- پڕۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی موچە لەهەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دەستیپێکرد، کە ئامانج لێی نەهێشتنی بندیوار و ناوی دووبارە و دوو موچەیە، جێگری سەرۆکی حکومەتیش ڕایگەیاند دەیانەوێت لەئایندەدا پاشەکەوتی موچە وەکو ڕەسید بدرێتەوە بەفەرمانبەران.
- مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی لەبەردەم کەمپی نوێی زانکۆ خۆپیشاندانیان ئەنجامداو داوایان کرد بەزوترین کات حکومەت چاو بەسیستمی پاشەکەوتی موچەدا بخشێنێتەوە، هەروەها داوای دورخستنەوەی دەستی حزب دەکەن لەزانکۆکاندا.
- سەرۆکی فراکسیۆنی هەولێری تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، سوپای تورکیا مافی خۆیەتی بەشداری پڕۆسەی ئازادکردنەوەی موسڵ بکات و هەڵوێستی پێنج فراکسیۆنەکەش بە عێراقییانە دەزانێت.
- ئایدن موشتو جێگری سەرۆکی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار لە تورکیا (ئەکەپە) لە ناوچەی ئۆزالپ سەر بە پارێزگای وان شەوی ڕابردوو لە بەردەم ماڵەکەیدا کوژرا.
- پاش وەڵامنەدانەوەی داخوازیەکانیان و وەک دروستکردنی فشارێکی زیاتر لەسەر حکومەت، بەڕێوەبەری قوتابخانەکانی شارەزوور دەستیان بە کۆکردنەوەی واژۆکرد بۆ دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵ و هەر ئەمڕۆش 26 بەڕێوەبەر و یاریدەدەر واژۆی یاداشتەکەیان کرد.
- لەشاری کەرکووک ژمارەیەک جوتیار بەهۆی درەنگ خەرجکردنی پارەی چەکە بانکیەکانیان لەبەردەم بانکی زێڕی ڕەش گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ڕێکخست، بەڕێوەبەری سایلۆی شارەکەش ڕایدەگەیەنێت "بانکەکە توانای خەرجکردنی چەکی پارەی جوتیارانی نییە لە ڕۆژێکدا".
- لەناوچەی سیلڤان سەر بە پارێزگای ئامەد لە ئەنجامی هێرشێکی گەریلاکانی پەکەکە سەربازێکی تورکیا کوژرا و 5 سەربازیش برینداربوون.
- ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت ژنان و کچانی ئێزدی ڕزگاربووی دەستی داعش لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە فەرامۆش کراون و داوای بەدەمەوەچوون و هاوکاریی ماددی و مەعنەوی زیاتر بۆ ئەو ژنانە دەکات.
- یەکێتی مامۆستایان لقی سلێمانی، هەڕەشەی بەفشار داخستنی خوێندنگه و پەیمانگە ئەهلییەکانی سنووری لقەکە دەکات، ئەگەر دەرگاکانیان دانەخەن، ئەوەش لەپێناو ئەوەی جیاوازی چینایەتی دروستنەبێت.
- ئاژانسی فارس نیوزی نزیک لە سوپای پاسداران بڵاویکردووەتەوە، کەمێک لەمەوبەر فڕۆکەیەکی سوپای پاسداران کە تایبەت بووە بە کاری چاودێریکردن لە ڕۆژهەڵاتی ئێران لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا بەرە کێبڵی کارەبا کەوتووە و تێکشکاوە.
- بەهۆی خواردنی کەلانەوە، 12 کەس لە شاری مەریوانی ڕۆژهەلاتی کوردستان ژەهەروای بوون ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.
- لەسەر سکاڵای داواکاری گشتی قەزای ڕانیە لە ئێستادا سەرۆکی شارەوانی ناحیەی حاجیاوا و سەرۆک شارەوانی پێشووی ناحیەی چوارقوڕنەی سەربەقەزای ڕانیە دەستبەسەرکراون. دەستبەسەرکردنی ئەو دوو سەرۆک شارەوانییە لەسەر دۆسیەی بەفیڕۆدانی موڵک و سامانی گشتییە، و یەکێک لەو سەرۆک شارەوانیانە ماوەی چەند ساڵێکە لەسەر بە فیڕۆدانی موڵک و سامانی گشتی سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە.
- قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە شارۆچکەی فارقین ڕاگەیەندرا.
- بریندارێکی تەقینەوەکەی ڕۆژی 03-10-2016ی شاری حەسەکە بەناوی ڕابرین فاتمی 24 ساڵ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانەی شەهد خەبات لە قامیشلۆ گیانی لەدەستدا. بەهۆی تەقینەوەکەی حەسەکەوە تائێستا 35 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوه و 90 کەسی دیکەش برینداربوون.
- ئەنجومەنی ئەوروپا خەڵاتی (ڤاتسلاف هاڤێلی) بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەخشییە کچە ڕزگاربووی دەستی داعش، نادیا موراد.