یادگارییەکان بریتین لە دەستنووسە ڕەسەنەکانی پێشەوا قازی محەمەد.
ئەم بەرهەمە لە لایەن هەریەک لە #ڕەسوڵ سوڵتانی# و حەسەن دانیشڤەر و د.عەبدولرەزاق عوسمان ناوەندەیی و د. موسی مەمەدەڕەش خوێندنەوە و دووباره نووسینەوە و پێداچوونەوەی بۆ کراوە و وەک خۆی بە پێی بەرگەکان دابەش کراوەتەوە.
د. عەبدولڕەزاق عوسمان ناوەندەیی، یەکێک لە ئامادەکارانی کتێبەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ کوردستان24 نێردراوە، ڕایگەیاند، ئەو کۆمەڵە دەستنووسە بەشێکی زۆریان بە دەستوخەتی پێشەوا قازی محەمەد نووسرابوونەوە، لە زۆر لایەنەوە شیاوی سەرنجن.
وتیشی: لەسەر فەرمانی سەرۆک مسعود بارزانی هەر سێ بەرگی نامە و نووسراوەکانی مێژوویی کە له لایەن زانایانی ئاینی مەلا عەلی ئیبن عەباسی و مەلا ئیبراهیم ئیبن عەباسی نووسراون و کۆکراونەتەوە و لە لایەن مەلا لوقمان ڕەهڕو لە مانگی (ئۆکتۆبەری 1997) بەرگ کراون بە پێی ئیمکان خوێندرانەوه و دووبارە نووسراونەوە بریتین لە (274) بەڵگەنامە و چەندین خۆش خەتی نامەن لە سێ بەرگ پێکهاتوون.
روونیشیکردەوە، ئەم دەستنووسانە گەلێک لایەنی ژیانی ئەو کاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی موکریانمان بۆ ڕوون دەکەنەوە. بەتایبەتی جوان دەردەکەوێ کە لەو بەشەی کوردستان دەسەڵاتی سیاسیی ناوەند واتە تاران زۆر ڕۆڵێکی بەرچاوی نەبووە، بەڵکوو ئەوە ئاغا و دەرەبەگەکانن کە بۆ وێنە ئەگەر یەکێک یاخی بووبێت، سزایان داوە یان کەسێکیان لە گوندێک دەرکردووە، بەتایبەتی مەسەلەی مارەبڕین و تەڵاق و شیربایی و خوێنبایی ئەو کاروبارانە هیچی نەچوونەتەوە دادگایەکی دامەزراو و لە ژێر سێبەری یاسا و دامەزراوەیەکی ڕێکخراودا نەبوونە، بەڵکو هەموو ئەو بڕیارانە بە دەست کەسانێکی دەستڕۆیشتووی وەک بنەماڵەی قازی بە تایبەتی قازی عەلی و کەسانی دیکەوە بوونە.
ئاماژەی بەوەشدا، لە بەڵگەنامە دەستنووسەکاندا چەند ڕووداوێکی مێژووییش تۆمار کراون وەک هێرشی ڕووسەکان بۆ سەر مهاباد و دەستکردنەوەی کوردەکان و لاوازیی لەشکری کورد لە ڕووی لۆجستیک و چەک و تەقەمەنییەوە و ئەو زیانە زۆرانەی کە لەو سۆنگەیەوە لێیان کەوتووە. ئەم دەستنووسانە لەو لایەنەشەوە گرنگن کە دەکرێ وەک بەڵگەیەکی مێژوویی بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لەو سەردەمە پشتیان پێ ببەسترێت.
ئامادەکارانی کتێبەکە باسیان لەوەشکردووە، لە هەندێک لاپەڕەدا لە جێی تێکست، کۆمەڵێک ژمارە و کۆد نووسراونەتەوە، کە شارەزایانی ئەو بوارە پێویستە ئەو کۆد و ژمارانە ڕوون بکەنەوە. پێدەچێت بە ڕەمز نهێنییەکیان پێ نووسرابێتەوە و ئەوەش زۆر شتی دیکەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. [1]