نووسینی: فرێدریک باکمان
وەرگێڕانی: جوتیار قارەمان
ئووڤێ بۆ پێشێ پێی هەڵگرت. پشیلەکە هەستایەوە. ئووڤێ لە جێی خۆی ڕاوەستا. هەرتک لەوێدا ڕاوەستان بۆ چەند ساتێک لەیەک ڕامان. هەر وەک دوو قنبەگێچەڵی نێو مەیخانەی شارێکی بچکۆلە وا بوون. ئووڤێ بیری کردەوە کە تاکێک لە قاپقاپەکانی تێ باوێژێت. وا دەردەکەوت پشیلەکەیش پەژیوان بێت کە قاپقاپەکانی خۆیی نەهێناوە تا ئەویش تێی بگرێتەوە.
ئووڤێ تا هێزی تێدا بوو، قیڕاندی: ”فس!“ پشیلەکە بە پڕتاو بۆ دوا بازی دا. جا بە کورتی چاوی لە قاپقاپەکانی کابرای پەنجاونۆساڵە کرد، هەنگینێ ڕووی لێ وەرگێڕا و بە قنقورسی دوورکەوتەوە. ئووڤێ دەیتوانی سوێند بخوات کە چاوانی پشیلەکە پێش ڕۆشتنی خواروخێچ بوون.
بەنێو ڕاڕەوەکەی نێوان ماڵەکاندا کەوتە گەڕان. لەبەردەم ئەو هێمای هاتوچۆیەدا ڕاوەستا کە بە شۆفێران دەڵێت چوونە ناوچەی نیشتەجێبوون قەدەغەیە. بە توندی شەقێکی لە کۆڵەکەیەکی کانزایی دا. ئەوەیش نەبوو کە لار یاخود شتێکی بێت، بەڵام هەمیشە باشترین شت ئەوەیە کە وا پشکنین هەر بکەیت. ئووڤێ لەو جۆرە پیاوانەیە کە دۆخی شتان بە تێسرەواندنی شەقێکی باش دەپشکنێت.
نووکە شەقێکی بە سووکی لە سەتڵی خاشاکەکان دا، جوێنی دا و، شووشەیەکی بە سەرقاپەکەیەوە لەنێو سەتڵی شووشاندا دی، ئەو دەمەی سەرقاپە کانزایییەکەی بادەدا و لێی دەکردەوە، لە بەر خۆیەوە گڵماندی: ”داڕزێن بێسەلیقانە.“ شووشەکەی خستەوە نێو سەتڵی شووشان، سەرقاپەکەیش بۆنێو سەتڵی کانزاکان.
ئەو سەردەمەی ئووڤێ سەرۆکی کۆمەڵەی نیشتەجێیان بوو، شێلگیرانە داوای کرد تا کامێرای چاودێری لەنێو ژووری خاشاکان دابنرێت بۆ ئەوەی هیچ کەس خاشاکی ڕێپێنەدراو فڕێ نەدات. کەچی لە بێبەختیی ئووڤێ، پێشنیارەکەی دەنگی نەهێنا و دەرنەچوو. هاوسێیەکان لەو بارەوە کەمێک هەستیان دەکرد کە وا ئاسوودە نین؛ جا سەرباری ئەوەیش لایان وا بوو هەڵگرتنی ئەو هەمووە شریتە ڤیدیۆیییە دەبێتە مایەی سەرئێشە. ئیدی ئووڤێ بێ بڕانەوە هەر پاتەوپات دەیگوتەوە: ”ئەوانەی کە وا ’سەرڕاستن، ‘ هەرگیز لە ’ڕاستی‘ ناترسن.“ [1]