راگەیەندنەکانی وڵاتی بەریتانیا بڵاویانکردەوە، پیاویکی کورد، تەمەن 21 ساڵ، بەتاوانی ئەنجامدانی توندوتیژی و دواتر سەربرینی دەزگیرانەکەی سزای هەتا هەتایی دراوە.
کاوە ڕەش، بەریتانیا: دوێنێ پێنجشەممە 17ی مایس، لەدوا دانیشتنی دادگای باڵای شاری Sheffield، ئاراس حوسەین، تەمەن 21 ساڵ، تاوانی کوشتنی کچە دەزگیرانەکەی کە قوتابی کۆلێجی شاری Sheffield بوو، بەسەردا ساغ بوەوە.
کچە خوێندکار، ڕیما ڕەمەزان تەمەن 18 ساڵ، دوای سەردانیکردنی ئەو شوقەیەی کەدەکەوێتە Herries Roadو لەشاری Sheffield کە ئاراسی تێدا دەژیا، لەمانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردو کوژرا.
ئاراس لەکاتی کوشتنی دەزگیرانەکەیدا هاتبوە دەرەوەی شوقەکەی بەبێ جلوبەرگ، دوای ئەوەی لەلایەن خەڵکی ئەو شەقامەوە بەجەستەی خوێناوییەوە و سنگی بریندارەوە دەبینرێت، لەکاتژمێر 5ی ئێوارە تیمی فریاگوزاری و پۆلیس دەگاتە شوێنی ڕوداوەکە.
بەپێی لێدوانی شایەدحاڵەکان، کاتێک تیمی فریاگوزاری هەوڵی فریاکەوتنی ئاراس دەدەن، هاواردەکات کە ئەو کەسێکی دیکەی کوشتوە، ئەو وتویەتی لێمگەڕێن با بمرم بۆ یارمەتیم دەدەن؟ کاتێک پۆلیس شوقەکەی دەپشکنن جەستەی بێگیانی ڕیما دەدۆزنەوە، کە چەندین چەقۆ لەسەر سینگی دراوە و دواتر سەربڕدراوە.
بەپێی دانپیدانەکانی ئاراس بۆ دادگا، ڕیما هێشتا زیندوبوە، کە ئاراس بەبرینداری سەری بڕیوە.
هەر لەشوقەکەی ئاراسدا لەگەڵ تەرمی ڕیما پاسپۆرت و بری 5000 پاوەند دۆزراوەتەوە، کە ڕیما لەماڵەوە لەگەڵ خۆی هێناوە بۆ ماڵی ئاراس. دادگا دەڵێ هێشتا ڕون نیە کە هۆکاری هێنانی پارەو پاسپۆرتەکە چیە.
باری دەرونی ئاراس حوسەین، بەشێک بوە لەکەیسی تاوانەکەیدا، لەوبارەیەوە بۆ ماوەیەک لەزیندانەوە بۆ نەخۆشخانەی North Nottinghamshire گوازراوەتەوە.
لەکاتی دادگایکردندا خانمی دادوەر Laura Cox بەتاوانباری وت، تۆ بەشێوەیەکی زۆر درندانەو توندتیژ، بەزەبروزەنگ و کۆنترۆڵکرن ئەو کچەت سەربڕیوە. دادوەر ئەوەشی وت ئەگەر سەرت نەبڕیبا بەپێی لێکۆڵینەوەکان ڕەنگە ژیانی ڕزگار بکربا، بەڵام تۆ جگە لەبریندارکردنی سینگ و شانی هەروەها دەستەکانی، کاتێک ویستویەتی بەرگری بکات لەلێدانی چەقۆکان، بەڵام تۆ برینداری و زیندویی سەرت بڕیوە.
Laura Cox دەڵێ، پێوستە تۆ سزای هەتاهەتایی و کەمترین ماوە کە 20 ساڵە، لەپشت شیشی زینداندا بەسەربەریت.
خێزان و هاوڕێیانی ئەو قوربانییە لەکۆلێجی شەفێڵفد کە ڕیما کۆرسی دیپلۆمای لەHealth and Social Care Level 3 دەخوێند. نیگەران و خەمباری خۆیان دەردەبڕن بۆ مەرگی ئەو کچە تەمەن هەژدە ساڵە. ئەوان دەڵێن، ناتوانن بەهیچ وشەیەک هەست و سۆزی قوڵی خۆیان بۆ مەرگی ئەو ئازیزەیان دەرببرن.
لەکاتی کوشتنی ئەو کچە بەدەستی ئاراس، خێزانی ڕیما ڕەمەزان ئەوەیان ڕەتکردبوەوە کە ئەو جوتە پەیوەندی خۆشەویستیان لەنێواندا هەبوبێت. ئەو ڕۆژەی ڕیما لەکاتژمێر 2.30ی دوانیوەڕۆ سەردانی شوقەکەی ئاراسی کردوە خێزانەکەی ئاگادارنەبون.
پۆلیس چەند بەڵگەیەکی خسۆتەرو کە ئەوان لەساڵی 2011وە پەیوەندیان هەبوە. لێکۆلەرەوی پۆلیس لەکەیسەکە ئەوەی وتوە، ڕیما ئاراسی زۆر خۆشویستوە ئامادەبوە هەموو شتێکی بۆبکات، بەڵام ئاراس بەردەوام هەوڵیداوە دەزگیرانکەی کۆنترۆڵبکات.
- 18-04-2014