بابەت: ئاینی
نووسین: د. موزەفەر قاسم
وەرگێڕانی: #حەسەن محەمەد ئەمین مستەفا#
دکتۆر موزەففەر قاسم ڕووداوێکی واقیعیمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە لەنێوان خۆی و هاوەڵێکیدا ڕویداوە، و دەڵێ:
لەگەڵ کۆمەڵێ هاوەڵدا دەماودەمی خۆرئاوابوون، ڕۆیشتین بۆ چێشتخانەیەکی شەرقی ناو شاری لەندەن، بۆ ئەوەی نانی شێومان لەوێ بخۆین!!
ئەمەی بۆتان باس دەکەم لە ساڵی 2007دا بوو، ئێمە دانیشتین، و شاگردی چێشتخانەکە هات تا بزانێ چی دەخۆین؟ منیش بۆ چەند دەەقیقەیەک ئیجازەم لەمیوانەکان وەرگرت.. پاش ئەوە کە هاتمەوە یەکێکیان لێی پرسیم: دکتۆر! ئەوە بۆ کوێ چوویت، دەزانیت زۆرت پێ چوو؟ منیش گوتم: ببورن.. وەڵلا نوێژم کرد.. بەبزەیەکەوە گوتی: تائێستا هەر نوێژ دەکەیت؟ برا! تۆ قەدیمی!!
منیش بە بزەیەکەوە پێم گوت: کۆن! بۆچ کۆنم؟ ئایا تەنیا لەوڵاتانی خۆماندا خودا هەیە؟ لە شاری لەندەندا خودا نییە؟!
گوتی: دکتۆر دەمەوێ چەند پرسیارێکت لێ بکەم، بەڵام تکات لێ دەکەم کەمێک خۆگربە، و بەو دەروون و دڵفراوانییەی خۆت لێم دڵگران مەبە!
منیش گوتم: بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە گوێت بۆدەگرم و بەڕوتدا هەڵناشاخێمەوە، بەڵام من تەنیا مەرجێکم هەیە..
گوتی: فەرموو، با بزانم..
گوتم: بەو مەرجەی پاش ئەوەی لە مونازەرەکەمان بووینەوە دان بنێیت بەسەرکەوتن یا تێکشکانی خۆتدا.. قبوڵی دەکەیت؟
گوتی: بەڵێن بێت لەمنەوە..!
گوتم: کەوابوو با مونازەرەکەمان دەست پێ بکەین..
گوتی: فەرموو..
گوتی: تۆ لەکەیەوە نوێژ دەکەیت؟
گوتم: لەتەمەنی حەوت ساڵییەوە دەستم پێکردووە، بەڵام لەتەمەنی نۆ ساڵییەوە جوان ڕەوانم کردووە و تەنیا فەرزێکم نەفەوتاندووە!! و ئینشائەڵڵا هەرگیزیش نای فەوتێنم!
گوتی: باشە! ئەگەر دوای مردن بۆت دەرکەوت کە نەبەهەشت هەیەو نە جەهەننەم، نە پاداشت هەیە و نەسزا، ئەوکاتە چی دەکەیت؟
گوتم: من خۆم دەگرم هێچ خەمت نەبێت، با مونازەرەکەمان تەواو بکەین، ئەگەر بەپێی بییرکردنەوەکەی تۆ نەبەهەشت هەبوو نە جەهەننەم، نە پاداشت هەبوو نەسزا، هیچ ناکەم، چونکە لەبنچینەدا هەروەک علی کوڕی ئەبی تاڵب فەرموویەتی: ئەی خودایە! من تۆ دەپەرستم نەلەترسی جەهەننەممەکەتە و نەلەبەر تەماحی بەهەشتەکەتە، بەڵکو لەبەر ئەوە دەتپەرستم چونکە تۆ شیاوی پەرستنیت..
گوتی: ئەی ئەو نوێژانەت کە دەیان ساڵ لەسەری بەردەوام بوویت، و ئەوکاتە ئەوەی نویژی کردبێ و نوێژی نەکردبێ هەردو یەک ئەنجامیان هەیە و شتێک نییە ناوی دۆزەخ بێت؟!
