ڕۆژانی 7و 8 ی تەموزی 2022، کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە ئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و ڕاوێژکاران و هاوڕێ عادل ئەحمەد لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و میوانانێک، پلنیۆمی 25 ی خۆی بەست.
پلنیۆم، سەرەتا بە ووتەیەک لەلایەن هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و بە سرودی ئەنتەرناسیونال و خولەکێک ڕاوەستانی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ژیان و خەباتی هاوڕێیانی گیان بەختکردوی ڕێگای ئازادی و سۆشیالیزم، دەستی بە کارەکانی خۆی کرد. دواتر پەیڕەوی بەڕێوەچونی پلنیۆم و دەستوری باسەکان لەلایەن ئامادە بووانەوە پەسەندکرا.
دەستوری باسەکانی پلنیۆم بریتی بوو لە:
1- ڕاپۆرت
2- دۆخی سیاسی کوردستان و هەنگاوەکانمان
3- ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان
4- ڕێکخستن
5- شێوەکاری ڕابەری
6- سەرخەتی ئەولەویاتەکانی کاری حزب بۆ دەورەی داهاتوو.
7- بڕیارەکان
8- هەڵبژاردن
لە بەندی ڕاپۆرتدا، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بەشێوەی نووسراو ڕاپۆرتی شەش مانگی ڕابردووی کار و هەڵسوڕانەکانی حزب و ئۆرگانەکانی، پێشکەش کرد و دواتریش لەلایەن هاوڕیانەوە قسەوباسی هەمەلایەنە لەسەر لایەنەکانی هەڵسوڕانی ئەم دەروەیەی حزب و ئۆرگانەکان کرا و لەئەنجم دا پلنیۆم بە تێکڕای دەنگ دەورەی ڕابردووی هەڵسوڕانی حزبی بە ئیجابی هەڵسەنگاند و چەندین هەنگاوی لە ڕاستای برەودان بە کاری داهاتوی خستە بەردەم حزب.
لە دەستوری دووەم دا کە تایبەت بوو بە دۆخی سیاسی کوردستان هاوڕێیان عەبدوڵا مەحمود و عوسمانی حاجی مارف لە باسێکی هاوبەشدا، دۆخی کوردستانیان لەبەر ڕۆشنایی کاریگەریەکانی ئەوزاعی جیهانی و گۆرانکاریەکان لە عێراق و ناوچەکە و قوڵبونەوەی قەیرانێکی هەمەلایەنە کە یەخەی بە باڵ و ڕەوتە بۆرژوازیەکانی گرتوە، خستە بەر باسەوە. هاوڕێیان لەسەر ئەوە ڕاوەستان کە قوڵبوونەوەی قەیرانە سیاسی و ئابوریەکان لەلایەک چینی بۆرژوازی و ڕەوتەکانی لەگەڵ بێتوانایی لە پێکهێنانی حکومەت و بەڕێوەبەردنی کۆمەڵگادا، بەرەوڕووکردۆتەوە و لەلایەکی تریشەوە کۆمەڵێک نەهامەتی زیاتری بەسەر ژیان و خەباتی کرێکاران و زەحمت کێشاندا داسەپاندووە. دۆخێکی ئاواش پێویستیی دەورکەوتنی هەرچی زیاتری حزبی وەک حزبێکی ئۆپۆزسیۆنی شۆڕشگێڕ و دەسەڵاتگەر کە بتوانێت پێدوایستیەکانی سەرکەوتنی خەباتی کرێکاران و جەماوەری ناڕازای ئامادەبکات، بەرجەستە تر کردۆتەوە.. لە کۆتایی قسەوباسەکانیشدا هاوڕێیان چەند هەنگاوێکی سیاسی و عەمەلییان پێشنیار کرد تا حزب لە هەڵسوڕانی داهاتودا لەبەرچاویان بگرێت. وەک ئەنجامیکێش لەم باسە، پلنیۆم مەکتەبی سیاسی ڕاسپارد، کە لەبەر ڕۆشنایی بەڵگەنامە پێشنیارکراوەکەی هەردوو هاوڕێ و سەرنج و قسە و باسەکانی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بەڵگەنامەیەک ئامادە بکات.
سێهەمین دەستوری باسەکانی پلنیۆم کە بریتی بوو لە باسی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری و چۆنیەتی ڕێکخستنی و بە سەرکەوتن گەیاندنی، هاوڕێ ڕێبوار ئەحمەد لە باسێکدا، ناوەڕۆکی چینایەتی ئەم ناڕەزایەتیانە و توانا و خاڵە بەهێز و لاوازەکانی خستە بەرباسەوە. لە ئەنجامدا دڵنیایی لە سەرا سەر کردنەوەی ناڕەزایەتی بەشەکانی جەماوەر و ڕێکخراوکردنی لە یەک بزووتنەوەی سیاسی، سەربەخۆی چینایەتی و شۆڕشگێرانەدا کرد و سەرنجی حزبی بۆ لای ئاسۆدارکردنی ئەم بزووتنەوەیە و دابینکردنی ڕابەریەکی سیاسی و شۆڕشگێڕانە ڕاکێشا.. دوای دانی سەرنج و قسە و باسێکی هەمەلایەنەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، پلنیۆم جگە لەوەی بەڵگە نامەیەکی ئەم باسەی پەسەندکرد، هاوکات مەکتەبی سیاسی ڕاسپارد، کە هەنگاوی پێویست، بە هاوکاری لەگەڵ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق، بخاتە دەستوری سەرەکی کارەکانی داهاتویەوە.
