خەمبار
لە کتێبی: #گوناه#
بەرهەمی: #عەلی حەسەنیانی#
دڵم دیلی خەیاڵی خاوە ئەمشۆ
هەموو دنیا لە من گۆڕاوە ئەمشۆ
لە دوندی ئەستەمی بوون و نەبوونا
پەشۆکاوم، سەرم سووڕ ماوە ئەمشۆ
لە هاتیما، نەهاتی هاتە تووشم
گوڵی کوێستانی دڵ شەمزاوە ئەمشۆ
پەژارە و خەم وەکوو لاولاوێکی ڕەش
لە دەوری گیان و لەش هاڵاوە ئەمشۆ
لەبەر چاوم وەنەوشەی سیسی هیوا
ملی کەچ کردووە و ژاکاوە ئەمشۆ
ئەجەل بۆ گرتنی کۆتری ژیانم
خەریکی دان و تەپکە و داوە ئەمشۆ
لە بەختی ڕەش بە داماوی و کڵۆڵی
هەموو دەرکێ لە من بەسراوە ئەمشۆ
کزم، سۆرانی شینم، مل بە کوێنم
پەری بەختم لە من تۆراوە ئەمشۆ
لە من هاوارە کۆرپەی جوانی شادیم
لە گێژاوی خەما خنکاوە ئەمشۆ
بە مستی دێوی زاڵی بێوەفایی
دەڵێی کۆشکی وەفا ڕووخاوە ئەمشۆ
فریشتەی ژیکەڵەی ئاواتی دوورم
لە زیندانی شەوا داماوە ئەمشۆ
شنە دیلی شەوەی شەوگارە هاوار
نە ئەستێرە، نە شەوبا ماوە ئەمشۆ
1966 - تەفریش - بەدەنگی عەلی حەسەنیانی [1]