گوتم:هیچ لێی پەشیمان نیم.. چونکە لەرۆژێکدا چەند دەقیقەیەک لەکاتم پێداون، وا دادەنێم وەرزشێکە بۆ لەشم..
گوتی: تۆ شەرابت تاقی کردۆتەوە؟
گوتم: هەرگیز تامم نەکردووە..
ئەویش بەسەرسامییەوە گوتی: هەرگیز؟!
گوتم: بەڵێ.. هەرگیز!
گوتی: ئەوکاتە چی دەڵێت کە بۆچونەکەی من بەراست دەرچوو، لەم لایشەوەو لەژیانتا خۆتت لەو لەزەت و خۆشییە مەحرووم و بێ بەش کردووە؟! و مەحروم بوویت لەو دانیشتنە بەتام و چێژانە؟!
گوتم: ئەوکاتە دڵخۆش دەبم چونکە خۆمم لەو عارەق و شەرابە پاراستووە کە زیانی لەسوودی پترە.. چەندەها کەس بەهۆی شەرابەوە نەخۆش کەوتن! چەندەها کەس بەهۆی شەرابەوە ماڵیان وێران بوو!! منداڵیان سەرگەردان بوو!! سەیری ڕاپۆرتی ئەو لایەنە نێو دەوڵەتییانە بکە کە نائیسلامیشن، و خەڵکی هۆشیار دەکەنەوە لەشوێنەواری سامناکی شەراب خواردنەوەو ئالوودەبوون پێوەی..
گوتی: ئەی سەفەری حەج وعەمرە؟ ئەو پارەیەی لەو ڕێیەدا خەرجت کردووە، و ئەو زەحمەتەی لەو پێناوەدا دیوتە، و بۆیشت دەرکەوێ بەخۆرایی چووە، و ئەسڵەن هەر خودایەک نییە، ئەوسا چ دەکەیت؟
گوتم: ئەوکاتە لەسەر بۆچوونەکەی تۆ دەڕۆم، بەڵێنم دایتێ تووڕە نەبم، و خۆم بگرم.. لەبەر ئەوە وادادەنێم ڕۆیشتن بۆ حەج و عەمرەکە سەفەرێکی خۆش و جوان بووە، بۆ ئەوەی گەشتێکی ڕۆحی بکەم و گێانم جەژ و لەزەتێکی پێ بگات.. وئەو سەفەرەش دەوری بینیوە لە پاکردنەوەی گیان و دەروونمدا، هەروەک چۆن گەشتەکانی تۆ بەشداری کردووە لە بەسەربردنی کات و بینینی دیمەن گەلێکی جواندا، و لەژێر پاڵە پەستۆی کاردا ڕزگاری کردوویت ڕۆتینێکی ئێسک قورست پێ لەناو بردووە، و گەشەت بە گیان و دەروونت کردووە..
کەئەمەی لێ بیستم.. ماوەی چەند چرکەیەکی بەردەوام سەیری دەکردم و لێم ورد بووەو!!
ئینجا گوتی: زۆر سوپاست دەکەم بەراستی بەوپەڕی دڵفراوانی و سینە گوشادییەوە تەحەممولت کردم و خۆت گرت.. ئیتر من پرسیارەکانم کۆتاییان هات.. دان بەوەشدا دەنێم کەمن تێشکام و سەرکەوتوو نەبووم..
گوتم: ئێستا کەدانت بە تێشکانی خۆتداناوە، پێت وایە چ هەستێکم بەرامبەرت هەبێت؟
گوتی: بێگومان ئێستا زۆر شاد و کامەرانی..
گوتم: نەء، هەرگیز.. بەڵکو بەپیچەوانەوە! من ئێستا زۆر خەمبارم!
بە سەرسامییەکەوە گوتی: خەمبار؟! بۆچ خەمبار؟!
گوتم: ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کەمن لێت بپرسم..
گوتی: فەرموو..
گوتم: من وەک تۆ پرسیاری زۆرم نییە، بەڵام تەنیا پرسیارێکم هەیە و هیچی تر، زۆر ئاسانیشە..
