ناونیشانی بابەت: دەربارەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز بزانە؟
ئامادەکردنی: #چۆمان تەقێدین#
$چۆنییەتیی سەرهەڵدانی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز:$
نەورۆز جەژنێکی کۆنی نەتەوەیی مەزن و کۆمەڵگەی کشتوکاڵیی کوردە، هەروەها داب و نەریتێکی زۆر کۆن و دێرینە، کە لەلایەن کورد و فارس و تاجیک و هەزارە و پەشوون و بەلووچ و توخاری دێرین و شەگدی دێرین و تات و گیلەک و مازندەران (تەبەری دێرین) و تالیش و ئازەر، کە بە بنچینە کوردن و ئەڵبانی و کروات و نەتەوەکانی دیکەوە، بە شێوەی جۆربەجۆر پەیڕەو ئەکرێت. جەژنی نەورۆز ڕەگ و ڕیشەی ئەگەڕێتەوە بۆ کەوناراوییەکی زۆر پێش لە مێژوو. شارەزایانی بواری جەژنناسیی نەورۆز، بڕوایان وایە، شا جەمشید (9190-9090پ.ز) ، کە یەکێک لە شاکانی دەوڵەتی پێشدادییەکان بووە، کە شایە، ئەو جەژنی نەورۆزی داھێناوە. ژیانی ئەو شایە لە ئەفسانە بەدەر نییە و بەسەرھاتەکانیان زۆر خەیاڵین و سەردەمەکەشیان پێش لە چاخی مێژووە. کەوابێت بنەمای نەورۆز دەگەڕێتەوە بۆ چاخە دێرینەکان.
کەوناراوییەکان پێیان وا بووە، کە لە مانگی نەورۆزدا (گیانە پاکەکان) سەردانی کەسوکارەکانیان لەسەر زەوی ئەکەنەوە و ئاگر ھەڵئەکەن و (خوانی حەوت سین) ئەچنن و بەدەوریدا دائەنیشن. بۆیە چەند ڕۆژێک پێش ھاتنی جەژنی نەورۆز، خەڵک دەست ئەکەن بە تەکاندنی کەلوپەل و ناوماڵیان و جلی نوێ دەبەر ئەکەن و بە ئاگر ھەڵکردنەوە ئەچنە پێشوازیی جەژنی نەورۆز. دیارە جەژنی نەتەوەیی نەورۆز لە ناوچە جۆربەجۆرەکاندا بە شێوەی جیاواز ئەنجام ئەدرێت و داب و نەریتەکانی جەژنی نەورۆز لای گەلانی ناوچەکەش جیاوازییان ھەیە. جەژنی نەتەوەیی نەورۆز پێشینەیەکی دوورودرێژی ھەیە و کۆنترین جەژنی مرۆڤە لەسەر زەوی، کە تاوەکو ئێستە تۆمار کرابێت. بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەو بوارەدا کراون، کۆنترین مرۆڤەکانی سەر گۆی زەوی، ئەو کاتەی کە لە ئەشکەوتەکاندا ژیاون، ڕۆژی یەکەمی وەرزی بەھاریان کردووە بە جەژن. بەڕێز (دکتۆر #مەولوود ئیبراھیم# حەسەن) لە وتارێکی تێر و تەسەلدا بەوردی چووەتە سەر بنج و بناوانی مێژووەوە و بەڵگە ئەهێنێتەوە لەسەر ئەوەی، کە ئەو جەژنە ھەمان جەژنی (تەمووز و عەشتار) ە، کە سۆمەرییەکان، واتا کوردانی دەشت، کە پێش ئەوەی لە ئەشکەوتەکانی کوردستانی دێرین بێنە دەر و بەرەو خوارووی وڵاتی مێسۆپۆتامیای دێرین (ئێراقی ئێستە) داگەڕێن، ئەوان واتا سۆمەرییەکان (کوردانی دەشت) وەکوو یەکەمین کۆمەڵەی دێرینی #کوردستان# لەسەر خاکی ئێستای کوردستان ئەو جەژنەیان بەڕێوە بردووە. ئاگر سومبولی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزە لای کوردان، نەورۆز تێکەڵ بووە بە کۆمەڵێک ئەفسانەی سەیر و سەمەرە. لە کوردستانی کۆندا، لە یەکەم ڕۆژی وەرزی بەھاردا، واتە ڕۆژی نەورۆز، پاشای وڵات دەرگای خستووەتە سەرپشت بۆ دیدار لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکەیدا و ڕۆژەکانی تەرخان کردووە بۆ چاوپێکەوتنی ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە. ھەر لەو ڕۆژەشدا خەڵات و دیاری پێشکەش بە دەست و پێوەندەکانی کردووە و دیارییشی لێیان وەرگرتووە. نووسەری فارس، کە ناوی فیردەوسییە و دانەری پەرتووکی شانامەیە، بنەچەی جەژنی نەورۆز ئەباتەوە سەر کۆنە ئەفسانەیەکی بێ بنەما، واتە ئەفسانەی کاوە و زوحاک. ئەوەی فیردەوسی باسی ئەکات، ھیچ بنەمایەکی مێژوویی نییە و تەنیا خەیاڵی خۆیەتی. دیارە زوحاک یان (ئاستیاگ) ھەبووە و دوایین و شەشەمین ئیمپراتۆری ئیمپراتۆریای میدییەکان بووە، بەڵام نەک وەکوو ئەو جۆرەی فیردەوسی باسی ئەکات. ئاخر فیردەوسی وەکوو کابرایەکی خوێنخۆری مار لەشانی زاڵم باسی ئەکات، کە ئەبوو ھەموو ڕۆژێ مێشکی دوو گەنجی دەرخوارد بدەن، کە ھەر بۆیە کاوەی ئاسنگەر لێی یاخی ئەبێت و شۆڕشێکی لە دژدا بەرپا ئەکات و تەخت و بەختی لێ وەردەگێڕێ. لەحاڵێکدا ھەر لەو وتارە بەڵگەمەندەی دکتۆر مەولوود ئیبراھیم حەسەندا ھاتووە، کە ئاستیاگ شەشەم دوایین ئیمپراتۆری ئیمپراتۆریای میدییەکان بوو، نەک زاڵم و شێت نەبووە، بەڵکوو پیاوێکی تا بڵێی ڕووخۆش بووە و ئیمپراتۆرێکی نەرم و نیان و حەزی بە شەڕ و کوشتار و داگیرکردنی وڵاتان نەبووە، بەڵام مێژووی پەیوەندیدار بەو کابرا کوردستانییە تەواو پێچەوانە و شێوێنراوە، بە ڕای دکتۆر مەولوود ئیبراھیم حەسەن، سەرکەوتنی ھەخامنشییەکان بەسەر ئیمپراتۆریای میدیادا و کۆتاییھاتنی تەمەنی ئەو دەسەڵاتە کوردستانییە و سەرکەوتنی پارسەکان و دامەزراندنی دەوڵەت لەلایەن ئەوانەوە، بووەتە ھۆی ئەوەی، کە لە کۆنەستی فارسەکان بەگشتی و لە نەستی کەسێکی وەکوو فیردەوسیدا بەتایبەتی، ئەفسانەیەکی لەو جۆرە وێنا بکرێت و ڕوخساری ئەو دوژمنەی پێ ناشیرین بکرێت. ئەڵێن: ڕۆژێک منداڵێک لە باوکی ئەپرسێ: باوکە ڕوخساری شەیتان لەو وێنەیەدا بۆچی ئەوەندە ناشیرین و دزێوە؟ باوکەکەی ئەڵێ: چونکە ئەو وێنە بە دەستی دۆستەکانی شەیتان نەکێشراوە.
