ناو: حەمید
نازناو: حەمید ئەفەندی
ناوی باوک: حسێن مەلا
ساڵی لەدایکبوون: 1934
ڕۆژی کۆچی دوایی: #17-02-2023#
شوێنی لەدایکبوون: #سیدەکان#
$ژیاننامە$
حەمید حسێن مەلا (حەمید ئەفەندی) ساڵی 1934 لە سیدەکان لە دایکبووە، ساڵی 1961 چووەتە ڕیزی شۆڕشی کوردستان و لە ڕەوتی شۆڕشی ئەیلول و گوڵاندا بە زنجیرە سەرلق، فەرماندەی بەتالیۆن، فەرماندەی هێز بووە. بەشداری کۆنگرەکانی 9 تا 13ی پارتی دیموکراتی کوردستانی کردووە.
لە کۆنگرەی نۆیەمەوە بۆ ماوەی 15 ساڵ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە و دوا بەرپرسایەتی ناوبراو وەزیری پێشمەرگە بووە.
ساڵی 1975 کە شۆڕشی ئەیلول وەستا، حەمید ئەفەندی سەرەتا لە نەغەدە و دواتر لە #مەهاباد# بووە و لەوێوە گواستراوەتەوە بۆ کرمان.
ساڵی 1977 گەڕاوەتەوە ڕیزی پێشمەرگەکانی شۆڕشی گوڵان. لەم بارەیەوە دەڵێت:
ساڵی 1977 کاک ئیدریس بە دواى چەند بەرپرسی سەربازیدا نارد کە زۆر بەنهێنی بچینە لای. من لەگەڵ عەریف یاسین، مستەفا نێروەیی، نادر هەورامی، ملازم یونس ڕۆژبەیانی و مەلا ئەمین بارزانی بە خزمەت کاک ئیدریس گەیشتین. هەرکام لە ئێمەی لەگەڵ 5-6 پێشمەرگە بەنهێنی گەڕاندەوە بۆ کوردستان. من بۆ ناوچەی برادۆست، لە بارزانەوە تا باڵەک. ملازم یونس و مەلا ئەمین بۆ ناوچەی بارزان تا دەگاتە سنووری نێوان باشوور و باکووری کوردستان. نادر هەورامی بۆ ناوچەی #سلێمانی# و #هەورامان#. مستەفا نێروەیی بۆ ناوچەی نێروە. عەریف یاسین بۆ ناوچەی دۆسکی تا دەگاتە سنووری نێوان باشوور و باکووری کوردستان. لە ماوەی (6 - 7) مانگدا ئێمە لە چیاکانی کوردستان توانیمان جێی خۆمان بکەینەوە و بەرەبەرە دەستمان کرد بە شەڕی پارتیزانی و لە سلێمانییەوە تا دۆسکی و نێروە و ڕێکان و ...هتد، سەرکەوتنی باشمان بەدەست خست.)
بە ئاڵۆزبوونی ئێران لە ساڵی 1978دا، بوارێکی باشتر بۆ پەنابەرانی باشووری کوردستان لە ئێران ڕەخسا. لەم بارەیەوە حەمید ئەفەندی دەڵێت: (کاک ئیدریس و سەرکردایەتی کاتی پارتی توانیان لە کەرەجەوە بێن بۆ ناوچەی ورمێ و لە ڕاژان و سلێڤانا مەقەڕ دانێن. بە نزیکبوونەوەی سەرکردایەتی پارتی لە سنووری ئێراق، لە هەموو لایەکەوە پێشمەرگە لێمان کۆبوونەوە ئیتر بزاڤەکەمان بە دژی حکومەتی ئێراق، حاڵەتی ئاشکرای بەخۆیەوە گرت.)