دەستوری چوارەمی کۆبونەوەکە تایبەت بوو بە ڕێکخستن، هاوڕێ ئالان مارف لە باسێکدا، بە ڕەخنەگرتن لە نەریت و شێوە نا کۆمەڵایەتیەکان ڕاوەستا و دڵنیایی لەسەر شێوەکار ونەریتەکانی ڕێکخستنی حزبی و کۆمۆنستی و پێکهێنانی کۆمیتە کۆمۆنسیتیەکان، وەک پایەی ڕێکخراوەیی مەحەلی و کاری حزب لە شوێنی کار و ژیاندا کردەوە. لە ئەنجامدا، سەرنجی پلنیۆمی بۆ بە دەستە وەگرتنی چەند ئاڕاستەیەک لە کاری ڕێکخستنی کۆمۆنیستی ڕاکێشا. بە دوای قسە و باس و خستنەڕووی سەرنجی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیدا، پلنیۆم بڕیاری دا کە مەکتەبی سیاسی لەبەر ڕۆشنایی ئەم باسە کۆمیسیۆنی ڕێکخستن دامەزرێنێ و پلاتفۆرمێک ئامادە بکات.
دەستوری پێنجەمی کۆبونەوەکە بریتی بوو لە شێوازی کاری ڕابەری. لەم پێوەندە دا هاوڕێ عەبدوڵا مەحمود باسێکی پیشکەش کرد و دوای بەشداری هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندی لە قسەوباسەکاندا، پلنیۆم مەکتەبی سیاسی ڕاسپارد لەبەر ڕۆشنایی بەڵگەنامەیەکی پێشنیارکراو بۆ ئەم دەستورە و سەرنجەکانی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، بەڵگەنامەیەک دەربارەی شێوەکاری ڕابەری وەکو تەواوکاری بەڵگەنامەی مەنسور حکمەت و گرفتەکانی ئێستا لە شێوەکاری ڕابەری حزب ئامادە و پەسەند بکات.
لە دەستوری سەرخەتی ئەولەویاتەکانی کاری حزب بۆ دەورەی داهاتوشدا هەریەک لە هاوڕێیان فواد سادق و خەسرەو سایە لەبەر ڕۆشنایی بەڵگەنامەیەکی ئامادەکراو بۆ بەردەم پلنیۆم قسە و باسێکی هاوبەشیان پێشکەشکرد و لەوێدا سەرەکیترینی ئەو کارانەیان خستەڕوو کە حزب لە ڕاستای بە کردەوە دەرهێنانی سیاسەت و پەسەندکراوەکانی کۆنگرەی پێنجەمی حزب بۆ دەورەی داهاتوو دەکەوێتە سەر شانی. پلنیۆم بە دوای قسەوباسی هاوڕێیاندا بەڵگەنامەکەی بە هەندێک دەستکاری بجوکەوە پەسەندکرد.
لە تەوەرەی بڕیارەکاندا، پلنیۆم سێ بریاری کۆمیسیۆنی مالی و کۆمیسیۆنی کاروباری کرێکاران و بریاری ناساندنی حزبی پەسەند کرد… هاوکات پلنیۆم مەکتەبی سیاسی ڕاسپارد بۆ پەسەندکردنی چەند بریارێکی تر کە بە بۆنەی کەمی کاتەوە نەتوانرا لە پلنیۆمدا قسەوباسیان لەسەر بکرێت.
کۆتا بڕگەی دەستوری پلنیۆم هەڵبژاردن بوو. سەرەتاش پلنیۆم بە تێکرای دەنگ هاوڕێ عوسمانی حاجی مارفی وەکو سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و پاشان هاوڕێیان هەریەک لە هاوڕێیان:(خەسرەو سایە، ئالان مارف، عەبدوڵا مەحمود، دەشتی جەمال، ڕێبوار ئەحمەد، مەهدی ڕەسوڵ، جەمال موحسین، فوئاد سادق، ئازاد مەجید) ی وەکو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەڵبژارد.
پلنیۆم دوای دوو ڕۆژ لە کاری چرو پڕ، بە وتاری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و بە سرودی ئەنتەرناسیونال کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.
ڕاستەوخۆش بە دوای تەواوبوونی کارەکانی پلنیۆمدا، مەکتەبی سیاسی لە یەکەمین کۆبونەوەی خۆیدا، بە تێکڕای دەنگ هاوڕێ خەسرەو سایەی وەکو سەرۆکی مەکتەبی سیاسی هەڵبژارد.[1]