ئەوەی ڕاستی، ی بێت مێژووی کوردیش ھەتاوەکو ئێستا خۆی نەینووسیوەتەوە، بۆیە جگە لەلایەنی کەموکووڕی شتێکی ئەوتۆمان لە مێژووی کۆن لەبەردەستدا نییە، کە مۆرکی خۆمانی پێوە بێت. تەنانەت ئەو بۆنە پیرۆز و جێگە شانازییانەش کە ھەمانبوون، بە جۆرێک مۆرکە کوردییەکەیان لێ سڕیونەتەوە و بە ناوی نەتەوە و گەلانی باڵادەستەوە کراون، بۆ ئەوەی ئێمە شتێکمان نەبێت، کە وەکوو پاڵپشت و بەڵگەی مێژوویی پاڵی پێوە بدەین. ئێستا کە بەپێی بەڵگە مێژووییەکانیش دەرکەوتووە، کە جەژنی نەتەوەیی نەورۆز جەژنێکی تەواو کوردییە و لە کوردستانەوە بە وڵاتان و ناوچەکانی دیکەی دەوروبەرماندا بڵاو بووەتەوە، ھێشتا وەکوو پێویست ئەڵێی لە ڕوومان ھەڵنایەت ڕاشکاوانە بڵێین ئەو جەژنە جەژنێکی ڕەسەن کوردییە. ئێستاش لە کۆنەستی (ھزری) ئێمەدا ئەو ڕۆژە ڕۆژی سەرکەوتنی (کاوەی ئاسنگەر) ە بەسەر زوحاکی مار لەشاندا. لەحاڵێکدا ئەوە ھیچ بنەمایەکی مێژوویی نییە و ئەفسانەیەکی سازکراوە. ئەگەر واشی دانێین کاوەیەک بووبێت و تەخت و بەختی زوحاکی میدیی وەرگێڕا بێت، ئەوا کورد چۆن شانازی دەکات بە کەسێکەوە، کە کۆتایی بە دوایین دەسەڵاتی کورد ھێناوە و دواتریش گەڕاوە بە قسەی فیردەوسی بە شاخ و کێواندا و لەوێ (فەرەیدوون) ی دۆزیوەتەوە و کردوویەتی بە شا، فەرەیدوونیش کورد نەبووە. ئەگەر وای دانێین کاوەیەکیش لەگۆڕێدا بووبێت (ھەبووبێت) و کورد بووبێت، ئەوا کاوە خۆفرۆشێکی خەیانەتکار بووە و مێژووش پڕە لەو جۆرە کەسانە، کە بەداخەوە شانسیان گرتوویەتی و دواتر بەپێچەوانەوە ناویان بە چاکە ڕۆیشتووە. نوێ ڕۆژ یان نەورۆز، لە کوردەوارییەکەی خۆیاندا لە کەس شاراوە نییە، کە کورد ھەر لەبنەچەکدا، گەلێکی ئاژەڵدار بووە و بە دەم ئاژەڵدارییشەوە کشتوکاڵیشی کردووە. کەوابوو گەڕیانی وەرزەکانی و گۆڕانە وەرزییەکان، لە ژیانی ئەو گەلەدا گرنگیی تایبەت بەخۆی ھەبووە، کە بەتایبەتی کوردستان نیشتمانێکی کوێستانییە و وەرزی زستان لە کۆندا تەمەنێکی درێژتر لە ئێستای ھەبووە و ئێستەش پیاوە بەتەمەنەکانی کورد باشیان لەبیرە، کە جاری جاران (ساڵی ساڵان) بەفرێکی قوورس ئەباری و جار ھەبووە ھەتا دوو مانگ لە بەھاریش تێپەڕیوە و بەفر ھەر نەتواوەتەوە و زەوی و ڕێ و بانی بەرنەداوە، لەو حاڵەتەدا کوردی ئاژەڵدار ئەکەوێتە تەنگژەی بێ تفاقی و بێ ئازووقەیی (ئاوردوویی) ، بەپێی ھەموو ئەو ھۆکارانە، کە ھەم سرووشتی و ھەمیش ھەرێمییە، کورد تەواوبوونی وەرزی تووش و سەرمای (سەرما و سۆڵەی) زستانی کردبێتە جەژن. مامۆستا ھێمن موکریانی جەژنی نەورۆز ئەباتەوە سەردەمی ئاژەڵداریی کورد و بەتایبەتی پێی وایە ئەو ڕۆژە ڕۆژی مەڕ زایینە، کە لەو سۆنگەیەوە، کە مەڕداری کورد ڕانە مەڕەکەی لەو ڕۆژەدا ئەزێ، بۆیە ڕۆژەکەی کردووەتە جەژن.
