ناونیشانی بابەت: زبارەی هاووڵاتییانی گوندی سەرانی قەزای ڕواندز بۆ دروستکردنی دێی چڵوو
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
ساڵانە لەکۆتایی وەرزی هاوین، ئاژەڵدارانی گوندەکانی سنووری ئیدارەی #سۆران#، بە هاوکاری و هەرەوەزیی دانیشتوانی گوندەکانیان و خەڵکی دەوروبەر، بە شێوەی زبارە دەست دەکەن بە بڕینەوەی چڵووی داربەڕوو و دارماز و دروستکردنی دێ، بۆ ئەوەی لە وەرزی زستاندا وەک ئالیک و خۆراکی وشک بیدەن بە بزن و مەڕەکانیان.
لەمبارەیەوە، زریان ڕەحمان، هاووڵاتیی دانیشتووی سنووری قەزای #ڕواندز# لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: ئاژەڵدارانی گوندەکانی سنوورەکەمان، بەتایبەت ئەوانەی بزن و مەڕ بەخێو دەکەن، ساڵانە لە کۆتا مانگی هاویندا، واتە زیاتر لەم وەرزەی ئێستادا، دەست دەکەن بە بڕینەوەی چڵووی داربەڕوو و دارمازەکان و کۆکردنەوە و دانانی لەسەر درەختەکان ببەشێوەی دێ (دێ چڵوو)، بۆ ئەوەی لە کاتی بەفربارین و سەرمای زستان سوودی لێ ببینن و وەک خۆراکێک بیدەن بە ئاژەڵە ماڵییەکانیان، بۆ ئەمەش دانیشتوانی گوندەکە و خەڵکی گوندەکانی دەوروبەریش هاوکارییان دەکەن و کارەکە بەشێوەی زبارە بەڕێوە دەچێت.
گوتیشی: بۆ ئەم کارە هەموو چین و توێژەکان لەگەڵ ئاژەڵدارەکان هاوکار دەبن، بۆ نموونە، جگە لە شوانکاران و خەڵکی ئاسایی، مامۆستا، دەرچوانی زانکۆ و کۆلێژ و پەیمانگاکان و ...تد، بەشداریی لەم جۆرە زبارانە دەکەن، ئەوەش وادەکات پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لەنێوان دانیشتوانی ئەو ناوچانە بەهێزتر بێت، هەروەک زبارە لە کۆنەوە، لە سەردەمی باب و باپیرانمان وەک کولتوورێک هەبووە و تائێستاش بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەش دا: لەم ڕۆژانەدا لە گوندی سەران سەربە قەزای ڕواندز، بەشداریمان کرد لە زبارەی دروستکردنی دێی چڵوو بۆ ئاژەڵدارێکی گوندەکە، سەرەڕای گەرما و ماندووبوون، بەڵام بەهۆی پێکەوەبوون و جۆش و خرۆشی ئامادەبوان، شادی و خۆشیی زۆری پێ بەخشین، لە کۆنیشەوە گوتراوە، هەر کارێک گرانە، بە هەرەوەز ئاسانە.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!