مەڵێ مەیە!
لە کتێبی: #گوناه#
بەرهەمی: #عەلی حەسەنیانی#
خەیاڵەکەم،
ئەسیرێکی تەلیسمییە لە گۆمی چاوەکانتا،
خەیاڵەکەم،
کەروێشکەیە،
شەپۆلەکەی خەمی دڵم بە با دەدا...
خەیاڵی من،
ئەتۆی کە بۆنی پنگی بەربەیانمی،
ئەتۆ کە گیانمی،
ژیانمی...
بەڵام ئەتۆ!
خەیاڵ و بیر و ڕایەکەت،
ئەسیری خۆپەرەستییە،
لە جامی جوانی و جەفا،
خەریکی نۆش و مەستییە...
ئەتۆ بەهاری و ئەمن خەزانی سوور...
ئەمن بەرەو بەهار ئەچم...
:کەچی شەقاوی تۆ بەرەو خەزانی زەرد و سەخڵەتە...
وچانێ بگرە وەرزی دووهەمی ژیانی خۆت و خۆم،
ئەتۆ ئەمن، ئەمن ئەتۆم...
خەیاڵەکەم!
کە وا بوو هەڵمەیە!
مەڵێ مەیە!
کە چارەکەت لەبۆ دڵی کڵۆڵی من،
هەمیشە نەشئەیە، مەیە...
مەڵێ مەیە!
بواری چارەنووسی تۆ و من،
لەمێژە چاوەڕوانی ئێمەیە،
مەڵێ مەیە...!
1979 - #مەهاباد# - بە دەنگی عەلی حەسەنیانی [1]