لە مێژووی جەژنە کوردییەکاندا جەژنێکیش ھەیە بە ناوی جەژنی مێھرەگان، کە ئەو جەژنە یەکەم ڕۆژی پاییز بووە و مەڕدار لەو ڕۆژەدا بەرانیان لە مێگەل بەرداوە، واتە ئەو ڕۆژە ڕۆژی بەرانگرتنی مەڕ بووە، هەر بۆیە ئەو ڕۆژەش کراوە بە جەژن و بە مێھرەگان ناوی دەرکردووە. مامۆستا ھێمن لەسەر ئەو باوەڕەدایە، کە ھەر ئەو ناوی جەژنی مێھرەگانە دواتر بووەتە مێھرەجان و بەتایبەتی عەرەبەکان بە زۆربەی جەژن و کۆڕەکانی خۆیان دەڵێن مێھرەجان. بەگشتی مەودای نێوان جەژنی مێھرەجان و جەژنی نەورۆز پێنج مانگە، کە مەڕ بە پێنج مانگ ئەزێ و پێشینیان ئەڵێن بەرخ دوای سەد ڕۆژ ڕووحی وەبەر دێ و مەترسیی بەرئاویتن کەم ئەبێتەوە. جەژنی سەدە، کە ئێستاش لە زۆر شوێنی کوردستان ئەیکەن و پێی ئەڵێن (بێڵن دانا) ، پەیوەندیی لەگەڵ ئەم باسەدا ھەیە، کە دوو مانگ پایز و سێ مانگ زستان ئەکاتە پێنج مانگ و لە شەوی یەکەمی بەھاردا زەوی مەڕ دێ و جەژنی ھەرە گەورەی مەڕدارە. بۆچوونەکەی مامۆستا ھێمن زۆر لەڕاستییەوە نزیکترە لەو بەناو مێژوونووسانەی، کە بە ویستی دەسەڵات مێژوویان بە ئارەزووی خۆیان و ئەربابەکانیان نووسیوەتەوە. دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی میدییەکان، ئەوانەی دێن و سەربردە و مێژوو ئەنووسنەوە، ئەبێت بەو شێوەیە بینووسنەوە، کە دەسەڵات ئەفەرموێت، کەوابوو ئەگەر ڕوخسارێکی سامناک لەدوایین پاشای میدییەکان، واتە ئاستیاگ پیشان بدەن، شتێکی سەیر نییە و ئەگەر زۆرزۆر دووریش نەگەڕێینەوە و وردبینانە لە مێژووی ھاوچەرخی خۆمان بڕوانین و لێی ورد بینەوە، ئەبینین ئێستاش دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان، چۆن لە ھەموو ڕێگەیەکەوە ھەوڵ دەدەن ڕوخساری ڕاستەقینەی ئازادیخوازان بخەنە بن پەردەی سەدان ناو و ناتۆرەی دزێوەوە، دوور نەڕۆین ئەگەر بۆ مانای وشەی پێشمەرگە بگەڕێینەوە نێو قامووسی بەعسییەکان، پێتان وایە چ پێناسەیەک لە پێشمەرگە کرابێت؟ ئەوە لە سەردەمێکدایە، کە ئێمەش ئەگەر ھاوسەنگی ئەوانیش دەستمان بە قەڵەم و دامودەزگای ڕاگەیاندن نەگەیشتبێ بۆ وەڵامدانەوەیان، لانی کەم دەرفەتی ئەوەمان ھەبووە، لە ھەندێ کەناڵەوە هەقبوون و ڕەوابوونی داواکانمان بۆ خەڵک ڕوون بکەینەوە. جا وەرن سەیری سەردەمێکی کۆنی کۆن بکەن، کە کوردی لێقەوماو خاوەنی ھیچ خوێندەوارییەک نەبووە و دەسەڵاتدارەکانی زاڵ بەسەر نیشتیانەکەیدا چۆن دڵیان ویستوویەتی مێژوویان بۆی نووسیوەتەوە. هەر بۆیە ئەفسانەی کاوە و زوحاک تەنیا فێڵێکە لە مێژووی ئێمە کراوە، لانی کەم ئەگەر تەنیا بە مەبەستی ئەوەش بووبێت، کە ھیچ کات لە ڕوومان ھەڵ نەیەت، بەشانازییەوە باسی ئیمپراتۆریای میدییەکان بکەین. هەر سەبارەت بە جەژنی نەتەوەیی نەورۆز، لای مامۆستا سۆران حەمەڕەش لە پەڕتووکی (مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد) ئەڵێت: جەژنی نەورۆز، کە جەژنی سەرەتایی ساڵی کوردییە، کە جەژنی زاگموگی سۆمەر (کوردی