پەژاک بۆ بە هاناوەچوونی لێقەوماوانی بومەلەرزە لە باکوور و ڕۆژاوای کوردستان بانگەوازی ڕاگەیاند
07.02.2023 سێشەممە
بانگەوازی پەژاک بۆ گەیاندنی هاوکاری بە لێقەوماوانی بومەلەرزە لە باکوور و ڕۆژاوای کوردستان
بومەلەرزەکەی بەرەبەیانی شەشی شوباتی 2022 لە باکوور و ڕۆژاوای کوردستان کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی نیشتمانپەروەر، مایەی خەم و پەژارەی گەلەکەمانە. پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گیانبەختکردوانی گەلانی کورد، تورک و عەرەب لە باکوور و ڕۆژاوای کوردستان و هەروەها تورکیا و سووریا دەکات و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازێت.
لە ئەنجامی ڕوودانی بومەلەرزەی بەهێز لە باکوور و ڕۆژاوای کوردستان بە تایبەت لە شاری بازارجخ و دیلۆک ژمارەیەکی زۆر لە بینا ڕووخاون و ژمارەیەکی زۆر گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون. لە سەرماو سۆڵەی زستان و لە کاتێکدا قەیرانی بژێوی کە لێکەوتە کردەوە ستەمکارانەکانی دەوڵەتانی سەردەست گەلەکەمان لەژێر گوشاردایە، بەروودانی کارەساتی سرووشتی وەک بومەلەرزە لێقەوماوانی بومەلەرزەکەی ڕووبەڕووی کارەساتی بژێوی و گوزەران کردووەتەوە. بێگومان بەشێکی زۆری ئەم زیانە مادی و گیانیانە دەرەنجامی کارنامەی نامرۆیی کاربەدەستانی دەوڵە دیکتاتۆرەکان و ئەو سەرمایە پەرستانەیە کە لە ڕووی پاراستنی ژیانیشەوە ستەم دەکەن. دەوڵەتە باڵادەستەکان کە تەنیا بیر لە سەرمایە و قازانج و بەردەوامی دەسەڵاتیان لە ڕێگەی زەبر و زەنگ دەکەنەوە، لە بواری بیناسازیدا، سیستمێکی مەترسیداریان بوونیادناوە. ئەگەر لە بوارەکانی گەیاندنی خزمەتگوزاریدا بە باشی ئەرکەکانیان بەجێبگەیاندایە بە دڵنیاییەوە زیانەکانی بومەلەرزە لە ئەنجامی بێسەروبەرەیی و دۆخی یەکجار خراپی بیناسازی، کەمتر دەبوو.
لە دۆخێکدا کە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری خوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەمڕۆش لە باکوور و ڕۆژاوای کوردستان بومەلەرزە ڕوویداوە، لەناوەڕاستی زستاندا بێ ماڵو حاڵ بوونی گەلەکەمان مایەی خەم و پەژارەیە. هەربۆیە بارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) داوا لە گەلی وڵاتپارێز و مرۆڤ دۆستی کورد دەکات بۆ گەیاندنی هاوکاری بە گەلە بێبەشکراوەکەمان لە ناوچە بومەلەرزەلێدراوەکان دەستبەجێ بکەونە خۆ. تەنیا لە سایەی پشتیوانی گەلەکەمان لە لێقەوماوانی بومەلەرزە دەتوانرێت ئەم دۆخە دژوارە تێپەڕێنرێت. پەژاک جارێکیتر سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گیانبەختکردووان و گەلی کورد و هەوەها گەلانی تورکیا و سووریا دەکات. هاوپشتی و هەوڵەکانی کۆمەڵانی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەوروپا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ساڕێژکردنی ئازارەکانی لێقەوماوانی بومەلەرزەکە.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)
[1]