ئەشکەوتێکە لە ناوەڕاستی ناوچەی #لوڕستان#دایە لە دیوی ڕۆژهەلاتی #کوردستان#ە. ڕێڕەوێکی کۆنی پەڕینەوەی مرۆڤی نوێی لە ئافریقا هاتوو بۆ ئاسیای ناوەڕاست و لەوێوە بۆ ئەوروپا، بووە. بۆ هەردوو مرۆڤ و ئاژەڵیش ئەو ناوچەیە شوێنی پەڕینەوەیان بووە بە زاگرۆسدا. لەبەرهەبوونی سەرچاوەی زۆری ئاو و دار و دارستان و ئەوشکەوتی زۆر، ناوچەیەکی لەباری ژیانی مرۆڤی دێرین بووە. لە ساڵانی 30 سەدەی ڕابردووەوە بایەخی ئەو ناوچەیە بۆ شوێنەوار و پاشماوەی مرۆڤی کۆن، ناسراوە.
ئەشکەوتی کاڵدار دەکەویتە دۆڵی خورەمئاوا سەرەتا لە ڕووماڵێکی ساڵی 2010 دۆزراووەتەوە. 1290 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا بەرزە. لە ناوێدا 16 مەتر قووڵە و 17 مەتریش پانە، تا 7 مەتریش بەرزە. لە نیوان چاخی بەردینی ناوەڕاست و نویدا، ژیانی تێدا بووە. واتا 38650 تا 54400 ساڵ لەمەوبەر. ئەو ئامرازە بەردانەی لە چینەکانی بنەوەی بەشی چاخی بەردینی نوێدا دۆزرانەوە، لە کۆنترین ئامرازی بەردینی لەو جۆرەن مرۆڤ لە ڕۆژئاوای ئاسیا دروستی کردبێت. مرۆڤی ئەوکاتە نەک هەر لە وێوە هەنگاوی بەرەو ئەوروپا هەڵێناوە، بەڵکو لەگەڵ ژینگەی شوێنی ژیانیشیدا تەواو خۆی گونجاندووە.
هەڵکۆڵینەکانی ساڵانی 214 و 2015 بەڵگەی ژیانی مرۆڤی نوێی تێدا دۆزییەوە. ئەگەریش هەیە نیاندرتاڵ لەوێ ژیابێت. پاشماوەکانی زەوی کالدار بۆ چوار چین دابەشکراون. چینی یەکەم لە نێوان 23100 تا 29400 ساڵ پیش ئێستایە، ئینجا چینی دووەم 38650 تا 36750 ساڵ لەمەوبەر، دواتر چینی سێیەم لە نێوان 44200 تا 42350 ساڵ لەمەوبەرە، پاشان چینی چوارەم لە نێوان 54400 تا 46050 ساڵ بەر لە زایینە. بەو جۆرە کالدار دەبێتە کۆنترین ئەشکەوتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مرۆڤ تێیداژیابێت.
کەشوهەوای ئەو شوێنە وەکو سەردەمانی هاوچەرخ بووە، زۆرتر وشک بووە. پاشماوەی ئێسقانی قرتێنەر و خشۆکەکان ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخەن. دارستانی چڕوپڕ نەبووە. دەکرێ کەمێک لە نزمایی تر شێداربووبێ بەهۆی ئەوەی لە چۆمەکەوە نزیک بووە. بەو هۆیەوە لەوانەیە هەندێ جۆری دیکەی ئاژەڵ وەکو ئاسک و مەڕ و بزنی کێوی لەو ناوچانە هەبووبن.
لەبەرئەوەی جگە لە پاشماوەکانی شوینەوار، هیچ بەڵگەیەکی دیکە نییە ئەو کۆچانەی مرۆڤی نوێ نیشان بدات و شوێن پێیان هەڵگرێتەوە. دەرکەوتنی کەلتووری دروستکردنی ئامرازە بەردەکان کلیلی ئەو بڵاوبوونەوانەن. لە ناوچەی زاگرۆسدا، کەلتووری ماوستریان جێگرەوەی بۆ پەیدا دەبیت و بەرەو نەمان دەڕوات. ئەو نەمانەی کەلتووری ماوستریان و دەرکەوتنی کەلتووری #برادۆست#یان نیشانەی گەشیتنی مرۆڤی نوێیە و دیارنەمان یان کۆچی نیاندرتاڵە. جێگرتنەوەی نیاندرتاڵ لە نێوان 40 بۆ 50 هەزار ساڵ لەمەوبەر لە هەردوو دیوی #زاگرۆس# لە باشوور و ڕۆژهەلاتی کوردستان ڕوویداوە. شوێنەوارناس کۆنارد و تیمەکەی پێیان وایە کەلتووری ناوچەی #کرماشان# لە چاخی بەردیینی نوێدا لە جۆری ڕۆستەمییە، چونکە هەندێ ئاکاری لەوانەی ناوچەی لێڤانت و ئەوروپا دەچێت. بۆیە پێشنیازی ئەوە دەکرێ ناوی برادۆستیان بۆ ئورۆگناشیانی زاگرۆس بگۆڕدرێت. بەڵام زۆر توێژەر هەر بە برادۆستیی، ناوی دەبەن.