دەشت) ییە. هەروەها ئەو پێی وایە. هەر دوو کەسایەتیی کاوەی ئاسنگەر و زوخاک، دوو کەسایەتیی ئەفسانەیی کوری دێرینن. کەسایەتیی کاوەی ئاسنگەر لە کەسایەتیی خواوەند (نینوورتا- نەمروود) ە، کە خواوەندی ئاودێری و کشتوکاڵ بووە، دواتر بووە بە خواوەندێکی بەهێزی شەڕکەر، کە خواوەند نینوورتا شەڕی لەگەڵ خواوەند ئەژدیها/ دێو (ئاساگ- ئازاگ) نەتەوەی وتی ئەکرد. خواوەند نینوورتا نوێنەرایەتیی کۆمەڵگەی کشتوکاڵیی دەشتی کردووە و خواوەند ئاساگ نوێنەرایەتیی کۆمەڵگەی ئاژەڵداری و ئەسپداریی چیای کردووە، کە خواوەند نینوورتا خواوەندی جەنگ و کشتوکاڵی کوردی دەشت (سۆمەری) بووە و شەڕی لەگەڵ خواوەند ئاساگ ئەژدیهای کوردی چیا (وتی) بووە، کە شەڕەکە ئەباتەوە و خواوەند ئاساگ سەرئەبڕێت و بناغەی کۆمەڵگەی کشتوکاڵی دائەنێت، کە ئەم داستانە پڕ مانایە و باڵی کێشاوە بەسەر کولتووری مێسۆپۆتامیادا. خواوەند ئاساگ لە ئەنجامی جووتبوونی نێوان خواوەند ئان و کی لەدایک بووە، دواتر خواوەند ئاساگ و کور جووت ئەبێت، بەوەش منداڵەکانی پەیدا ئەبن، کە خۆی لە نەتەوەیی وتییەکان ئەبینێتەوە، هەروەها وتییەکان خۆیان بە منداڵی خواوەند ئاساگ زانیوە و لە ڕوانگەی دەقەکانی مێسۆپۆتامیای کوردی دەشت (سۆمەری) ، وتییەکان (کوردی چیا) بە شێوەی هەژدیهای چیا، یان هەژدیهای کەڵبەداری چیا بووە. لە سەردەمی نوێدا، نەتەوەی کوری ئێستا، کە میراتگری نەتەوە دێرینەکانی سەر خاکی کوردستانە، وەکو: (سۆمەری، لۆلۆیی، وتی، ئیلامی، کاشیی، هالدی- ئۆراتو، هۆری- میتانی، سۆبارتو، لۆڤی، هیتی- حیسی) ن، هەروەها لە سەردەمی نوێدا کە کور ئاهەنگی سەری ساڵی کوردی (نەورۆز) ئەکات، کە هەمان سەری ساڵی سۆمەرییە، کە بە جەژنی زاگموگ ناسراوە، هەروەها لە ئاهەنگی سەری ساڵی کوردیدا (جەژنی نەورۆز) دوو کەسایەتیی ئەفسایی کاوەی ئاسنگەر و زوخاک (ئەژدەهاگ- هەزدیها) ی زۆردار باڵی بەسەردا کێشاوە، کە لە چیرۆکەکەدا هاتووە، دوای چەوسانەوەیەکی زۆری خەڵکەکە بەهۆی زۆرداری و ستەمکاریی ئەژدەهاگەوە، کاوەی ئاسنگەر ملی هەژدیها (ئەژدەگاک) ئەبڕێت و بەو جۆرە فەرهەنگی کوردی دەشت و کوردی چیا بەزیندوویی مایەوە و لەناو ئەفسانەی کاوە و ئەژدەهاکدا خۆی ئاوێتە کردووە. پێشتر سەرنج درا، کە کۆمەڵگەی کوردی گەشەی سەندووە و لەباری گۆڕانی بەردەوام و هەمیشەییدا بووە، کە ئەنجامەکەی ئەوە بووە، کە گۆڕانکاری بووە لەبارەی ئەفسانەی ڕەچەکی خۆیدا بەوجۆرە خواوەند نینوورتا گۆڕا بە کاوەی ئاسنگەر لە فەرهەنگی کوردی دەشت (سۆمەری) و خواوەند ئاساگ لە فەرهەنگی کوردی چیا (وتی) گۆڕا بە ئەژدەهاک (زوخاک) ، کە لەلایەن کاوەی ئاسنگەر کە نینوورتای نوێیە، زوخاک کە ئەژدیها- ئەژدەهاکی نوێیە سەر ئەبڕێت و بەو جۆرە لە فەرهەنگی کوردیی نوێدا، ئەوە ئەخاتە ڕوو، کە فەرهەنگی کوردی دەشت زاڵ بووە بەسەر فەرهەنگی کوردی چیا، کە لەگەڵیدا لە کێشە و ململانێدا بووە و سەرکەوتنی نینوورتا/ کاوە گوزارش لە سەرکەوتنی