بە هەڵدانەوەی چەند لاپەڕیەکی مێژوویی #میر وسوو بەگی بادلی#، یەکێک لە میرەکانی بنەماڵەی میرانی سۆران، تێدەگەین کە (#مێجەر سۆن# های) حاکمی ئینگلیز، بۆچی نەی توانی ئه و میرە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی و دواجار ناچار بڕیاری کوشتنی بدات. وسوو بەگ کوڕی مستەفا بەگ، یەکێک بووە لە میرە هەرە ناودار و دەستڕۆیشتووەکانی بنەماڵەی میرانی سۆران، خاوەن هێز و دەسەڵات و سوپایەکی توند تۆڵ و پڕ چەک بووە، 12 برای هەبووە.
لەسەرەتای سەدەی ڕابردوودا، دەسەڵاتی بەشی خوارووی لە (هەریر و باتاس و بەستۆڕه و هەولێر، زێی گەورە و دەربەندی گۆمەسپان و کۆیه، تا #قەڵای سارکێ#)ی پێ سپێردراوه. فەرماندەیەکی سەردەستە بووە و بەگژ هەموو دوژمن و داگیرکران وەستاوەتەوە، بۆیە ئینگلیزەکان نەیانتوانیوە جلە وی بگرن و پیلانی لەناوبردنیان بۆ داڕشتووه، دواجار (مێجەر های) حاکمی ئەوکاتی ئینگلیز لە ناوچەکە، بە پلان و خیانەتی ناوخۆیی، کۆتایی بە ژیانی هێناوە، هەروەک لە بیرەوەرییەکانی بە ڕوونی باسی لێوە کردووە.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، لەدوای کۆچکردنی خانزادەخانی میری سۆران، لەعلی خانی خوشکی بووەتە جێگرەوه، بۆ ڕایکردنی کاروباری میرنشینی سۆران و دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، هەر ئەوکاتیش لە ساڵی 1905 وسوو بەگی بادلی، دیاریکراوە بۆ سەرپەرشتیکردنی چەند ناوچەیەکی میرنشینەکە، دیارە ئەمەش بە بڕیاری عەبدوڵا پاشا، وسوو بەگی کوڕی مستەفا بەگی دیاری کردووە، کە یەکێک بووە لە خوێن و ڕەچەڵەکی میری سۆران. بۆیە وسوو بەگ وەک جێنشینی دیار کردووە و هێز و چەک و دەسەڵاتی بۆ دابین کردووە، بۆ پاراستنی خاک و خەڵکی ناوچەکەی، هەروەها هەم کۆکرنەوەی باج و دەرامەتی دەشتی هەولێر و کۆیە و هەریری لە ئەستۆدا بووە.
#محیەدین بادلی#، نووسەری پەرتووکی (بادلیان.. مێژووی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، دیمۆگرافی) کە ساڵی 2019 بە چاپ گەیاندراوە، لە لاپەڕەکانی (51 تا 56) لەبارەی وسوو بەگ بادلی ئاماژەی بەوه کردووە، کاپتن (مێجەر های) حاکمی ئینگلیز، لە کتێبەکەیدا، بەشێکی تەرخان کردووە بۆ کێشەی ئینگلیز و ئاغاکانی ئه و سەردەمانە. لەبارەی وسوو بەگ بادلی، دەڵێت: (دوو مانگ بەرلەوەی سەفەر بکەم بۆ ڕواندز، ساڵح بەگی خۆرانی پێی گوتم، هۆکاری سەرەکیی کێشه و بەربەستەکان لە سنووری ڕواندز، بەلابردنی یوسف بەگی بادلی کۆتایی دێن، دواتر کە هاتم بۆ ڕواندز، لەلایەن کۆمەڵێ ئاغای ناوچەکە، ئەوە پشتڕاست کرایەوە.
هەروەها، لە شوێنێکی دیکەی یادەوەرییەکانی دەڵێت: وسوو بەگ بادلی، خەونی بە لاوازبوونی دەسەڵاتی حکوومەتی ئینگلیزەوە دەبینی لە ناوچەکە، تاکوو حاکمایەتیی خۆی ڕابگەیەنێت! ئێمە ئاگادار بووین، کە وسوو بەگ چەندین جار نوێنەرەکانی ناردبوون بۆ لای بارزانییەکان، بەمەبەستی ئەوەی کە هاوکار و پاڵپشتی یەکتر بن.
لێرەدا دەردەکەوێت، کە هیوا و ویستە دوورەکانی وسوو بەگ، تەنیا مانەوەی نەبووە لە دەسەڵاتدارێتیی ڕواندز، بەڵکو هەوڵەکانی ئه و بۆ ڕاگەیاندنی جوولانەوەیەک و پێکهێنانی خودموختارییەک بووە لە ناوچەکەدا، دوور لە حوکمی ئینگلیزەکان، کە بێجگە لە هەندێ لە ئاغاکانی ئه و سەردەمە، زۆرینەی خەڵک دژی دەسەڵاتی ئینگلیز و داگیرکاریی ئەوان بووە، ئەوەش هۆکار و پاڵپشتییەکی باش بووە بۆ ئاواتەکانی وسوو بەگ، لەهەمانکاتدا، کاپتن های و ئاغاکانی ناوچەکە، بەو سەرهەڵدانەی کە وسوو بەگی بادلی ئامادەکاریی بۆی کردووه، ترساون.
