$مۆنۆمێنتی پەیکوڵی$
ئەم شوێنە مێژووییە، یەکێکە لە شوێنەوارە گرنگەکانی #کوردستان# کە خەڵکی کۆنی ناوچەکە (بتخانە) یان پێ وتووە. پەیکوڵی شوێنەوارێکی سەردەمی ساسانییەکانە کە دەکەوێتە نزیک گوندی بەرکەل لە دەڤەری #دەربەندیخان# لە پارێزگای #سلێمانی#.
ئەم شوێنەوارە لە سەردەمی حەوتەمین پاشای ساسانییەکان بەناوی (نرسێ 293_302زاینی) درووستکراوە و لە تایبەتمەندی و گرنگییەکانی ئەم شوێنەوارە دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین کە لەسەر بەردە بەکارهاتووەکانی بۆ بەشی دیوارەکانی ئەم بینایە، کۆمەڵێ نووسراو هەیە کە بە هەر دوو زمانی پەھلەوی ئەشکانی و فارسی ناوەڕاست نووسراوە ، یەکێکە لە درێژترین دەقەکانی ئەو زمانانەیە تا ئێستا دۆزرابێتەوە. پادشای ساسانی ئەم مۆنۆمێنتەی لەسەر ڕێگەی پایتەختی #ساسانیەکان# (تەیسەفون مەدائین) و شاری ئایینی (شیز) لە ھەرێمی #ئازەربایجان# بوونیاد نا بۆ ئەوەی ھەموو ڕێبواران بتوانن بیبین.
$شێوازی بینای شوێنەوارەکە$
مۆنۆمێنتەکە بینایەکی چوارگۆشەی 10 بە10 مەتر چوارگۆشە بووە کە لەسەر ھەر ڕویەکی پەیکەرێکی پادشا دانرا بووە، دیوارە نووسراوەکانی چەند بلۆکی بەردین بوون کە ھەندێکیان ون بوون و ئەو بەردانەی کە نووسراویان لەسەربوە ئێستا لە #مۆزەخانەی سلێمانی# پارێزراون. لە ساڵی 2006ەوە تیمێکی شوێنەوارناسی ئیتالی کاری لەسەر دەکەن ، ماوەیەک پێش ئێستا چەند بەردێکی نوێیان تێدا دۆزیەوە.
$دەقە نووسراوەکانی سەر بەردەکان$
نووسینەکانی سەر بەردەکان لەم شوێنەوارەدا لەلایەن ئەرنێست هرتزفیلد کاری وەرگێڕانی بۆ کراوە و بە پێی ئەم وەرگێڕانە دەبێ بڵێین نووسینی سەر ئەم بەردانە باس لەو ڕوداوە دەکەن کە ساڵی 293 زاینی کە پاشا (نەرسێ) توانی شۆڕش بەسەر (بەھرامی سێیەم) دا بکات (کە ماوەیەکی کەم بوو دەسەڵاتی پادشایی گرتبوە دەست) ، و لەکۆتاییدا خۆی دەسەڵاتی بەدەست دەگرێت و دەبێتە پادشای ساسانی. [1]