ناونیشانی بابەت: کولتوورى ژینگەپارێزى لە دەڤەرى #بارزان#
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
هەژار ماهیر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی #سۆران# و چالاکوانی ژینگەپارێزی، ڕاگەیاند، یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی فەرهەنگی دەڤەری بارزان، پاراستنی ژینگەیه، کە زیاتر لە سەد ساڵە تاوەکوو ئێستا لەلایەن پێشەوا و شێخەکانی بارزان بە میرات ماوەتەوە و لەسەر ئاستی جیهانی پێشکەوتووشدا، تا ئەمڕۆش یەکێکە لە بەنرخترین بەها شارستانییەکان، کە زیاتر گرنگیی بە تێگەیاندن و پێگەیاندن و هۆشیاریی خەڵک بە شێوەیەکی خۆویستانە دەبینێتەوە. سەدەیەک بەسەر پاراستنى ژینگە لە دەڤەرى بارزان تێپدەپەڕێت، بەمەش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەی ئاژەڵە کێوییەکان زیاد دەبن و ژینگەی ناوچەکەش سیماى جوان و بوژانەوەى زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، هۆکاری سەرەکیی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆشیارییە ژینگەپارێزییەی، سەردەمێکە ئاوێتەی خەڵکی ئەم ناوچەیە بووە، هاووڵاتییانیش خۆیان بەرانبەر بە پاراستنی ژینگەی دەڤەرەکە بە بەرپرسیار دەزانن.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران وتیشى: پێکهاتەی سرووشتیی ژینگەی دەڤەری بارزان تەنیا خۆی لە پەلەوەر و ئاژەڵە کێوییەکان نابینێتەوە، بەڵکوو ژینگە و سرووشت و دارستان و ڕووبار و کانیاوەکانیش دەگرێتەوە، هەر ئەمەش وای کردووه، جۆرەها ئاژەڵى کێوى لە دەڤەرەکە بەرچاو بکەون و پارێزراویش بن، هەروەها هەزاران جۆر دار و درەخت و گژوگیا لە و ناوچەیە گەشە دەکەن، ئەمانە چەند نموونەیەکی زیندوون، کە ئێمە دەتوانین لە هەرێمی #کوردستان# سوودی لێ وەربگرین و کولتوورەکە بگوازینەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی کوردستان.
هەژار ماهیر، ئاماژەى بەوەش دا، کردنەوەی فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سۆران، دەرفەتێکی زێڕینە، کە بتوانین زیاتر گرنگیی بە پاراستنى ژینگەى دەڤەرەکە بدەین، چ لەسەر ئاستی تاک بێت یان لەسەر ئاستی حکوومەت و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەویش بە دەستپێکردنێکی نوێ و بە گوڕوتینێکی نیشتمانپەروەرانە و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرانبەر بە ژینگەی هەرێمی کوردستان، کە زیاتر وێران نەکرێت و بەرەو لەناوچوون نەبرێت.
دەشڵێت: وەک فەرمانگەی ژینگەی سۆران هەوڵەکانمان دەخەینە گەڕ، لە ڕێگەی کۆنفڕانس و وۆڕکشۆپ و کۆڕی زانستی، ئەو پێگەیاند و تێگەیاندنەی بە شێویەکی خۆویستانە هەیه، بگوازینەوە بۆ قەزاکانی ئیدارەی سۆران و شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت کەڵک لە ئەزموونی پسپۆڕان و شارەزایانی ژینگەدۆستی دەڤەرەکە وەربگرین، هەروەها دەبێت لە ناوەندەکانی خوێندن بە سەرجەم ئاست و قۆناغەکانی باخچەی منداڵان و بنەڕەتی و ناوەندی و دواناوەندی و زانکۆ و پەیمانگەکان، کار بۆ بنیاتنانی نەوەیەکی هۆشیار و ژینگەپارێز بکەین، کە بە هەستێکی لێپرسراوانەی نیشتمانپەروەرانەی ژینگەدۆستانە وە بێتە ناو کۆمەڵگە، پێویستە ئەمە لە گوێچکەکانیاندا بچەسپێنرێت، کە کولتوورى ژینگەپارێزیی دەڤەری بارزان لە باب و باپیران بۆ نەوەکانیان ماوەتەوە، نەوەکانیشیان نەوەیەکی بەوەفا و بەئەمەک بوون بۆ درێژەدان بە و ڕێچکەیه.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران ئەوەش دەخاتە ڕوو، بەشێکی دیکەی پلان و بەرنامەمان بۆ گرنگیدان بەم پرسە ئەوەیە، کار لەسەر ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستیی دەکەین، کە توێژەران چییان لە توێژینەوەکانیان دەست کەوتووە، ڕاسپاردەکانی توێژینەوەکان ئەنجام بدەین و لە خزمەت ژینگەی هەرێمی کوردستاندا بەکاری بهێنینەوە، بۆ ئەوەى بزانین ئایا تا چەند ژینگەپارێزیی لەم دەڤەڕە بووە بە کولتوور، هۆکار و هەنگاوەکان چی بوونە، ئەم پرسانە لەگەڵ قایمقام و پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە و دام و دەزگاکانی دیکەی دەڤەرەکە تاوتوێ دەکەین.
هەژار ماهیر پتر گوتى: دەڤەری بارزان لە ناوچەی پارێزراوی ژینگەییەوە بکرێتە ناشناڵ پارک، کە ڕووبەری ناوچەی پارێزراوی بارزان زیاتر لە 110 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و زیاتر لە یەک سەدەیە ناوچەکە بووەتە پەناگەیەک بۆ پاراستنی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان، چونکە ڕاوکردن لە و ناوچەیە قەدەغەکراوە و لێپرسینەوەی توندی یاسایی بەرانبەر ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر، کە ڕاوی پەلەوەر و ئاژەڵی کێوەی دەکەن، تەنانەت تیمی تایبەتی ڤێتەرنەری بە هاوکاریی لایەنی پەیوەندیداری دەڤەرەکە، لە کاتی بوونی هەر نەخۆشییەکی ئاژەڵی، بە هانای ئاژەڵە کێوییەکانەوە دەچن و دوای پشکنین، هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدەن.[1]