فەرهەنگی کوردیی دەشت ئەکات و شکستی ئازاگ (ئاساگ) گوزارش لە شکستی فەرهەنگی کوردیی چیا ئەکات. ئێستاش کەسایەتیی خواوەند نینوورتا و خواوەند ئاساگ بوون بە دوو کەسایەیتیی کاوەی ئەسنگەر و زوخاک. هەروەها لە ئاهەنگی جەژنی نەورۆزدا کەسایەتییەکی دیکە هەبووە، ئەویش کەسایەتیی میرنەورۆزی بووە، کە پادشایەکی ناڕاستی بووە و شای ڕاستی لەو ڕۆژەدا دەسەڵاتی پێ بەخشیوە، بەڵام هەندێ دەسەڵاتی پێ نەبەخیشوە. هەروەها جەژنی نەتەوەیی نەورۆز، کە جەژنی سەری ساڵی کوردییە، پەیوەستە بە چەندان ڕووی مێژوویی وەکوو: لەنگەرگرتنی کەشتییەکەی پەیامبەر زیوسوودرا (نووح) لەسەر چیای نیموش- نەسیر (جوودی) لە باکووری کوردستاندا، کە هاوکات بووە لەگەڵ ڕێکەوتی (21ی ئادار) و کاتێک کە پەیامبەر سەفا (ئیبراهیم) لەگەڵ خەڵکی شارەکەی بۆ دەشتودەر بۆ مەبەستی سەیرانکردن و ئاهەنگ دەرچوون، ئەوە بوو بە تەورێک و چووە بۆ بتخانەی شار و تەواوی بتەکانی لەناو بردووە و تەنیا بتی گەورەی هێشتووە و دواتر بەو هۆیەوە لەلایەن شا نەمروود خرایە ناو ئاگر، بەڵام لێی ڕزگار بووە. سەبارەت بە ئیمپراتۆریای میدیا (ماد) ، ئەوەبوو لە ڕێکەوتی (21ی ئاداری 853پ.ز) دا بووە، کە لەلایەن ئیمپراتۆر کەیقوباد (853- 759پ.ز) یەکەم دامەزرێنەری ئیمپراتۆریای میدیا (ماد) دامەزراوە و ساڵنامەی کوردی لە ساڵی (700پ.ز) لە سەردەمی ئەو ئیمپراتۆریایە، واتا لە سەردەمی دەسەڵاتداریەتیی ئیمپراتۆر کەیتۆس (دیاکۆ) (715- 655پ.ز) سێیەم ئیمپراتۆری ئیمپراتۆریای میدیا (ماد) داهێنرا، کە دەستپێکی ئەو ساڵنامەیە لە ڕێکەوتی (21ی 3ی 700پ.ز) دانراوه، کە بەرانبەرە بە ڕێکەوتی (1ی 1/ خاکە لێوە) کوردییە، کە بە هەڵە زۆرینەی مێژوونووسان ئەو ساڵەیان بە دامەزراندنی ساڵی ئیمپراتۆریای میدیا (ماد) داناوە، بەڵام لەڕاستیدا وانییە، بەڵام کارەکانی و چاکسازییەکانی ئیمپراتۆر کەیتۆس (دیاکۆ) (715- 655پ.ز) سێیەم ئیمپراتۆری ئیمپراتۆریای میدیا (ماد) لەو ساڵەدا گەیشتە لوتکە و کۆتایی هاتن و ڕووخانی ئیمپراتۆریای میدیا (ماد) لە ڕێکەوتی (21ی 3ی 550پ.ز) دا بووە، کە دوایی ئیمپراتۆری ئیمپراتۆریای میدیا (ماد) ئیمپراتۆر کەی ئەژدەهاک (585- 550پ.ز) دوایین و شەشەم ئیمپراتۆری ئیمپراتۆریای میدیا (ماد) بووە، کە لەلایەن هێزەکانی سوپای میرنشینی هەخامەنشیی (پارس) ەکان بە سەرکردایەتیی میر کۆرشی دووەم (559- 550پ.ز) بووە لە ساڵی (550پ.ز) ، لەگەڵ سوپاسالار ژەنەڕاڵ هارگۆس، سەرلەشکری هێزەکانی سوپای ئیمپراتۆریای میدیا (ماد) ەکان کۆتایی ئەهێنێت بە دەسەڵاتی ئیمپراتۆر کەی ئەژدەهاک (ئەستیاگز) (585- 550پ.ز) ئیمپراتۆری ئیمپراتۆریای میدیا (ماد) ەکان، کە بەمەش ئیمپراتۆریای میدیا (ماد) ەکان کۆتایی پێ هات و لە جێگەیدا ئیمپراتۆریای هەخامەنشییەکانی دامەزراند، بە سەرکردایەتیی ئیمپراتۆر کۆرشی مەزن (کۆرشی دووەم) (550- 530پ.ز) ئیمپراتۆریای هەخامەنشییەکانی پارس لە ساڵی (550پ.ز) دا.
$ڕەنگدانەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز لە شیعری شاعیرانی کورددا:$
شاعیرانی کورد هەر لە کۆنەوە، جەژنی نەتەوەیی نەورۆز لە شیعرەکانیاندا ڕەنگی داوەتەوە و چەندان شیعریان بۆ نووسیوە، وەکو: (ئەحمەدی خانی، نالی، مەولەویی، حاجی قادری کۆیی، وەفایی، حەمدی ساحێبقران، حەریق، قانع، مافیقی، گۆران، دڵدار، ئاوات، هەژار موکریانی، شپرزە، ڕەحیم لوقمانی، عەبدوڵڵا پەشێو، هەژار موکریانی، زاری، ئاسۆ، ئەمین گەردیگلانی، مەلا عومەری ساڵحی ساحێب، مەلا غەفوور کەسنەزانی، ژیلا حسێنی، مەلا ئاوارە، پیرەمێرد، ع ع شەونم، و چەندان شاعیری دیکە) ، بەڵام شیعری نەورۆزی پیرەمێرد، کە لە مانگی ئازاری ساڵی (1948ز) دا نووسیویەتی و گۆرانیبێژی ناوداری کورد حەسەن زەیرک کردوویەتی بە گۆرانی، بەرگێکی نوێی بە بەر جەژنی نەورۆز لە سەدەی بیستەم بەدواوەدا کرد:
$شیعری نەورۆزی پیرەمێرد$
ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆز ھاتەوە
جەژنێکی کۆنی کوردە بەخۆشی و بە ھاتەوە
چەند ساڵ گوڵی ھیوای ئێمە پێپەست بوو تاکوو پار
ھەر خوێنی لاوەکان بوو گوڵی ئاڵی نەوبەھار
ئەو ڕەنگە سوورە بوو کە لە ئاسۆی بڵندی کورد
مژدەی بەیانی بۆ گەلی دوور و نزیک ئەبرد
نەورۆز بوو ئاگرێکی وەھای خستە جەرگەوە
لاوان بە عەشق ئەچوون بە بەرەو پیری مەرگەوە
ئەوا ڕۆژھەڵات، لە بەندەنی بەرزی وڵاتەوە
خوێنی شەھیدە ڕەنگی شەفەق شەوق ئەداتەوە
تا ئێستە ڕووی نەداوە لە تاریخی میللەتا
قەڵغانی گوللە سنگی کچان بێ لە ھەڵمەتا
پێی ناوێ بۆ شەھیدی وەتەن شیوەن و گرین
نامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا ئەژین
هەروەها، شیعری (جەژنی نەورۆز) ی مامۆستا و شاعیری گەورەی کورد مامۆستا ع ع شەونم (1925-2020ز) ، ئەوەیش لەلایەن هەردوو هونەرمەندی ناوداری کورد مامۆستا #ڕەفیق چالاک# و مامۆستا #ئیبراهیم خەیات# کراوەتە گۆرانی:
$شیعری جەژنی نەورۆزی ع ع شەونم$
جەژنە جەژنی کوردستانە جەژنی نەورۆزە
بە تیشکی ئاگر ئەنووسم جەژنە پیرۆزە
چاوگی ئاگر هێزی گیانمە
باوەڕی بەرزی کوردستانمە
سەیری کەن سەیری کەن سەیری کەن
شاخ و دەشت و شار و گوندم تاوی سەندووە
گۆڕی مەرگی دوژمنانم لێ هەڵکەندووە
پڕ بە دەنگ بانگ ئەکەم سەربەستیم ئەوێ