حەمید ئەفەندی یەکێک بووە لە بەشدارانی شەڕی بازێ لە ناوچەی بادینان و هەکاری. ساڵی 1991 کە ڕاپەڕینی خەڵکی باشوور سەریهەڵدا، ناوبراو بە هێزێکەوە و شێروان حەویزی لە یەکێتی نیشتمانی بە هێزێکەوە و حیزبەکانی تری بەرەی کوردستانی هەرکام بە هێزێکەوە خۆیان دەگەیەننە #ڕانیە# و #قەڵادزێ#. دوای ڕاپەرین بە فەرمانی مەسعود بارزانی دەچێتە #هەولێر#. لەم بارەیەوە دەڵێت: (حکومەت جارێکی تر هێرشی کردەوە سەر کوردستان و #کەرکووک# و هەولێری گرتەوە. ئێمە بڕیارماندا لەمپەرێک لە هێزەکانمان لە زنجیرە چیای مەسیف سەڵاحەدین دانێین کە دوژمن نەتوانێ بگاتە ئەو جێیە و داگیری بکاتەوە. کەچی حکومەت بە هێزێکی زۆر هێرشی هێنا و ئەو جێیەشی گرتەوە. ئەوکاتە من لە هەودیان سەربە شارۆچکەی #سۆران# لە خزمەت جەنابی سەرۆکدا بووم کە لە هێرشی دوژمن ئاگاداریان کردم. من و حالی دۆڵەمەری گەڕاینەوە بەرەی شەڕ و بینیمان پێشمەرگە لە پاشەکشەدایە و مەسیف سەڵاحەدینیان چۆل کردووە. هەرکام لە ئێمە 5-6 پێشمەرگەمان لەگەڵ بوو. من نزیکەی 40-50 پێشمەرگەم لەو هێزانە گەڕاندەوە کە یەکێک لەوانە هێزی دوکتۆر سەعید ئەحمەد نادر بوو. بڕیارماندا بەرەکە بگوازینەوە کۆڕێ. دوکتۆر سەعید هێزەکەی برد بۆ بەرزاییەکانی کۆڕێ و من و حالی لە گەلییەکەدا بووین کە دوژمن هاتەپێش و ئێمە لە هەموو لایەکەوە لێماندان. ئەوان سەریان لێشێوا و شکان. زیاتر لە 100 کەلاکیان لە مەیدانی شەڕەکەدا بوو. 10 یان 12 تانکمان لێ شکاندن و یەکدانەمان بە ساخی گرت. ڕۆژی دووەمی شەڕەکە پێشمەرگەکانی یەکێتی و حیزبەکانی تریش هاتن.)
بە دوای شەڕێ کۆڕێدا، حەمید ئەفەندی دەکرێت بە فەرماندەی گشتی هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان و دواتر کە دەزگای ئەیلول لە ساڵی 2000 دامەزرا، بەرپرسایەتی ئەو دەزگایەیان پێسپارد. ساڵی 2001 تا 2004 بۆ ماوەی نزیک بە چوار ساڵ وەزیری پێشمەرگە بووە.
حەمید ئەفەندی فەرماندەی بەشێکی زۆر لە شەڕەکانی کوردستان بووە. خۆی بەشداریی شەڕی بازێ، ڕۆستێ، سیدەکان و...تد کردووە و سێ جار بریندار بووە. جارێک بە پریشکی تۆپ لە چیای پیران لە 1963 و دوو جاریش لە شەڕی گەروی عومەرئاغا لە 1974دا. لەم بارەیەوە دڵێت: (لە زۆربەی شەڕەکاندا سەرکەوتنم تۆمار کردووە و بەم بۆنەیەوە کاک مەسعود دەست خۆشی لێکردوم و بەناوی پیرە پڵنگ بروسکەی بۆ ناردم حەمید ئەفەندی هاوکات لەگەڵ وەزیر بوونی، ئەندامی فەرماندەی فەرماندەیی لەشکری پێشمەرگەی کوردستانیش بووە کە وەک خۆی دەڵێت پازدە کەس بوون و سەرۆک مەسعود بارزانی بەرپرسیان بووە.
ناوبراو بەهۆی خزمەتەکانییەوە ڕۆژی 16-08-1996 لە یوبیلی زێڕیندا میدالیای بارزانی وەرگرتووە و لەم بارەیەوە دەڵێت:
(زۆر خۆشحاڵ بووم بە وەرگرتنی میدالیای بارزانی و زۆریش خۆشحاڵم کە لە ژیانی پەنجا ساڵەی خەباتمدا شەرمەزاری جەنابی بارزانی گەورە و سەرۆک مەسعود بارزانی نەبووم. لە ڕاستیدا من بۆ میدالیا خەباتم نەکردووە) .
حەمید ئەفەندى برادۆستی سەرپەرشتیارى میحوەرى باشیک بوو بە بڕنەوەکەی دەستى سەنگەری لە تیرورستانى داعش گرتبوو.
ئێوارەی ڕۆژی هەینی 17ی شوباتی 2023 پێشمەرگە و فەرماندەی ماندوونەناس و تێکۆشەر و خەباتگێڕ و نیشتمانپەروەری گەلەکەمان حەمید ئەفەندی کۆچی دوایی کرد.[1]