گوتی: ئەو پرسیارە چییە؟!
گوتم: من بۆم ڕوون کردیتەوە، کە ئەگەر بۆچونەکەی تۆ ڕاست دەربچێت، من هیچ زیانێک ناکەم، بەڵام ئەگەر بۆچوونەکەتمان ئاوەژوو کرد، و پاش ئەوە کەمردیت بۆت دەرکەوت کە خودا هەیە، و بەهەشت و جەهەننەم هەیە، هەموو ئەو دیمەنانەی خوای باڵا دەست باسی کردوون، هەموویان هەن و ڕاستن..
گوتم: هەمان پرسیار من لەتۆی بکەم؟ ئەو کاتە تۆ چی دەکەیت؟!
باوەڕتان هەبێ ماوەیەک بێ دەنگ بوو، سەیری دەکردم، و سەرنجی دەدام، بێ ئەوەی جووڵە لەلێویەوە بێت!! هەر سەرنجی دەدام بەبێ دەنگی.. تا شاگردەکە هات و نانەکەی هێنا، پێشم گوت: نامەوێ ئێستا وەڵامم بدەیتەوە! ئێستا نان ئامادەیە با نانەکەمان بخۆین، هەرکاتێ وەڵامەکە ئامادەبوو بێ زەحمەت ئاگادارم بکەرەوە.. خواردنەکەمان تەواو بوو، وەڵام نەبوو، منیش نەمویست تەنگی پێ هەڵبچنم و ئیحراجی بکەم، بەشێوەیەکی عادەتی لەچێشتخانەکە هاتینە دەرەوەو ڕۆیشتین..
پاش مانگێک ئەو برادەرە پەیوەندی پێوەکردم و گوتی: دەمەوێت لە هەمان چێشتخانەدا پێک بگەین، لەهەمان شوێندا پێک گەیشتین، تەوقەمان کرد، خۆمم لە باوەشی گەرمی برادەرەکەمدا بینییەوە، بەهەردو دەستی باوەشی پیاکردووم و سەری خستۆتە سەر شانم و دەگری..
منیش هەردوو باڵم لکاند بەپشتییەوەو پێم گوت: چیتە، ئازیزم! بۆ دەگریت؟!
گوتی: هاتووم تا سوپاست بکەم... وبۆ ئێرەش بانگم کردی تا لێرە وەڵامەکەت بدەمەوە، پاش ئەوەی کە زیاد لەبیست ساڵی تەواو وازم لەنوێژ هێنا گەڕامەوە بۆ نوێژکردن، بۆ لای سروشتی خۆم.. وشەکانت لەهۆش و گوێمدا دەزرنگایەوە، بەردەوام لەناخمدا بەئاگایان دەهێنامەوە، ئەم ماوەیە تامی خەوم نەچەشتووە، بەڕاستی گڕکانێکت لەگیان و دەرون و جەستەما بەدیهێنا.. بڕوام پێ بکە.. ئێستا وا هەست دەکەم من مرۆڤێکی ترم! و گیانێکی نوێ بەناو جەستەما بڵاو بووەتەوە، لەگەڵ دەروون ئارامییەکی تەواو بێ وێنەدا!!
منیش پێم گوت: لەوانەیە پاش ئەوەی چاوی سەرت بەهەڵەیاندا بردیت، ئەو زەنگانە چاوی دڵیان کردبیتەوە..!!
گوتی: بەراستی وابووە..ئەمە حەقیقەت و واقیعە
پاش ئەوە کە چاوم بەهەڵەیا بردم چاوی دڵت کردمەوە.. لەدڵەوە سوپاست دەکەم برا خۆشەویستەکەم.
تێبینی:
ئەمە ڕوداوێکی واقیعییە، لەوانەیە هۆیەک بێت بۆ هیدایەتی کەسێک.
دەی کەسی شیرینم لایکێک و سێ کۆمێنت بنووسە تا هەموو ئازیزان بیبینن و سوودی لێوەربگرن.
نووسەر: دکتۆر مظفر قاسم
وەرگێڕانی: دکتۆر حسن پێنجوێنی
[1]