هەموو بۆچوونەکان ناگەنە یەک و ناکۆکن کاتێک دەگووترێت کەلتووری دروستکردنی ئامرازە بەردەکانی چاخی بەردینی نوێ لەم ناوچەیەدا لە کەلتووری ماوستریانەوە داکەوتووە. چونکە هەندێک پێیان وایە برادۆستیی لە کەلتووری ماوستریانەوە داکەوتووە، دۆزینەوەکانی هەردوو شوێنەواری بەناوبانگی وارواسی و یافتە پاڵپشتی بۆچوونەکەی دووەم دەکەن. بەڵام لەبەرئەوەی بەراوردەکە تەنیا لەگەڵ دوو شوێنەواربووە، بۆیە ئەگەر هەیە لە هەموو زاگرۆس بە دریژایی 2000 کیۆمەتر، وانەبێت. بۆ پشت ڕاستکردنەوەی هەر بۆچوونێک دەگەینە بنبەست چونکە زاگرۆس ناوچەیەکی والایە و لەو بارەیەوە ئەوەندە زانیاریی بەردەست نییە بمانگەیەنێتە ئەنجامی کۆتایی.
کۆمەڵێکی باش لە ئێسقانی گیانداران و ئاژەڵان لەوێ دۆزرانەوە. ئەوانەی خشۆک و گیانداری بچووک بوون بۆ ڕاوی باڵداری گەورەی وەکو باز و داڵاش دەگەڕێنەوە. بەڵام پەیکەرێکی تەواوی ئێسقانی ئاسک دۆزرایەوە، زۆربەی ئێسقانەکان شکاوبوون، بەشی هەرەزۆری بەباشی مابوو. ئەو پەیکەرە ئێسقانە پاشماوەی داماڵینی گۆشتی لەسەربوو. زۆربەشی لە ئاگردا سووتابوون، واتا بە گۆشتەکەیەوە لەناو ئاگر بووە. هەیانبوو ڕەش هەڵگەڕابوون و هەیانبوو سوور بووبوونەوە، ئەویش بۆ ئەوەبووە دوای شکاندنی ئێسقانەکان مۆخەکەی ناویان ببرژێنن. جگە لەوانیش کەمێک ئێسقانی دیکە هەبوون جێ ددانی ئاژەڵی دڕندەیان لەسەربوو، واتا ڕاوی ئەوان بوون و بۆ ناو ئەشکەوتەکە هێندراون.
ئامرازە بەردەکانی لە چینی پێنجەمی ئەشکەوتی کاڵدار دۆزرانەوە لە جۆری ماوستریان بوون. بەشێکی باشیان لەوانەبوون بە لاڤۆلۆ ناسراون. ئەو جۆرە ئامرازانە لە چاخی بەردینی ناوەڕاست هەبوون. مرۆڤ بە لێدانی بەرد بە شیوەیەکی تایبەت ئامرازی بەردی دروست کردووە، شیوەیان بە لای سێگۆشەدایە. بۆ بڕین و داماڵینی گۆشت لە ئێسقان بەکارهاتوون. هەیانبووە بۆ جاری دووەم پارچەیەکی دیکەیان لێکراوەتەوە و دووبارە ئامرازێکی تازەی لێوە دروستکراوە. ئەو پارچەوپووچە بچووکانەی لە دروستکردنی ئامرازەکانیان پەیدابوون لە شوێنێکی دیکەدا دۆزرانەوە. لە بەراوردی نێوان دۆزراوەکانی چینی پێنچ و چوار گۆڕان بە دیدەکرێت. لە چینی چوارەمدا، جگە لە جیاوازی دیکەی چۆنییەتی دروسکردنیان، ئامرازەکان درێژکۆلە بوون و لە کێش و قەبارەدا لەوانەی پێش خۆیان بچووکترن. ئەو گۆڕانە بە گۆڕانی تەکنۆلۆجی دەناسرێ.
لە بەراوردی نێوان ئامرازەبەردەکانی لە ناوچەی زاگرۆس دۆزراونەتەوە لەگەڵ ئەوانەی لە شوێنەوارەکانی ئەوروپا، دۆزراونەتەوە زۆر ئاکاری ئەو ئامرازانەی هەردوو ناوچە، لەیەک دەچن. بۆیە بۆچوونێک هەیە پێی وایە سەرەتای دەرکەوتنی ئەو جۆرە ئامرازە بەردانەی مرۆڤی دێرین لە زاگرۆس بووە و لەوێوە بەرەو ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات بە ئەوروپادا، بڵاوبووەتەوە. ئەو ئامرازانە بە زاگرۆس ئاوریگناشیان ناونراون. هەرچی ئامرازەکانی جۆری ماوستریانن، ئەوا نیاندرتاڵ دروستی کردوون و بە دەرکەوتنی زاگرۆس برادۆستیان و ئاوریگناشیان لە نێوان 49200 تا 51، 000 ساڵ لەمەوبەر، ماوستریان لە کالدار نامێنێ. ماوستریان لە هەموو شوێنێک پاشماوەی نیاندرتاڵن. هەر لەو سەردەمەدا بووە کەش و هەوا بەرەو گەرمبوون چووە، چاخی بەستەڵەک لە کشانەوە بووە.
مرۆڤی نوێی لە ئافریقاوە هاتوو لەگەڵ جۆری دیکەی ئاژەڵان مامەڵەی کردووە. ئەو جۆرە ئاژەڵانەی لە زاگرۆس و باکووری زاگرۆس هەبوون وەکو ئەوانەی دوورگەی عەرەبی و ئافریقا نەبوون. ئەوان لەییەکەمین کەسەکان بوون ئەو جۆرە ئاژەڵە نوێیانەیان دیوە و لەگەڵیاندا ژیاون. شیردەرەکان لەو ناوچە نوێیانە جیاواز بوون، بەڵام خشۆک و قرتێنەرەکان هەر وەکو ئەوانەی دوورگەی عەرەبی بوون. ئێسقانی ئاژەڵانی لەوێ دۆزرانەوە لە کۆنترین پاشماوەکانی ئەو جۆرە ئاژەلانەن.
ئەم بابەتە لەلایەن هالی پشدەری نووسراوە.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!