواتیا و بەلگراد پایتەختی سربیا .
3- ڕووباری ئۆرال.
ڕووباری ئۆرال درێژییەکەی 2428 کم و سێیەم درێژترین ڕووباری ئەوروپایە ، ڕووباری ئۆرال کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەوروپا جیادەکاتەوە ، لە چیای ئۆرالەوە هەڵدەقوڵێت و بەخاکی ڕووسیا و کازاخستان تێدەپەڕێت و دەڕژێتە ناو دەریای قەزوین.
4- ڕووباری دەنێبر.
درێژی ڕووباری دەنێبر کە چوارەم درێژترین ڕووباری ئەوروپایە 2290 کم ، ڕووبارەکە لە بەرزاییەکانی ڤالادای ڕووسییەوە هەڵدەقوڵێت و دەڕژێتە ناو دەریای ڕەشەوە لە کەناراوەکانی ئۆکرانیا.
5- ڕووباری دۆن ڕیڤەر.
ڕووباری دۆن ڕیڤەر پێنجەمین درێژترین ڕووباری ئەوروپایە ، درێژی ڕووبارەکە 1950 کم ، لە پارێزگای تولا لە ڕووسیا هەڵدەقوڵێت و دەرژێتە ناو دەریای ئازۆڤ لە باکووری دەریای ڕەشەوە، بەرەو باشووری ڕۆژهەڵات و پاشان باشووری ڕۆژاوا دەڕوات دەرژێتە ناو دەریای ئازۆڤ ، پاشان بەرەو ڕۆژهەڵات دەچەمێتەوە تا 105 کم لە ڕووباری ڤۆڵگا دوورە ، ڕووبارەکە ڕێگایەکی گرنگە بۆ گواستنەوەی دانەوێڵە و خەڵوز و دار ، ڕووبارەکە چەندین دەشتی لافاواوی هەیە و لە وەرزی زستاندا بەستەڵەک دەبێت.
6- ڕووباری پێچۆرا.
درێژی ڕووباری پێچۆرا 1809 کم ، دەکەوێتە وڵاتی ڕووسیا ، بەڵام لە باکووری ڕۆژاواوە ، لەوێ لە چیای ئۆراڵەوە هەڵدەقوڵێت و دەرژێتە ناو دەریای بارێنتس لەسەر زەریای جەمسەری باکوور.
7- ڕووباری کاما.
ڕووباری کاما 1805 کیلۆمەتر درێژە و لقێکی ڕووباری ڤۆڵگایە ، ڕووباری کاما لە کۆماری ئۆدمۆرتیاوە هەڵدەقوڵێت و لە تاتارستانی ڕووسی لەگەڵ ڕووباری ڤۆڵگا یەکدەگرێتەوە.
8- ڕووباری ڤیسێگدا.
درێژی ڕووباری ڤیسێگدا 1774 کم ، و دەرژێتە ناو کەنداوی دڤینا ، هەروەها لقێکی زۆری هەیە ، گرنگترینیان بریتین لە ڤیسێگدا ، ڤاجا و بێنیجا.
9- ڕووباری کورا.
درێژی ڕووباری کورا کە نۆیەمین درێژترین ڕووباری ئەوروپایە ، 1515 کم ، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هەڵدەقوڵێت و بە تەبلیسی پایتەختی جۆرجیا و پاشان ئازەربایجاندا تێدەپەڕێت و دەڕژێتە دەریای قەزوین ، باشووری پایتەخت باکو.
10- ڕووباری ئۆکا
درێژی ڕووباری ئۆکا 1500 کیلۆمەترە، لقێکی ڕووباری ڤۆڵگایە و لە خاکەکانی ڕووسیادا دەڕوات تا دەڕژێتە ناو ئاوی ڕووبارە گەورە کە دەڕژێتە ناو دەریای قەزوین .
11- ڕووباری ڕاین:
ڕووباری ڕاین یەکێکە لە ڕووبارە بەناوبانگەکانی جیهان و یەکێکە لە ڕووبارە گرنگەکانی ئەوروپا ، بێگومان یەکێکە لە درێژترین ڕووبارەکانی کیشوەرە پیرەکەیە ، ڕووباری ڕاین لە چیاکانی ئەلبی سویسرا هەڵدەقوڵێت و ماوەی 1230کم دەبڕێت تا دەڕژێتە ناو دەریای باکوور.
ڕووبەری ڕووباری ڕاین نزیکەی 252 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە ، بە سویسرا، فەرەنسا ، ئەڵمانیا ، لیختنشتاین و هۆڵەندا تێدەپەڕێت.
ناوی ڕووبارەکە لە وشەی سێلتیکی وەرگیراوە کە بە واتای (رویشتوو) دێت.
هەروەها ڕووباری ڕاین جێگەیەکی گرنگی لە مێژووی ئەوروپادا بە گشتی و مێژووی ئەڵمانیا بەتایبەتی هەەیە ، چونکە بۆ ماوەی 400 ساڵ سنووری سەرەکی نێوان وڵاتانی ڕۆمانی و هۆزە جێرمانییەکان بووە و زۆرێک لە شارەکانی ئەڵمانیاو فەڕەاسا لە دیوی ڕۆژاوای ئەورووپا سەریان هەڵداوە.
ڕوباری ڕاین پەیوەستە بە ڕووبارە گرنگەکانی ئەوروپاوە وەک دانوب و ڕۆن و مارن ، ئەمەش وایکردووە کە ڕێڕەوێکی گەشتیاری ناوخۆیی گەورە بێت ، کە بەلەمەکانی هۆڵەندی و ئەڵمانی لە ڕێگەیەوە خەڵوز و وەرگیراوەکانی نەوت و کانزا و دانەوێڵە دەگوازنەوە.
12- ڕووباری لۆیر:
ڕووباری لۆیر یەکێکە لەو ڕووبارانەی کە لە یەک وڵاتدا تێدەپەڕێت و ئەمەش دەگمەنە، چونکە بە تەواوی لە کۆماری فەرەنسادا دەروات و درێژییەکەی 1020 کم ، و لە چیای
جیر دۆ جۆن هەڵدەقوڵێت و دەڕژێتە ناو کەنداوی بیسکای ، و ڕێژەی ئاوەکەی لە وەرزی زستان هەشت هێندەی مانگەکانی ترە بەهۆی زۆری باران و لێشاوی ناڕێکەوە بەهۆی تێپەڕبوونی بە ژمارەیەکی زۆر لە بەرزاییەکان. [1]