ناونیشانی بابەت: سرووشتی گوندی کەڤناری جۆنا لە سنووری شارۆچکەی ئاکرێ
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
گوندێکی مێژوویی لەدامێنی چیا بێرات، سەربە شارەدێی #بجیل#، لە سنووری شارۆچکەی #ئاکرێ# لە دەڤەری سوورچیایەتی، دیمەنی ناوازەی بە ناوچەکە بەخشیوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ساڵ لەمەوبەر.
لەمبارەیەوە، سۆزدار ئەحمەد، چالاکوانی شاخەوانی، بۆ (باسکورد) ئاماژەی بەوە دا: هەوڵم داوە زۆربەی گوند و ناوچە شاخاوییەکانی #کوردستان# لەنزیکەوە ببینم و پێیان ئاشنا بم، یەکێک لەم ناوچانەش، کە لەنزیکەوە سەردانم کردوون و پێیان سەرسام بووم، گوندێکی کەڤنار لەدامێنی چیای بێراتە لە شارەدێی بجیل لە سنووری شارۆچکەی ئاکرێ، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چەند سەدەیەک لەمەوبەر، کە مەزەندە دەکرێت ژیانی تێدا بووبێت.
دەشڵێت: زۆر هەوڵم داوە زانیاریی زیاتر لەسەر ئەم گوندە شوێنەواری و مێژووییە کۆ بکەمەوە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی مێژووییم لەسەر ئەم گوندە دەست نەکەوت، کە باس لە ژیان و گوزەرانی دانشتوانی بکات، لەگەڵ ئەوەشدا، لەسەر لێکۆڵینەوەکانم بەردەوام دەبم.
لای خۆیەوە، ئومێد قادر، لێکۆڵەر و مامۆستای مێژوو، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند، ئەگەر چاوێک بە مێژوودا بخشێنینەوە، بوونی ژیان و مرۆڤایەتی لە سنووری شارۆچکەی ئاکرێ، هاوشێوەی چەند ناوچەیەکی دیکەی کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ سەدان و بگرە هەزاران ساڵ لەمەوبەر، بەڵگەش بۆ ئەمە، مانەوەی شوێنەوار و شوێنە مێژووییەکانە، لەگەڵ ئەوەشدا لە سەدەکانی ڕابردوو چەندین پاشا و میرنشین فەرمانڕواییان لە ناوچەکەدا کردووە، بەمەش تا ئێستا شوێنەواری ئەو قەڵا و پێگانەیان ماوە و پێویستە پارێزگارییان لێبکرێت و وەک ناسنامەیەکی گەلەکەمان بەزیندوویی بهێڵدرێنەوە، بەتایبەتیش گوندە کەڤنارەکانی بناری چیای بیرات لە سنووری شارۆچکەی ئاکرێ، سیمایەکی جوانی کولتووری و مێژوویی دەبەخشن.
وتیشی: وەک دیاریشە، مێژووی مرۆڤایەتی لە ناوچەکەدا بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە، سەردەمانێک مرۆڤ لە ئەشکەوت و ناوچە شاخاوییەکان ژیان و گوزەرانی بەڕێ کردووە، دواتر بەرەبەرە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، ئینجا پەناگەیەکیان بە دار و بەرد درووستکردووە، دواتر خانووی لە قوڕ و بەرد و دار، ئینجا خانوو و قەڵایان بە قسڵ و گەچ درووستکردووە، تا ئەم قۆناغەی ئێستا، کە خەڵکی هەوڵ دەدات خانوو لە بەرد و بلۆک و چیمەنتۆ و شێوازی پێشکەوتووانەی وەک تەختە و شووشەبەند درووست بکات، بێگومان لە چەند سەدەی داهاتوودا ئەوەش گۆڕانی بەسەردا دێت و ژیان لەناو کۆشک و خانووەکان بە شێوازێکی دیکە دەبێت.“[1]