کوردستانە جێی شێرانە ئەبێ سەرکەوێ
مایەی شانازیمە بسووتێم و نەمێنم
بە ڕووناکی لەشم پەردەی شەو ئەدڕێنم
ڕۆژی ئازادییە نەک زەبوونییە
ئەی منیش وەک گەلان مافم بۆ نییە؟
بۆچی تاوانە گەر دیلی کەس نەبم
یان پلیشاوەیی ژێر هەرەس نەبم
شەرتە ئەگەر وایە بسووتێم و نەمێنم
تاکوو بە خوێن مافی کوردستانم ئەسێنم
جەرگ ئەسووتێ بۆن کڕووزی گەیشتە ئاسمان
تا لە ئێوە ئاشکرا بێ ئەی هەموو جیهان
مێژوومان چەند زوحاک و ماری خستە چاڵ
چەند کەسی کرد بە گوڵ بۆ بەهاری ساڵ
کۆرپەکان دایکەکان بێ دەرەتانان
مۆمی هەڵگیرساون بۆ ئازادیی کوردستان.
$سەرچاوەکان$
1- قادر ئەحمەدی: کورد و مێژوو- سلێمانی2005ز.
2- ڕەحیم سابیر: مێژووی ماد- سلێمانی2005ز.
3- ئی.م.دیاکۆنۆف: میدیا-وە: بورهان قانع- سلێمانی2005ز.
4- محەمەد مەردۆخی کوردستانی: مێژووی کورد و کوردستان-وه: عەبدولکەریم محەمەد سەعید- هەولێر2007ز.
5- یاسین سابر ساڵح: ئینسایکلۆپیدیای گشتی- سلێمانی2005ز.
6- عەلی ئەکبەر سەرفراز و بەهمەن فەیروزمەندی: دێرینەناسی و هونەر لە سەردەمە مێژووییەکانی دەوڵەتی ماد و هەخامەنشی/ بەرگی یەکەم-وە: وریا قانیع- هەولێر2009ز.
7- حەبیبوڵڵای تابانی: هاونەتەوەیی کورد و ماد-وە: جەلیل گادانی- هەولێر2010ز.
8- د. فەرهاد پیرباڵ: کرۆنۆلۆجیای کوردستان 625پ.ز-1932ز- هەولێر 2011ز.
9- د . ئەحمەد تاج بەخش: مێژوویەکی کوورتی شارستانییەت و فەرهەنگی ئێران لە پێش ئیسلامدا-وە: وریا قانع- سلێمانی2011ز.
10- ئەبدولعەزیم ڕەزایی: مێژووی نەورۆز و کرۆنۆلۆژیای ئێران-وە: شەریف فەلاح-هەولێر 2013ز.
11- ڕۆمەن گیرشمەن: مێژووی ئێران لەسەرەتاوە هەتا هاتنی ئیسلام-وە- سەڵاحەددین ئاشتی- سلێمانی 2013ز.
12- سۆران حەمەڕەش: کورد کێیە؟ لەندەن 2013ز.
13- عومەر ئیسماعیل مارف: دەوڵەتی ماد- سلێمانی 2014ز.
14- ئیقرار عەلی یێف: پادشایەتیی ماد-وە: سەلام ئیسماعیل پوور- سلێمانی 2016ز.
15- د. کەیوان ئازاد ئەنوەر: کورد و مێژووی جەژنی نەورۆز- سلێمانی 2016ز.
16- سۆران حەمەڕەش: مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد/ سەرلەنوێ دۆزینەوەی سەرەتای شارستانییەتی ڕۆژاوا و بنچینەی هیندۆئەوروپییەکان (لە 10000پ.ز وە بۆ 1300ز) -سلێمانی 2022ز.
17- ئینتەرنێت- ویکیپیدیای ئازاد.[1]