کێلەشین ناوی ناوچەیەکی شاخاویە کە لە چەندین چیا پێکهاتووە و بە هۆی جێگیربوونی کەتیبەی مێژوویی کێلەشین لەو ناوچەیە، هەر بەو ناوە ناسراوە.
ئەو ناوچەیە دەکەوێتە باشووری شاری شنۆ، چەندین کێوی بڵند و ڕووباری لەخۆ گرتووە.
ڕەنگە زۆر کەس ناوبانگی ” کێلەشین”ی بیستبێ و پێیوابێ کە “کێلەشین” تەنیا ناوی کێوێکی سەربڵندی کوردستانە و لە ناوچەی شنۆ هەڵکەوتووە و نەزانێ کە لەو مەڵبەندەدا بەردێکی بەناوبانگیش هەبووە بە ناوی “کێلەشین” کە سەردەمێک بیر و هزری شوێنەوارناسانی دەرەوەی کوردستانی بە خۆیەوە خەریک کردبێ، ” کێلەشین” لە دوو وشەی “کێل” و “شین” پێکهاتووە.
کێل بە بەردی قەبر و شینیش بە ڕەنگی ئاسمانی “ئابی” دەگوترێ. بەردی (کێلەشین) لە نزیک ئاوایی (دڕوو) کە گوندێکی سەر بە ناوچەی شنۆیە، هەڵکەوتووە.
کێوێکی سەرکەشیشە کە هێزێکی پێشمەرگەی کوردستانیشی بەناوەوە کراوە و چەند ڕۆڵەیەکی قارەمانی گەلەکەشمانی لێ شەهید بووە؛ ڕەنگە ناوەکەی هەر لەو بەردە “کێلەشینەوە” وەرگیرابێ.
بەردی “کێلەشین” کە بە دوو خەتی بزماری “ئورارتۆیی و ئاشووری ” هەر چوار دەوری نووسراوە و بەرزایییەکەی دەگاتە 167سم و قورساییەکەشی 1.6 تۆنە، ناوبانگێکی مێژوویی هەیە. یەکەمین کەس کە ئەو بەردەی بە دونیا ناساند، کەسێکی ئەڵمانی بە ناوی “شولتز” بوو کە لە ساڵی 1829 ئەو بەردەی دۆزییەوە و وێنەی گرتووە.
کێلەشین هەروەها ناوی زنجیرە کێوێکە لەنێوان هەرسێ کوردستانی باکوور، باشوور و ڕۆژهەڵات کە دەکەوێتە باشووری شاری شنۆ و بە دیوی باشووری کوردستانیشدا دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی “سیدەکان”ی سەر بە قەزای سۆران لە پارێزگای هەولێر.
هەروەها ناوی کێلێکی کۆنە کە بە زمانی ئورارتوویی باسی دیرۆکی ناوچەکە دەکا و ئێستا لە مۆزەخانەی شاری ورمێ پارێزراوە و کاتی خۆی لە شەڕی ئێران و عێراقدا لە ساڵانی هەشتاکاندا، سوپای ئێران ئەو کێلەی بردووەتە شاری ورمێ، هەروەها ناوی گوند و مەڵبەندێکە لە بانەی سەر بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
گەورەترین ئاسەواری مێژوویی شاری شنۆ بەردەنووسی کێلەشینە کە بە دوو زمانی ئورارتویی و ئاشووری لەسەری نووسراوە و مێژووکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی
هەشتی پێش زایین.
بەردی کێلەشین
لە سەردەمی هاڵدییەکان بەردێکی بەناوبانگ بەناوی کێلەشین ماوەتەوە (تێکەڵی کولتووری یەهوود لە ئەورووپا ناوەکانی لای خۆمانیان بۆ عیبری بردووە کە یەکیان دەتوانێت وشەی ئارارات واتە هاڵدی، یان هێڵدی، یان هەردیی بێت) لەم بەردەدا بە ڕێنووسی بزماری نووسراوە، لە شنۆ چیایەک بە هەمان ناو هەیە و زۆر بەناوبانگە و لەڕووی سروشتییەوە سەرنجڕاکێشە.
ئەم بەردە ڕەنگ شینە لە تاشەبەردێکی چەند گۆشە دروست کراوە، کاتێک کە شتێکی پێدا دەدرێت وەک ئاسن دەنگ دەداتەوە.
لە ساڵی 1327هەتاوی (1948ی زایینی) دایرەی نەشری ئەرتەش (سوپا)ی ئێران لە سەردەمی حکوومەتی حەمەڕەزا شای پالەویدا لە بیری ئەوەدا بوو کە بەردەکە ببات بۆ مۆزەخانەی ئێران، بیانووەکەشیان ئەوە بووە کە خەڵک بە تیر هاویشتن بۆی، نووسراوەکانی لەناو دەبەن.
ترسیشیان لەوە بوو کە ئەگەر بێت و بەردەکە ببەن، لەنێوان هۆزەکانی نیشتەجێی ئەو ناوچەیە و سنووری ئێران ناکۆکی پەیدا دەبێت.
عێراقییەکان ئەوە دەڵێن کە ئەرتەشی ئێران بەو کارە دەیەوێت سنوورەکان ببەزێنێت و پەرە بە سنووری خۆی بدات، بەڵام لە کۆتاییدا بەردەکە بەرەو مۆزەخانەی ورمێ ڕەوانە دەکرێت.
کێلەشین کە کوێستانێکی گەورەیە بەشێکی زۆریشی دەکەوێتە دیوی باشووری کوردستان (هەرێمی کوردستانی عێراق) لە سیدەکان کە شارۆچکەیەکی سەر بە قەزای سۆرانە و ناوەندی ناحیەی سیدەکانە و تا پێش ساڵی 1996 بە فەرمی هەر بە ناحیەی برادۆست دەناسرا.
سیدەکان لەوپەڕی باکووری پارێزگای هەولێرە و کەوتوەتە ڕۆژئاوای شاری شنۆوە و لەڕووی ڕووبەرەوە گەورەترین ناحیەکانی هەولێرە و زۆربەی دەڤەرەکە شاخاویە و دەشتانیی کەمە. باشترین شوێنە بۆ بەروبوومی ئاژەڵداری و کشتوکاڵ، هەروەها لە ڕۆژگاری دێریندا ڕێڕەوێکی گرنگی بازرگانی بووە، ڕۆژەەڵات و باشووری کوردستانی لەڕێگەی کێلەشینەوە پێکەوە بەستووەتەوە.
سەرچاوە:basnews