ڕۆژنیوز، بڕیار محەمەد
لە هەرێمی کوردستان ئامارەکانی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە هەڵکشاندان.
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا هەزاران توندوتیژیی دژ بە ژنان ئەنجام دراون.
لەو ئامارەدا هاتووە، کە لە هەرێمی کوردستان، 10 ژن کوژراون و 26ی دیکەش خۆیان کوشتووە، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونی ڕۆژنیوز ژمارەی کوشتنەکان زیاترە، بەنمونە لەو خشتەیەی کە بەڕێوبەرایەتییەکە بڵاویکردووتەوە لە مانگی یەک-دا هیچ حاڵەتێکی کوشتنی ژنان لە گەرمیان تۆمار نەکراوە، ئەمە لەکاتیکدایە، کە لە ڕۆژی #03-01-2018# لە گەڕەکی 100 ماڵەکەی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، پیاوێک دوو خوشکی خۆی کوشت.
ئەمەش دەری دەخات، کە پێدەچێت ئامارەکان زۆر لەوە زیاتربن، کە ئەو بەڕێوبەرایەتییە بڵاوی دەکاتەوە.
هەر لە ئاماری سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان-دا هاتووە، کە 39 ژن سوتاون و 40 ژنی دیکەش خۆیان سوتاندووە، بەڵام ئاماژە بەوە نەدراوە، کە چەندیان گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها، 31 جار دەستدرێژیی سێکسیی کراوەتە سەر ژنان و هەزار و 959 سکاڵاش لەلایەن ژنانەوە تۆمارکراوە.
ئەگەر بەراوردی توندوتیژییەکانی کوشتن، خۆکوشتن، خۆسوتاندن، سێکسیی و تۆمارکردنی سکاڵا-ی ژنان بکەین لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەراورد بە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، دەبینین هەریەکە لەو حاڵەتانە زیادییکردووە، چونکە بەپێی ئاماری ساڵی ڕابردوو لەو سێ مانگەدا، 10 ژن کوژراون، 14 ژن خۆیان کوشتووە، 37 ژن خۆیان سوتاندووە، 30 ژن دەستدرێژی سێکسیی-یان کراوەتەسەر و هەزار و 916 سکاڵا تۆمارکراوە، بەڵام سوتان لە ساڵی ڕابردوودا زیاتربووە، کە 72 حاڵەت بووە.
واتا بەگشتیی لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو دوو هەزار و 79 حاڵەتی توندوتیژیی تۆمارکراوە، بەڵام لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ دوو هەزار و 105 حاڵەت لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان تۆمارکراوە.
شەنگە هاوار، چالاکوانی ژنان، توندوتیژییەکانی دژ بە ژاننی کرد بە دوو بەشەوە و وتی: لەلایەک تاک و لەلایەکی دیکە حکومەت توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدەن.
شەنگە ڕوونیکردەوە، کە توندوتیژیی تاک ڕاستەوخۆ لەلایەن تاکەکانەوە دەکرێت، حکومەتیش لەڕێگای کارئاسانیی بۆ کردنیانەوە هۆکاریی دەکات، بەنمونە لەکاتێکدا بەپێی یاسا لە هەرێمی کوردستان هاوسەرگیریی دووەم قەدەغەیە، بەڵام لە دادگای ناوچە دابڕێندراوەکان-ی وەک کەرکووک و مەخمور کارەکانیان بۆ ڕایی دەکرێت، بۆیە پێویستە حکومەت ڕیگا لەو دیاردەیە بگرێت.
هەروەها، وتی: هەتا جیاوازیی ڕەگەزیی بونوی هەبێ، توندوتیژییش بەردەوام دەبێت، بۆیە پێویستە جیاوازیی ڕەگەزیی لەناو خێزانەکان-دا نەهڵێدرێت، بۆ ئەمەش هەر تاکێک لەخۆیەوە دەستپێبکات، دواتر دەتوانین کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگە دروست بکەین.[1]
#23-05-2018#