ناونیشانی بابەت: دارەسووتاوەکە ... مێژووی بازاڕێک لە بازرگانی
ئامادەکردنی: #ڕۆیا سەردار#
دارەسووتاوەکە، لە سەروو #مزگەوتی گەورە#وە لە #سلێمانی# دەست پێدەکات تا سەرەتای شەقامی قەنات. لە کۆندا دەشتێکی چۆڵ بووە و لەبەر جۆری گڵ و نەرمیی خاک و تەختایی زەوییەکەی، لە سەردەمی عوسمانی و ئینگلیزەکاندا مەیدانی ئەسپسواری و مەشقی سەربازیی بووە.
دارەسووتاوەکە لە کۆندا پێیان دەگوت (مەیدانی دارفرۆشەکان)، جۆری دارەکانیش زیاتر داری سپیدار و چنار بوون، واتا شوێنی کڕین و فرۆشتنی دار بووە و دارەکان لە شارباژێرەوە دەهێنران بۆ مەیدانەکە و نرخی هەر دارێک (10) فلس بووە. زۆربەی فرۆشیارەکان کووخێکی بچووکیان لە شێوەی دوکانێکی بچووک درووستکردبوو، ئەو دارانەیش لە کاری بیناسازی و درووستکردنی کەپردا بە کار دەهێنران.
$لە کەیەوە ناونراوە دارەسووتاوەکە؟$
هێزە نهێنییەکانی شۆڕشی کوردی هەر کار و چالاکییەکیان دەکرد، زۆر جار بە نهێنی خۆیان لەناو ئەو دارانە دەشاردەوە، یان زۆر جار چەک و تەقەمەنییەکانی خۆیان لەوێدا دەشاردەوە، چونکە دارەکان زۆر بە چڕوپڕی لە تەنیشت یەک هەڵدەچنران و لە شێوەی کۆڵانی تەنگەبەر بەتەنیشت یەکەوە بوون.
لە هاوینی ساڵی 1977دا هێزێکی تایبەتیی حزبی بەعس بۆ لەناوبردنی ئەو دارانە ئامادە کرا، چەند دەبەیەکی بەنزین و نەوتیان خستە ناو دارەکان و ئاگریان تێ بەردان و هەموو دارەکان سووتان. زەرەر و زیانێکی زۆر بە کاسبکاران و خانووەکانی دەوروبەری کەوت، هەموو خەڵک لە ترسان ناوچەکەیان بەجێ هێشت و بەو شەوە دەربەدەر بوون.
ئەو دیمەنە بۆ خۆی مەنجەنیق و دۆزەخێک بوو، کە بڵێسەی ئاگرەکە لە دوورترین شوێنی شارەکە دەبینرا، ئیتر خاکی مەیدانی دارەکان بوو بە پارچەیەک لە خەڵووز و ڕەشایی، هەتا کۆتایی هەشتاکانیش بە مەیدانی دارەکانیان دەگوت (دەشتەکە) و لە دوای ڕاپەڕینەوە ناوی گۆڕا بە (دارەسووتاوەکە)، هەتا ئێستاش هەر دارەسووتاوەکەیە.
ئێستا بازاڕی دارەسووتاوەکە ناوەندێکی بازگانییە و سەدان دووکان و کتێبخانە و مۆڵ و گەراج و ئۆتێل لەخۆی دەگرێت.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!