- بەهۆی تۆبارانی سوپای تورکیا بۆ سەر شاری جزیرەی باکوری کوردستان، سێ هاوڵاتی گیان لەدەست دەدەن، هەروەها بەهۆی هێرشی پۆلیس بۆسەر پەرلەمانتارانی هەدەپە، هەریەک لە پەرلەمانتار ڕوحا عوسمان بایدەمیر، مەرال دانش، چەندین پەرلەمانتاری تر بریندار بوون.
- لە کانتۆنی عەفرین سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی 31 شارەوانی لە سنووری کانتۆنەکە بەڕووی دەنگدەراندا کرایەوە و خەڵکیش بە پەرۆشەوە بەپیر هەڵبژاردنەکەوە دەچن و وەک بڕیارە تا کاتژمێر 8ی شەو دەنگدانەکە بەردەوام بێت.
- پەرلەمانتاری شاری ئاگری بەهۆی ستەمی سەر گەلی کورد و ئەو شەڕەی دەوڵەتی تورکیا دژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و خەڵکی باکووری کوردستانەوە بەرپای کردووە، مانگرتن تا مردنی ڕاگەیاند.
- سوپای تورکیا لەسەر سنور دەسترێژی گوللە دەکاتە سەر ئەو شۆفێرانەی باکوری کوردستان کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە و شۆفێرێک شەهید دەبێ و چەندین شۆفێری تریش بریندار دەبن.
- بەڕێوەبەری یاریدەدەرێتی ئاسایشی کەلار، سەیوان غازی، سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان، گوللەیەک بەر سەری کەوتووەو لەبەر سەختی برینەکەشی ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراوە.
- یەکێتی ئەوروپا نیگەرانی خۆی لە ئاڵۆزییەکانی تورکیا ڕاگەیاندو داواش لە حکومەتی ئەو وڵاتە دەکات کە هێرشەکانی سەر هاوڵاتیانی مەدەنی ڕابگرێت.
- لە قەزای دورزخورماتوو دەست ڕێژی گولە لە دوو هاوڵاتی کورد دەکرێت، یەکێکیان کوژرا و ئەوتریان برینداربوو.
- دەسەڵاتدارانی تورکیا هەرسێ مەرزی سنووری خۆی (بازرگان، سرۆ، ڕازی) لەگەڵ ئێران، داخست. هۆکاری بڕیارەکەش بۆ ئەوە گەڕاوەتەوە، کە مەترسیان هەیە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) هیرشیان بکاتە سەر.