ناو: عەبدوڵڵا
ناوی باوک: جەلال
ساڵی لەدایکبوون: 1936
ساڵی کۆچی دوایی: 1985
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
شوێنی کۆچی دوایی: تاران
$ژیاننامە$
عەبدوڵڵا جەلال فەتاح لە ساڵی 1936، لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، یەکەم کورد بووە لە پۆڵەندا کە لە ساڵی 1978 بڕوانامەی دکتۆرای لەسەر کولتووری کوردی وەرگرتبێت، لە بەشی کۆمەڵناسی زانکۆی وارشۆ، تێزی دکتۆراکەی بە زمانی پۆڵەندی بوو به ناونیشانی:
(Problemy rozwoju i rozpowszechniania kultury kurdyjskiej w Iraku)
(گەشەپێدان و بڵاوکردنەوەی کولتووری کوردی لە ئێراق).
ئەم بڕوانامەیە یەکەم دکتۆرا بوو لە سەر بابەتی کوردی کە لە پۆڵەندا بەرگری لێکراوبوو، دوای چەندین ساڵ ئەم بڕوانامە و تێزە لە پۆڵەندا لە لایەن کوردناسی پۆڵەندی Joanna Bocheńska دۆزراوەتەوە، و عەبدوڵڵا جەلال فەتاح خرایە ناو لیستی توێژەران و ئەکادیمییە پۆڵەندییەکان.
عەبدوڵا وەک ئەندازیارێک لە کوردستان کاری کردووە، سەرەتا لە بەنداوی دوکان، دواتر لە ماوەی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا دۆخی سیاسی عێراق وای لێکرد ڕوو بکاتە ئەوروپا، سەرەتا بۆ ئەڵمانیا و دواتر بۆ پۆڵەندا. لە پۆڵەندا کۆمەڵناسی خوێندووە، لە بزووتنەوەی خوێندکاراندا چالاک بووە، لەگەڵ کۆمەڵناسە پێشەنگەکانی پۆڵەندا یۆزێف چالاسینسکی و ئەنتۆنینا کلۆسکۆڤسکا کاری کردووە بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆراکەی.
دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆرا، لە زانکۆی جەزائیر وەک وانەبێژ دامەزراوە و دواتر ڕووی لە هۆڵەندا و بەلجیکا و سوید کردووە، لە دوای گەڕانەوەی بۆ ئێراق لە زانکۆی سەڵاحەدینی هەولێر وەک مامۆستای زانکۆ وەرگیرا، بەڵام لەبەر هۆکاری زیادبوونی فشاری سەرکردایەتی زانکۆ بۆ پەیوەندیکردن بە حیزبی بەعسەوە، زۆری نەخایاند بۆی دەرکەوت کە دەبێت ئێراق بەجێبهێڵێت و بگەڕێتەوە بۆ ئەوروپا. بەڵام بەهۆی هەندێک نەخۆشی درێژخایەنەوە لە ماوەی مانەوەی لە کەمپێکی پەنابەران لە ئێران باری تەندروستی تێکدەچێت و لە نیسانی 1985 لە تاران کۆچی دوایی دەکات.
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕاپەڕ عوسمان عوزێری. [1][2]