لێکدانەوەکان ئەوەمان بۆ دەردەخەن، کە سەردانەکەی ئه و نوێنەرە ئینگلیزە بۆ لابردنی هەژموون و مەترسییەکانی وسوو بەگ بووە لە ناوچەکەدا. حاکمی ئینگلیز، سەرەتا ویستوویەتی بە فڕوفێڵ وسوو بەگ لە دەسەڵاتدارێتیی ڕواندز لابدات و کەسێکی دیکە لە شوێنی ئه و دامەزرێنێت. های دەڵێت: داوام لە چەند ئاغایەک کرد تا شوێنی وسوو بەگ بگرنەوە، بەڵام هیج کەسێک نەیوێرا بڕواتە شوێنی، بۆیە بۆم ڕوون بووەوە، یان دەبێ دەسەڵاتی تەواو ڕادەست بە وسوو بەگ بکەین، یان بەشێوەیەک خۆمانی لێ ڕزگار بکەین. لێرەدا هەیبەت و توانای وسوو بەگ دەردەکەوێت، کە هەموویان داواکاری کاپتنەکەیان ڕەتکردووەتەوە و نەچوونەتە شوێنی ئەو. بێ ئومێد بوونی نێردراوە ئینگلیزەکە، لەوەی کە بتوانێت ئاوا بەئاسانی ڕێگری لە ئاواتەکانی یوسف بەگ بکات، دەستی بۆ جێبەجێکردنی پیلانی لەناوبردنی بردووە، کە ئینگلیز هەمیشە لەکۆتاییدا پەیڕەوی ئەو پیلانەیان کردووە، به یارمەتیی ئەفسەر سەید عەلی، به ڕەگەز عەڕەب و پۆلیسەکانی هاوەڵی، پەنای بۆ پیلانگێڕییەکی داڕێژراو بردووە. ئەویش کوشتن و لەناوبردنی ئه و سەرکردەیە بووه و (مێجەر سۆن های ئینگلیز) لە نووسینەکانیدا هەردەم وسوو بەگی بە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی حکومەتەکەی ناو بردووە! هەرەوەها، لە شوێنێکی دیکەی یادەوەرییەکانیدا دەڵێت: ڕۆژێک دوای گرتن و دوورخستنەوەی وسوو بەگ، کە هێشتا خەڵکەکە بەوەی نەزانی بوو، کە وسوو بەگ مردووە، محەمەد سەعید بەگی سەرۆک عەشیرەتی برادۆست، بەخەمبارییەوە داوای لێ کردم کە سۆراغی وسوو بەگی خزمی بۆ ئاشکرا بکەم و ئازادی بکەم، ئەوەش پەیوەندیی دۆستایەتیی بەهێزی نێوان بادلییەکان و برادۆستییەکان پیشان دەدات له و سەردەمانەدا، کە پێچەوانەی هەندێ لە سەرۆک عەشیرەتەکان و ئاغاکانی دیکەی ناوچەکە بووە!. های دەڵێت: دوای گەڕانەوەم بۆ هەولێر، لامدایە لای عەوڵا پاشای باتاسێ، هەواڵی مردنی وسوو بەگم پێ ڕاگەیاند.
لەدواییدا دەڵێ: کە گەیشتمەوە هەولێر زۆر دڵخۆش بووم، که لە ئەرکێکی گەورە و دژواردا سەر کەوتم. لێرەوە دیسان ئاماژەیەکە، کە کوشتنی وسوو بەگ بادلی لەلایەن ئینگلیزەکانەوه، پێشتر بەرنامه و پیلان بۆ داڕێژراو بووە، تا بتوانن شوێنپێی خۆیان لە ڕواندز و دەوروبەریدا جێگیر بکەن. هەروەها، مێجەر سۆن های ئینگلیز، لە چەند شوێنێکی دیکەی کتێبەکەیدا، بادلییەکان بە عەشیرەت و وسوو بەگ بە سەرۆک عەشیرەت ناو دەبات، لەوەوە دەردەکەوێت، کە وسوو بەگ دەسەڵاتی زۆربەی ڕواندز و دەوروبەری لە ئەستۆدا بووە، ئەوەش بە گەواهیی مێجەر های، نوێنەری ئینگلیزەکان لە ساڵی 1919ی زایینی.
سەرچاوە: - مذکرات دبلیو ار. هی. حاکم اربیل السیاسی فی کردستان. ایام احتلال البریطاني 1918-1920.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]