پێناسەی غەزەل
قاڵبی غەزەل لەو قاڵبە شیعرانەیە کە لە هەوەڵی سەرهەڵدانی شیعری کوردی و فارسی هەبووە و ئێستاش کۆن نەبووه.
(ڕوودەکی)ی سەمەرقەندی 1100 ساڵ پێش ژیاوه، شاعیرێک دەرحەق بەو دەڵێت:
غزل (رودکی) وار نیکو بود
غزلهای من (رودکی) وار نیست
جا لە هەر دەورەیەکدا گەشە و نەشەی بووە، بەڵام دەوری تەڵایی غەزەڵ قەڕنی 6و7و8ی کۆچی مانگی بووە، کە مەولانا داری غەزەل دەچەقێنێ و سەعدی ئاودێریی دەکا و حافز بە سەمەری دەگەیەنێت، دوای ئەوانیش لە عەسری هیندی و بازگەشت و دەورانی نوێشدا غەزەل بە حەیاتی خۆی بە گەشە و نەشەتر درێژەی داوە، لە کوردیدا نالی و مەحوی و کوردی و تاهیربەگ دادی قسەیان بەم قاڵە داوە، بەڵام حەمدیش لەو کاروانەدا هەر بەرەوپێشە و ئەگەر نەفەری سێیەم نەبێ لەگەڵیان (نعلا بالنعل) واتا (هاوشانیان) ئەسپی خۆی لینگ داوە.
غەزەل نابێ لە حەوت بەیت کەمتربێ و لە 12بەیت زیاتربێ، بەڵام جاری وا هەیە شاعیران ڕیعایەتیان نەکردووە بە کەمترەکەی دەڵین غەزەلی ناقیس و بە زۆرترەکەی دەڵێن غەزەلی قەسیدە.
فەرقی غەزەل و قەسیدە لەوەدایە: قەسیدە باسی یەک مەتڵەب دەکا، بەڵام غەزەل دەتوانێ فەقەت عەشق، سیاسەت، عیرفان و حیکمەت بێ و لە 7بەیت کەمتر نەبێ.
غەزەڵ دەردی دڵە و قەسیدە نییەتی تێدایە. غەزەل حەدیسی نەفسە و قەسیدە نییەتی سیاسی و دوور ئەندێشی و (طموحات)ی شاعیر دەگەیەنێت.
غەزەلیاتی حەمدیش بەڕاستی ڕەقیبی سەرسەختی ئاڵی و مەحوییە.
#محەمەد سەعید نەجاڕی (ئاسۆ)# [1]