ناوی شوێنەوار: کەڵماکەرە
ئامادەکردنی: عەزیز مورادی
کەڵماکەرە، ئەشکەوتێکی مێژووییە، کە لە هەزارەی یەکەمی بەر لە زایین پەرەستگەی پەیڕەوکارانی میترایی بووە لە کوردستان. یەکێکە لە شەش خەزێنە مەزنەکانی جیهان، کە زیاترین کەلوپەلی گرانبەهای شوێنەواریی تێدا دۆزراوەتەوە.
کەڵماکەرە کەوتووەتە #لوڕستان#ی #ڕۆژهەڵاتی کوردستان# و خەزێنەیەک بووە بۆ هەڵگرتنی کەلوپەلە مێژووییەکانی سەردەمی #ئیلامییەکان#، کە بەشێکیان ئێستا لە مۆزەخانە ناسراوەکانی جیهان، وەکوو (بریتیش میۆزیۆمی لەندەن، لۆڤەری پاریس، میترۆپۆلیتینی نیۆیۆرک، سان پیترزبۆرگی ڕووسیا و میهۆی ژاپۆن) دەپارێزرێن.
ئەم ئەشکەوتە کەوتووەتە سەر شاخەبەردێکی سەخت بەناوی کێوی (ملە) و سەربە شارۆچکەی (پولدوختەر)ی لوڕستانە. لەناو ئەم ئەشکەتەدا 12 شوێنەگۆڕ دۆزراونەتەوە، لەگەڵ پێنج هەزار پارچەی شوێنەواری، کە 90 پارچە لەو شوێنەوارانە لە ڕێی قاچاخچییەکانی شوێنەوار بە مۆزەخانە ناسراوەکانی جیهان و خاوەن گەلەرییە شوێنەوارییەکانی ئەورووپا و ئەمریکا و یابان فرۆشراون.
ئەم ئەشکەتە یەکەمجار لە ساڵی 1984 لەلایەن ڕاوچییەکەوە دۆزرایەوە، کە بە شوێن بزنەکێوییەکدا خۆی گەیاندبووە بەردەم کونی ئەشکەتەکە و لەبەردەم ئەشکەتەکەدا چاوی بە ژمارەیەک پوولی زێڕین و زیوین کەوتبوو، کە گەورەترین خەزێنەی تایبەت بە ماڵباتی پاشاکانی (ساماتورا)ی لەخۆ گرتووە.
زمانی ئاشووری و ئارامی لەسەردەمی ئیلامییەکان زمانی فەڕمی بوون، بۆیە نووسینی سەر جامەشەڕابەکانی ناو ئەشکەوتەکە بەو زمانانە نووسراوە. دەمامکەزێڕینەکان یەکێکن لەو پارچەشوێنەوارییە ناوازانەی تائێستا لە جیهاندا دۆزراونەتەوە و ژمارەیان 10 دەمامکە، کە بە دەمامکەکانی کەڵماکەرە ناوبانگیان دەرکردووە. بەشێک لەو پارچەشوێنەوارییانە کەوتوونەتە دەست خاوەن گەلەرییەک بەناوی هۆشەنگ مەحبووبیان، کە لە پەڕتووکێکدا بەناوی (خەزێنەکانی کوێستان، هونەری مادەکان) لە لەندەن چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
بەشێکیان بریتین لە دەموچاوی پاشاکان، بوونەوەرە ئەفسانەییەکان و جامەشەڕاب (ریتوون)ەکان، کە هەرکامەیان ڕووخساری ئاژەڵێکیان بەخۆیانەوە گرتووە، وەکوو ڕیتوونی زێڕینی کەڵەکێوی، یان ئەو ڕیتوونەی، کە هێمای جەنگی خواوەندی میترایسمەکانە لەگەڵ کەڵەگایەکی باڵدار. ژمارەیەکی دیکە لە پارچەی شوێنەواری ناوازە وەکوو (پیاوی شەڕکەر، هەڵۆ و کەروێشک، شەڕی شێر و گا و شێر و ئاسک) ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ، کە مادەکان لە ئافراندنی هونەردا تاقانە بوون و کوردستانی ئەو سەردەمە لانکەی شارستانییەت بووە.
کەڵماکەرە لە سێ وشەی کوردی (کەڵ)، (ما) و (کەرە) پێکهاتووە. (کەڵ) بەمانای کەڵەکێوی، (ما) لە زاراوەی #کەلهوڕی# و جافیدا بە مانای کێو و شوێنە و (کەرە) لە زاراوەی لوڕی و کەلهوڕی بە مانای هەنجیری کێوییە؛ کەواتە کەڵماکەرە یانی کەڵەکێوی کێوی و هەنجیر.
[1]