سوڵتان هاشم ئەحمەد محەممەد تائی، لە 1945 لە مووسڵ لەدایکبووە.
لە دیارترین بەرپرسە سەربازییە خاوەن تواناکانی سوپای ڕژێمی بەعس بووە و لە 1995ەوە کراوەتە وەزیری بەرگری.
لە 1970 هاوسەرگیری لەگەڵ ئامۆزای خۆی کردووە. 10 منداڵی هەبووە. دوو کچ و هەشت کوڕ. گەورەکەیان ناوی ئەحمەدە و لەدایکبووی 1975ە.
لە شەڕەکانی عێراق و ئێران و شەڕی کوەیتدا بەشدارییەکی کارای کردووە.
دەرچووی کۆلیژی سەربازی بووە لە 1964 و دواتر لە 1976 کۆلیژی ئەرکانی تەواوکردووە.
کاتێک کۆلیژی ئەرکانی تەواوکردووە، کراوەتە فەرماندەی فەوجی لیوای پێنجی فیرقەی چوارەم و دواتر بووەتە فەرماندەی لیوا و پاشان فەرماندەی فیرقە و فەرمانداری هەریەک لە فیرقەکانی 4، 5، 15، 18، و 8ی سوپای عێراقی کردووە.
لە یەکێتی سۆڤیەتی جاران، لە بەریتانیا و ئەمەریکا خولی سەربازی بینیوە و وەک مامۆستاش لە کۆلیژی سەربازی وانەی وتووەتەوە.
لە ساڵی 1980 تا 1988 کراوەتە فەرماندەی لیوای پێنجەمی پیادە لە فیرقەی چوار و دواتر فەرماندەی باڵای فیرقەی چوار و پاشان فەرماندەی فەیلەقی پێنجەم و دواتریش فەرماندەی فەیلەقی یەکی لە کاتی شەڕدا پێ دراوە.
لە شەڕی کوەیت، جێگری سەرۆک ئەرکانی ئۆپراسیۆنەکان بووە و تا 1993 له و پلەیە ماوەتەوە.
سەرۆکایەتی شاندی عێراقی کردووە لە دانووستانەکانی ئاگربەستی شەڕی کوەیت لە 1991 و ئه و دانووستانانە بە خەیمەی سەفوان ناسراون و تێیدا بڕیاری کشانەوە و شکستهێنانی سوپای عێراقی لە شەڕی کوەیت پەسند کرد.
لە 1994 کراوەتە پارێزگاری نەینەوا.
لە 1995 کراوەتە سەرۆکی دەستەی ئەرکانی سوپای عێراق.
لە 1996 کراوەتە وەزیری بەرگری و ئەندامی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق و لە شوێنی عەلی حەسەن مەجید دەستبەکار بووە.
لە مانگی سێپتێمبەری 2003 دەستگیرکراوە و ڕووبەڕووی دادگا کراوەتەوە.
لە 24ی حوزەیران/ یۆنیۆی 2007 دادگا بڕیاریدا بە هۆی ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لەسێدارە بدرێت.
سوڵتان هاشم بە هۆی ئەنجامدان و سەرپەرشتیکردنی تاوانی ئەنفال و کۆمەڵکوژی هاووڵاتیانی کورد لە کۆتایی دەیەی هەشتاکاندا لە لایەن دادگاوە سزا درا.
بڕیار بوو لە 11ی ئەیلوول/ سێپتێمبەری 2007 لەسێدارە بدرێت، بەڵام بە هۆی نەیارێتی سەرۆک و جێگری سەرۆک کۆماری عێراق بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا.[1]