لەسەر کێلی هەندێ لە گۆڕی مردووەکان لە گۆڕستانەکاندا، دروشم و شێوەی جۆراوجۆر نەخشێندراون. پسپۆرانی شوێنەوارناسیش زانیاری لەبارەی ئەو دیاردەیە دەخەنە ڕوو، دەشڵێن، مار لە هەندێک لە ئایینەکان بە پیرۆز سەیر کراوە و وێنەیان لەسەر گۆڕەکانیان نەخشاندووە.
پڕۆفیسۆر د. #زێدان برادۆستی#، شوێنەوارناس، لە لاپەڕەکانی (289- 299- 300) لە پەرتووکی (دەڤەری برادۆست.. جوگرافیا، مێژوو، شوێنەوار، کەلەپوور)دا دەڵێت: گۆڕستانی کۆلیت یەکێکە لە گۆڕستانە گەورە و گرنگەکانی دەڤەری برادۆست، لە سنووری ناحیەی #سیدەکان#، کە کەوتووەتە گەلیی لێتان لە دەشتی هێرت. یەکێک لە کێلەکانی ئەم گۆڕستانە، وێنەی ماری لەسەر نەخشێنراوە، ئێستا گوازراوەتەوە و لە هۆڵی د.زێدان برادۆستی لە ناحیەی سیدەکان پارێزراوە. ئەم کێلە لە تاشەبەردێکی گەورە و پان و تەنک دروست کراوە، بەرزییەکەی نزیکەی 2 مەتر دەبێت، وێنەی مارێک لەسەر بەشی سەرەوەی ئەم کێلە نەخشێنراوە، کە بەشێوەیەکی پێچ خواردوو وێنا کراوە، درێژیی مارەکە نزیکەی 35 سانتیمەتر دەبێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، بەگوێرەی بۆچوونەکان، کێشانی وێنەی مار لەسەر کێلەکان، ئاماژەیە بۆ هۆکاری گیانلەدەستدانی مردووی ناو گۆڕەکە، لەهەمانکاتدا هێمای مار وەک ئاگادارکردنەوەیەکە بۆ خەڵک، کە خۆیان لە کوشتنی مار بپارێزن، یان ئەگەری هەیە (بۆ هەڕەشە و ترساندن بێت لە نەفرەتی مار) تاکوو کەس دەستکاریی کێل و گۆڕەکە نەکات. مار لە زۆربەی چیرۆکی ئەفسانەکاندا زیاتر بە خراپ ناوزەد کراوە، ئەگەرچی لە هەندێک لە ئایینەکان بە پیرۆز سەیر کراوە. دەشڵێت: (هیرۆدێت) مێژوونووسی یۆنانی لە گەشتەکەی بۆ بابل باس لەوە دەکات، کە لە پەرستگاکاندا ماری زیندوویان پەرستووە، هەروەها لە داستانی گەلگامێش، باسی مار کراوە، لە سەردەمی سۆمەرییەکان میسڕییە کۆنەکانیش ماریان وەک سمبولێک بە مەبەستی پەرستن لە پەرستگایەکان دانابوو، گوایە مار لە شەڕ دووریان دەخاتەوە.
لای خۆیەوە، عەبدلوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەواری ئیدارەی سۆران، بە (باسکورد)ی ڕایگەیاند: لە جیهاندا هەر نەتەوەیەک بۆ ناشتنی مردووەکانی جۆرە کولتوورێکی تایبەتی خۆی هەیە، لە کوردستانیش لە چەندین شوێن لە گۆڕستانەکان، دروشمی جۆراوجۆر لەسەر کێل و تابووتی گۆڕی مردووەکاندا دەبینرێت، لەسەر کێلەکانی چەند گۆڕستانێکی ئیدارەی سۆران و هەروەها گوندی ئامۆکان لە سنووری ناحیەی هەریر، سەر بە قەزای شەقڵاوە و چەند ناوچەیەکی دیکە، چەند دروشمێکی سەرنجڕاکێش دەبینرێن، بۆ نموونە، نەخشاندنی وێنەی (مار و شمشێر و تفەنگ و چەند جۆرە دروشمێکی دیکە) لەسەر کێلی گۆڕەکان نەخشێنراوە.
ئاشکراشی دەکات: نەخشی مار لەسەر کێلی گۆڕی مردووەکان لەوانەیە بۆ ئەوە بووبێت، کە کەسانێک هەبووبن ماریان بە پیرۆز زانیبێت و وەک وەسیەتێک داوایان کردبێت لەسەر کێلی گۆڕەکانیان وێنەی مار بنەخشێنرێت، یان هۆکارێکی دیکەی تایبەت بە خۆیان هەبووبێت، هەروەها دروشمەکانی دیکەش بە هەمانشێوە، هەریەکەو واتا و بۆچوونی جیاواز لەخۆ دەگرن، نەخشاندنی شمشێر و تفەنگ و ئەو جۆرە کەرستانەی بۆ جەنگ بەکار هاتوون لەسەر کێلی گۆڕەکان، مێژووەکەیان زۆر کۆن نییە و بۆ چەند سەدەیەک لەمەوبەر و بۆ سەردەمی میرنشینەکان دەگەڕێتەوە، واتای هێماکانیش نیشانەی ئەوەیە، کە ئەو گۆڕەی ئەو دروشمانەی لەسەرە، گۆڕی کەسێکی جەنگاوەر و فەرمانڕەوا بووە و ئەو شمشێرەی بەکار هێناوە و دیارە ئەو جۆرە چەکەیان لە دەستدا بووە و پێی جەنگاون، بۆیە وێنە و هێماکان هەموو ئەو واتایانە لەخۆ دەگرن.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]