ناونیشانی بابەت: ئێسکەپەیکەری مرۆڤی نیاندەرتاڵی شانەدەر لە مۆزەخانەی نیشتمانیی بەغدا
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری ئیدارەی #سۆران#، لە دیدارێکی (باسکورد) دا، زانیاری لەبارەی ئەو ئێسکەپەیکەرانەی مرۆڤی نیادەرتاڵ دەخاتە ڕوو، کە لە #ئەشکەوتی شانەدەر #دۆزراونەتەوە. دەشڵێت، نووسراومان بۆ ئەو ئێسکەپەیکەرانە ئاڕاستەی حکوومەتی ئێراقی فیدڕاڵ کردووە، کەچی تا ئێستا وەڵامیان نەداوینەتەوە.
#عەبدولوەهاب سولەیمان#، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری ئیدارەی سۆران، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند: ئەشکەوتی شانەدەر یەکێکە لە ئەشکەوتە هەرە گرنگەکان، نەک تەنیا لەسەر ئاستی #کوردستان#، بەڵکوو لەسەر ئاستی جیهان و بە ڕووگەی ئەشکەوتەکانی دنیا دادەنرێت، تایبەت بە سەردەمی نیاندەرتاڵەکان، کە لە ساڵی (1951 تا 1961) لەلایەن #ڕاڵف سولیکی#، زانای بەناوبانگی زانکۆی کۆلۆمبیای ئەمریکی کاری هەڵکۆڵین تێدا ئەنجام دراوە، نزیکەی 10 ئێسکەپەیکەری نیاندەرتاڵی لێ دۆزییەوە، ئەو کاتی یاسای شوێنەواری ئێراقی بەو شێوازە بووە، دەبوایە هەر شتێک لەلایەن تیمە بیانییەکان بدۆزرێتەوە، پەنجا بە پەنجا بوایە، بەمەش نیوەی بۆ ئەوان بوو و نیوەی دیکەش بۆ حکوومەتی ناوەند، کەواتە دەکرێ بڵێین، پێنج دانە لە ئێسکەپەیکەرەکان، بەپێی یاساکە دەبێت بردرابنە مۆزەخانەی بەغدا.
بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری ئیدارەی سۆران، دەشڵێت، ئێمە داتایەکی ئەوهای دەقیقمان بەردەست نییە، بەڵام لەناو ڕاپۆرتەکانی، ڕالف سولیکی باسی ئەوە دەکات دەڵێت بەشێک لە ئێسکەپەیەکارەکانم بردەوە پەیمانگا و دامەزراوەی سمیسسۆنیەن لە ئەمریکا، (کە دامەزراوەیەکی تایبەتە بە مرۆڤناسی) و ئەوانی دیکەش براونەتەوە مۆزەخانەی بەغدا، چەندین نووسراوی فەرمیمان کردووە بۆ بەغدا، بۆ ئەوەی زانیاریمان بداتێ، لەبارەی ئەو ئێسکەپەیکەرانەی، کە لە مۆزەخانەی بەغدان، بەڵام تا ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە.
عەبدولوەهاب سلێمان، وتیشی: دواتر لە ساڵی 2014 لەگەڵ تیمی زانکۆی کامبریجی بەریتانی، گرێبەستێکی پێنج ساڵەمان واژوو کرد، بۆ ئەوەی ئەوانیش بە هەماهەنگی تیمەکانمان کاری کنە و پشکنین لە ئەشکەوتی شانەدەر بکەن، توانیمان ئێسکەپەیکەری یازدەمی مرۆڤی نیاندەرتاڵ بدۆزینەوە، کە بریتی بوو لە ئافرەتێکی تەمەن چل ساڵان، مێژووەکەی دەگەڕایەوە بۆ 75 هەزار ساڵ بەر لە ئێستا، کە پەیکەرێکی تەواو نەبوو، بەڵکوو تەنیا کەللەسەری ئافرەتێکی چل ساڵان بوو، کە کەوتبووە ژێر بەرد و وردوو خاش ببوو بەهۆی کۆنی زۆر تێکچوو بوو، بە مەبەستی نۆژەن کردنەوە و چاک کردنەوە براوەتە وڵاتی بەریتانیا، پشکنینەکانی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد بۆ ئەنجام درا، دوای چاککردنەوەی تەواوکردنی پشکنییەکانی ئەو کەللە سەرەیە دەگەڕێندرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لەگەڵ کردنەوەی مۆزەخانەی سۆران لەوێ دادەنرێت و پارێزگاریی لێدەکرێت.
بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری ئیدارەی سۆران، ئاماژەی بەوەش دا، بۆ گەڕاندنەوەی ئێسکەپەیکەرەکانی دیکەی نیادەرتاڵ بۆ هەرێمی کوردستان، پێویستی بە هەماهەنگی هەیە بۆ ڕێککەوتنی هەردوو حکومەتیی مەرکەزی و #حوکمەتی هەرێمی کوردستان#، ئومێدەوارین لەم ڕووەوە کاری جددی لەسەر بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیا نین لە ساغیی ئەو ئێسکەپەیکەرانە، چونکە لە شەڕی داعش مۆزەخانەی بەغدا دەستدرێژیی کرایە سەری، بۆیە دڵنیا نین لەوەی ئایا ئەو ئیسکەپەکەرانە پارێزراو بوونە، یان زیانیان بەرکەوتووە.
ئەشکەوتی شانەدەر دەکەوێتە زنجیرە #چیای برادۆست# لە سنووری شارۆچکەی #مێرگەسۆر#، بەدووریی 145 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر، زیاتر لە 822 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، بە یەکێک لە گرنگترین ناوچە شوێنەوارییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دادەنرێت، هەزاران ساڵ لەمەوبەر ژیان لەم ئەشکەوتەدا هەبووە و بەڵگەش دۆزینەوەی ئێسکەپەیکەری مرۆڤی نیادەرتاڵە.[1]