ناونیشانی بابەت: بەڕێوەبەری بنکەی مافووری دەستکردی ڕواندز: خواستی هاووڵاتییان زیاتر لەسەر فەرش و نەخشی کولتوورییە
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
کۆمەڵێک فەرمانبەر لە بنکەی مافووری #ڕواندز#، بەرهەمی جوان و ناوازەیان هەیە، بەڕێوەبەری بنکەکەش لە دیدارێکی (باسکورد) دا، زانیاریی زیاتر لەسەر ئیش و کارەکانیان دەخاتە ڕوو. دەشڵێت: ”لە کارگەکەمان جۆرەها فەرش بە نەخش و نیگاری جیاواز بەرهەم دەهێنرێت.“
خۆشەوی عەلی باویل ئاغا، بەڕێوەبەری بنکەی مافووری دەستکردی ڕواندز، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند: بنکەی مافووری دەستکردی ڕواندز، مێژووێکی هەیە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1970 ئەم کارگەیە دامەزراوە، دواتر لە ساڵی 1972 دەست کراوە بە درووستکردنی مافوور و فەرشی دەستکرد، دواتریش بەهۆی باردۆخی سیاسیی ناوچەکە، چەندین جار کارەکانی ئەم کارگەیە ڕاگیراوە و دەستی پێ کردووەتەوە، لەدوای ڕاپەڕین و ئازادکردنی شار و شارۆچکەکانی کوردستان، جارێکی دیکە بەفەرمی کەوتووەتە کار و تا ئێستا چەندین بەرهەمی فەرش و مافووری ئەم کارگەیە بەرهەم هێنراوە و ڕەوانەی بازاڕەکان کراون و بەردەوامیشین.
بەڕێوەبەری بنکەی مافووری دەستکردی ڕواندز، ئاشکراشی دەکات: ئەوانەی لە بنکەی مافووری ڕواندز کار دەکەن، بریتین لە خۆم وەک بەڕێوەبەری بنکە و 25 کارمەندی دیکە، کە بەشی هەرە زۆریان ئافرەتن و کاری دەستڕەنگینی ئەنجام دەدەن، ئێستاش زیاتر کار لەسەر درووستکردنی فەرش دەکەین، بە جۆرەها قەبارەو شێواز، زیاتریش ئەوانەی وێنە و نەخش و دروشمی کولتووری کوردستانیان لەسەرە، بەتایبەت سنوورەکەمان، خواستی زیاتری هاووڵاتییانیان لەسەرە و زووتر ساغ دەکرێنەوە، هەروەک بۆ درووستکردنی هەر فەرشێکیش نزیکەی مانگێگ تا زیاتر لە سێ مانگی پێویستە، واتە بەپێی شێواز و قەبارەی فەرشەکە جیاوازییان هەیە.
ئاماژەی بەوەدا: بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی فەرش و مافووری کارگەی بنکەکەمان، چەند شێوازێک پەیڕەو دەکەین، هەندێک ڕاستەوخۆ لە بنکەکەمان داوای دەکەن، یان لە کاتی کردنەوەی پێشانگاکان لە شارو شارۆچکەکان بەشداریی دەکەین و لە ڕێگەی نمایشکردنیان خەڵک داوایان دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا شوێنێکی تایبەتمان لە قەڵای هەولێر هەبوو، بۆ ساغکردنەوەی فەرش و مافوورەکانمان، بەڵام دوای بە ئیدارەبوونی سۆران، بەرنامە و پلانی دیکەمان بۆ کارەکانمان و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی کارگەکەمان هەیە.
خۆشەوی عەلی باویل ئاغا، دەشڵێت: سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە یاوەریی قایمقامی شارۆچکەی ڕواندز، لەنزیکەوە سەردانی بنکەی مافووری ڕواندزیان کردووە و پشتگیریی خۆی بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی کارگەکەمان دووپات کردەوە، هەروەها داوامان لە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردووە، کەوا چەند پێداویستی و کۆمپیوتەری تایبەت بە دیزاینی نەخشی سەر مافوور و فەرشمان بۆ دابین بکەن، بەمەش دەتوانین کارەکانمان بە شێوەی ئاسانتر و پێشکەوتووتر ئەنجام بدەین و لەم ڕووەوە خزمەتی باشتر پێشکەش بکەین.“[1]