کوڕی شێخ محەمەدە بچکۆلەی کوڕی حاجی کاک ئەحمەدی شێخە، بۆیە نازناوی نەقیبی دراوەتێ چونکە بەفەرمانی سوڵتانی عوسمانی نوێنەری بنەماڵەی سادات بووە لەئەنجوومەنی ئیدارەی لیوادا.
شێخ مستەفا لەچاو براکانی تریدا، لەدوای شێخ سەعید ناسراوترین کەسایەتی نەوەکانی کاک ئەحمەدی شێخ بووە، چەند جارێک لەلایەن شێخ سەعیدی برایەوە کراوە بە لێپرسراوی ئەو لەشکرانەی کەشەڕیان لەگەڵ عەشیرەتەکانی تردا کردووە، بەڵام زۆر حەزی لەکاروباری سیاسی و عەسکەری نەکردووەو خەریکی کشتوکاڵ بووە.
شێخ مستەفا هێندە پیرەمێردی شاعیری خۆش ویستووە کەلەلای خۆی کردوویەتی بە سکرتێر و وازی لەکاری میری پێ هێناوەو هەر لەگەڵ خۆشیا بردی بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ حەج.
شێخ مستەفا بەبەخشندەیی و دەستبڵاوی ناسرابوو یارمەتی گەلێ خێزانی داوە، لەدوای وەسمان پاشای جافیش، یەکەم کەس بووە بیر لەوە بکاتەوە بازاڕێکی گەورە لەناو شاری #سلێمانی#دا دروستبکات کە بە (قەیسەری نەقیب) ناسراوە.
ئەم پیاوە ناودارە لەکاتی بەجێهێنانی (حەج)دا لەشاری مەککە نەخۆش کەوت و هەر لەوێ کۆچی دوایی کرد و بەخاکیان سپارد.
سەرچاوەکانی مێژوو ئەڵێن شێخ مستەفا ئەم مردنەی پێشبینی کردووە چونکە کاک ئەحمەدی باپیری دوعای بۆ کردووە لەو شوێنە بمرێ.